رووداو دیجیتاڵ
دابەزینی ئاستی ئاوی رووباری (تایبەر) لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەهۆی وشکەساڵییەوە، بووە هۆی دەرکەوتنەوەی پاشماوەی پردێکی مێژوویی سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی رۆم. پردەکە کە بە (پردی نیڕۆ) ناسراوە، مێژووەکەی بۆ نزیکەی دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 13ـی ئابی 2026، ئانتۆنێلا بۆنینی، شوێنەوارناس لە دەستەی پاراستنی کولتووریی رۆما رایگەیاند، پردەکە کاتی خۆی ناوەندی رۆمای بە بەری راستی رووباری تایبەرەوە دەبەستەوە.
بۆنینی روونیکردەوە، بەپێی توێژینەوە مێژوویییەکان، بەردی بناخەی پردەکە بۆ نزیکەی ساڵی 39ی دوای زایین و سەردەمی ئیمپراتۆر کالیگۆلا دەگەڕێتەوە.
پردەکە بە نیرۆ ناسراوە، چونکە لە سەردەمی ئیمپراتۆر نیرۆدا بەکارهاتووە و پەیوەندی راستەوخۆی بە شوێنەکانی ئەو ئیمپراتۆرەوە هەبووە، چونکە باخچە و موڵکەکانی نیرۆ لە نزیک رووبارەکە بووە.
قەیرانی ئاو و داڕمانی گوڕی ئاوی تایبەر
لە لایەکی دیکەوە، جۆڤانی جیگانتی، رێکخەری ناوەندی پاراستنی مەدەنیی رۆما بۆ بەڕێوەبردنی ئاو رایگەیاند، گوڕی ئاوی رووباری تایبەر بۆ کەمتر لە 80 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا دابەزیوە، کە دەکاتە نیوەی تێکڕای مانگی تەممووز کە نزیکەی 150 مەتر سێجا بووە.
جیگانتی جەختی کردەوە: "ئێمە لە بەرامبەر قەیرانێکی گەورەی ئاوداین. سەرەڕای ئەوەی لە زستانی رابردوودا بارانبارینی باش باری، بەڵام ماوەی وشکەساڵیی دوای زستان زۆر درێژ بووەتەوە و راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر دابەزینی ئاوی رووبارەکە دروستکردووە."
شەپۆلی گەرمای تووند لە مانگی ئایارەوە سەرانسەری ئەورووپا و ئیتاڵیای گرتووەتەوە و بووەتە هۆی دروستبوونی وشکەساڵیی سەخت و دابەزینی ئاوی رووبارە سەرەکییەکان.
ئەمە یەکەم جار نییە پردەکە دەرکەوێت، لە ساڵی 2022یشدا بەهۆی وشکەساڵی دەرکەوت؛ بەڵام ئەمجارە ئاو زیاتر دابەزیوە و ئاستەکەی گەیشتووەتە نزیکەی 4 مەتر و 88 سانتیمەتر.
دەرکەوتنەوەی (پردی نیڕۆ) لە کاتێکدایە ئاستی ئاوی رووباری تایبەر گەیشتووەتە نزمترین ئاست و شارەوانییەکانی ئیتاڵیا رێنماییان بۆ قەدەخەکردنی بەکارهێنانی ئاوی خواردنەوە دەرکردووە، تاوەکو رێگە لە کوێربوونەوەی تەواوەتیی سەرچاوەکانی ئاو بگرن لەم هاوینەدا.


