رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، بەلەمێک بە 230 کۆچبەرەوە گەیشتە کەناراوەکانی بەریتانیا. ئەمە بەرزترین ژمارەی کۆچبەرە تاوەکو ئێستا تەنیا بە یەک بەلەم تۆمارکرابێت.
ئەم رووداوە ژمارە پێوانەییەکەی پێشووی شکاند کە لە مانگی تەممووزدا تۆمارکرابوو، کاتێک 165 کەس بە یەک بەلەم پەڕینەوە.
وێنەکان نیشانی دەدەن کە بەلەمەکە هێندە قەرەباڵخ بووە، زۆرێک لە کۆچبەرەکان ناچار بوون قاچیان بۆ ناو ئاوەکە شۆڕ بکەنەوە.
گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، ئەم رووداوە نوێیە بەڵگەیە لەسەر "تاکتیکە بێباکانە و مەترسیدارەکانی باندە تاوانکارییەکان" کە بەردەوامن لەوە ژیانی خەڵک بخەنە مەترسییەوە، ئەوەش لە رێگەی گواستنەوەی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە کۆچبەر بە بەلەمی بچووک.
تیمە فریاگوزارییەکانی فەرەنسا دەڵێن، بەلەمەکە درێژییەکەی 15 مەتر بووە و لەژێر قورسایی سەرنشینەکاندا خەریک بووە ژێرئاو بکەوێ.
ئەم ساڵ 14،530 کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا، کە ئەمە دابەزینێکی بەرچاوە بەراورد بە حەوت مانگی سەرەتای 2025 کە لەو ماوەیەی پاردا 29 هەزار و 3 کەس بوون.
بەرپرسانی بەریتانیا پێیان وایە ئەم دابەزینە ئەنجامی تووندکردنەوەی چاودێری و دەستبەسەرداگرتنی هەزار و 100 بزوێنەری بەلەمە.
ئەم ساڵ 17 کەس لە نۆکەندی ئینگلیز خنکاون، هەمان ماوەی پار ژمارەکە 20 کەس بوو.
.avif&w=3840&q=75)


