رووداو دیجیتاڵ
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ پەنەما رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پلانی هەیە هێرشی سەربازیی زەوینی دژی قاچاخچییانی ماددەی هۆشبەر لە ئەمریکای لاتین بکات، ئەمەش وەک فراوانکردنی ئەو هەڵمەتە ئاسمانییەی کە ئێستا دژی بەلەمەکانی قاچاخ لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بەڕێوە دەچێت.
رۆژی هەینی، 14ی ئابی 2026، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە ناو دارستانەکانی پەنەما و لە ناو کۆمەڵێک سەربازدا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "لە هەر شوێنێک بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە بکەن یان هەڕەشە لە گەلی ئەمریکا و هاوبەشەکانمان بکەن، ئەوا دەبنە ئامانج، رێک وەک داعش و قاعیدە."
هێگسەس ئاشکرای کرد کە بە سەرکردایەتی ترەمپ پلانی ئۆپەراسیۆنی زەوینی لە کارنامەی هاوپەیمانییەکی 19 وڵاتی دایە؛ گوتیشی ئەمریکا دەیەوێت هێزەکانی خۆی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی جێگیر بکات بە هەمان ئەو توانایەی لە هێرشە دەریاییەکاندا بینراوە.
وەزیری جەنگ گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئیکوادۆر، کۆڵۆمبیا و هاوبەشەکانی دیکەمان کار دەکەین بۆ ئەوەی شەڕەکە ببەینە سەر وشکانی و رووبەڕووی رێکخراوەکانی قاچاخی ماددەی هۆشبەر ببینەوە."
ئەم هاوپەیمانییە کە بە هاوپەیمانیی ئەمریکییەکان دژی کارتێل ناسراوە، وڵاتانی خاوەن حکومەتی راستڕەوی وەک ئەرجەنتین، بۆلیڤیا، چیلی، کۆڵۆمبیا، ئیکوادۆر، هۆندووراس و پیرۆ کۆدەکاتەوە.
بەهۆی هەبوونی حکومەتێکی چەپڕەو مەکسیک سەرەڕای ئەوەی مەڵبەندی بەهێزترین باندەکانی ماددەی هۆشبەرە، لە ناو ئەم هاوپەیمانییەدا نییە. پیت هێگسەس دایە باندەکان و گوتی: "ئێمە بە هەموو توانایەکی حکومەتی ئەمریکاوە ئەم تۆڕانە لەناو دەبەین."
لە ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستی بە بۆردوومانکردنی ئەو بەلەمانە دەستپێکردووە کە گومانی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەریان لێ دەکرێت لە دەریای کارایبی و رۆژهەڵاتی ئۆقیانووسی هێمن، کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 215 کەس. هەرچەندە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رەخنەی تووند دەگرن و ئەم هێرشانە وەک "کوشتنی نایاسایی" وەسف دەکەن، بەڵام هێگسەس بەرگری لەو هەنگاوانە کرد.



