رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی یونسکۆ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لەوەتەی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2024، نزیکەی دوو ملیۆن و چوارسەت هەزار کچ لە ئەفغانستان لە مافی خوێندنی قۆناخی ئامادەیی بێبەشکراون. رێکخراوەکە داوای کۆتاییهێنان بەو "جیاکارییە" دەکات و هۆشداری لە پاشەکشەی گەورەی کەرتی پەروەردە دەدات.
حکومەتی تاڵیبان، تەنیا لەلایەن رووسیاوە دانی پێدانراوە، زنجیرەیەک سنوورداریی توندی بەسەر ژناندا سەپاندووە نەتەوە یەکگرتووەکان بە "ئەپارتایدی رەگەزی" وەسفی دەکات. بەپێی یاساکانی ئێستای تاڵیبان، کچان تەنیا بۆیان هەیە قۆناخی سەرەتایی بخوێنن.
رۆژی سێشەممە، 11ی ئابی 2026، یونسکۆ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەم قەدەخەیە دەستکەوتەکانی دوو دەیەی رابردووی لەناو بردووە؛ لەکاتێکدا لە ساڵی 2001دا خوێندنی کچان زۆر سنووردار بوو، بەڵام تاوەکو ساڵی 2021 نزیکەی یەک ملیۆن کچ لە قۆناخی ئامادەیی دەستیان بە خوێندن کردبوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ژمارەی ئەو کچانەی لە خوێندنی ئامادەیی بێبەشکراون بەراورد بە پار 200 هەزار کەس زیادی کردووە. رێکخراوەکە هۆشداری دەدات ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، تاوەکو ساڵی 2030 ژمارەی ئەو کچانەی لە خوێندن بێبەش دەبن دەگاتە نزیکەی چوار ملیۆن کەس.
هودا جابریان، هاوئاهەنگیکاری بەرنامەی یونسکۆ بۆ پەروەردە لە کاتی باری نائاساییدا رایگەیاند: "کچان و ژنانی ئەفغانستان مافی فێربوونیان هەیە، ئەمە مافێکی بنەڕەتیی مرۆڤە. ئەوان مافی کارکردن و ئازادیی هاتوچۆیان هەیە."
ئەم بڕیارە نەک تەنیا زیانی کۆمەڵایەتی، بەڵکو زیانی ئابووریی گەورەشی هەیە. یونسکۆ مەزەندە دەکات کە قەدەخەکردنی خوێندنی کچان و ژنان تاوەکو ساڵی 2066 بڕی 9.6 ملیار دۆلار لەسەر ئابووریی ئەفغانستان دەکەوێت.
کەرتی پەروەردە بە گشتی لە ئەفغانستان لە قەیراندایە؛ زیاتر لە نیوەی منداڵانی تەمەن سەرەتایی لە دەرەوەی قوتابخانەن و 90٪ـی منداڵانی تەمەن 10 ساڵ ناتوانن دەقێکی سادە بخوێننەوە. نەبوونی ئاوی خواردنەوە، ساردکەرەوە و گەرمی لە قوتابخانەکاندا، لەگەڵ روودانی بوومەلەرزە یەک لە دوای یەکەکان، بارودۆخەکەیان زۆر قورستر کردووە.



