رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە هەنگاوەکانی حکومەتی تورکیا دەکات تایبەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و رایدەگەیێنێت، چاودێریی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دانوستاندنی ئاشتی دەکەن. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگ پێشنیازی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری پەسند کرد.
رووداو پرسیاری لە فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد، ئایا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی هیچ راگەیێندراوێکی هەیە سەبارەت بەو یاسایەی لە تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پەسند کراوە؟
لە وەڵامدا، فەرحان حەق رایگەیاند: "ئێمە هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنی کارەکان، تاوتوێی دەکەین، بەڵام بێگومان هانی سەرجەم هەنگاوەکانی حکومەتی تورکیا دەدەین بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی لەگەڵ گرووپە کوردییەکان، لەوانەش پەکەکە."
ئەم پێشوازییەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 10ی ئابی 2026، پێشنیازی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، کە لە 12 خاڵ پێکهاتووە، لە پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا. راستەوخۆ دوای دەنگدانەکە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند کە ئەو پێشنیازە بووەتە یاسایەکی فەرمی.
لە کۆی 592 پەرلەمانتار، 563 پەرلەمانتار بەشدارییان لە دەنگدانی پرۆژەیاساکەدا کرد. لەو پەرلەمانتارانەش 467 پەرلەمانتار دەنگی بەڵێ، 87 پەرلەمانتار دەنگی نەخێریان دا، لە کاتێکدا حەوت پەرلەمانتاری دیکەش بێلایەن بوون.
هاوکات لەگەڵ چوونە واری جێبەجێکردنی یاساکەوە، میدیاکانی تورکیا هەنگاوەکانی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان بە شێوەی 10 خاڵ بڵاوکردەوە، کە بە بەشێکی گرنگی جێبەجێکردنی ئەم یاسا نوێیەی پەرلەمانی تورکیا دادەنرێ.
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامەکەی فەرحان حەق:
رووداو: ئایا سکرتێری گشتی هیچ راگەیێندراوێکی هەیە سەبارەت بەو یاسایەی لە تورکیا لەبارەی پرۆسەی دانوستاندن و ئاشتیی کورد پەسند کرا، هەروەها سەبارەت بەوەی چۆن کارەکان بۆ پێشەوە بچن؟
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: ئێمە هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنی کارەکاندا، تاوتوێی دەکەین، بەڵام بێگومان هانی سەرجەم هەنگاوەکانی حکومەتی تورکیا دەدەین بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی لەگەڵ گرووپە کوردییەکان، لەوانەش پەکەکە.


