رووداو دیجیتاڵ
تەوەکول کارمان، چالاکوڤانی یەمەنی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، رێگەی پێنەدرا لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان قسە بکات کە تایبەت بوو بە بارودۆخی وڵاتەکەی.
رۆژی پێنجشەممە، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشدا کە دانیمارک سەرۆکایەتیی دەکرد و تایبەت بوو بە قەیرانی مرۆیی یەمەن، بڕیاربوو خاتوو تەوەکول کارمان گوتارێک پێشکەش بکات، بەڵام بەهۆی دژایەتیی چەند وڵاتێکەوە رێگەی پێنەدرا.
لەبارەی دۆخی یەمەنەوە، تۆم فلێچەر، رێکخەری ئاژانسی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیÊ "زیاتر لە 10 ساڵە ئەم ململانێیە بەردەوامە و ملیۆنان یەمەنی رۆژانە ناچارن لەبەردەم بژاردەی ئەستەمدا بن: خواردن یان دەرمان، خوێندن یان کار، مانەوە یان ئاوارەبوون."
دوای کۆبوونەوەکە، خاتوو کارمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ باڵیۆزی دانیمارک دەرکەوت. لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بەوەی کام وڵات رێگر بوون لە قسەکردنی، گوتی: "لە راستیدا، نازانم. ناوی ئەو وڵاتانە نازانم کە رێگەیان پێنەدام لە ناو ئەنجوومەنی ئاسایشدا قسە بکەم، و ناشمەوێت بزانم. ئەوانە کێن؟ ئەوانەن لە دەنگی من دەترسن و ئەوانەن کە تاوانیان لە یەمەن ئەنجام داوە."
براوەکەی خەڵاتی نۆبڵ، حوسییەکانی بە "بەرپرسیاری سەرەکی" لە رووخانی دەوڵەت و تێکدانی پرۆسەی سیاسی لە یەمەن دانا، بەتایبەت دوای دەستبەسەرداگرتنی سەنعای پایتەخت لە ساڵی 2014. هاوکات رەخنەی لە هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتیی سعودییە و ئیمارات گرت کە "حکومەتی شەرعییان لاواز کردووە و دووبەرەکییان قووڵتر کردووەتەوە."
سەبارەت بە ئاسایشی دەریای سوور و گرژییەکانی گەرووی بابولمەندەب، کارمان پێشوازیی لە هەر هەنگاوێک کرد کە ببێتە هۆی پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی. لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداودا دەربارەی بەشداریی تورکیا لە هاوپەیمانییەکی لەو جۆرەدا، گوتی, "پێشوازی لە هاوپەیمانیی نێوان تورکیا، سعودییە و پاکستان دەکەین و دەمانەوێت بۆ وڵاتانی دیکەش بەرفراوان بێت، چونکە ئەوەی لە دەریای سوور روودەدات، پێویستی بەوەیە هەموو گەلانی عەرەب و موسڵمان و وڵاتانی ناوچەکە پێکەوە هاوپەیمانیی لەو شێوەیە دروست بکەن."
تاوەکو ئێستا ناوی ئەو وڵاتانە بە فەرمی ئاشکرا نەکراوە کە دژی قسەکردنی تەوەکول کارمان بوون لە ئەنجوومەنی ئاسایش.

