رووداو دیجیتاڵ
پاسپۆرتی عێراق هێشتا وەکو یەکێک لە خراپترین پاسپۆرتەکانی جیهان بۆ ساڵی 2026 ماوەتەوە، ئەمە بەگوێرەی نوێترین ریزبەندیی دامەزراوەی "هێنلی"ی بەریتانی کە تایبەتە بە گەشتوگوزار و نیشتەجێبوون.
کۆمپانیای هێنلی کە بنکەی سەرەکی لە لەندەنە، ریزبەندیی نوێی پاسپۆرتەکانی جیهانی بۆ نیوەی دووەمی ساڵی 2026 بڵاوکردەوە. ریزبەندییەکە 104 وڵاتی مەبەست لەخۆدەگرێت. عێراق سێیەم خراپترینە و لە پلەی 102میندا دێت. لە ریگەیەوە بەبێ ڤیزا تەنیا دەتوانی سەردانی 28 وڵات بکەیت.
بەگوێرەی لیستەکە، تەنیا پاسپۆرتی ئەفغانستان و سووریا لە پاسپۆرتی عێراق خراپترن.
ئەمە چەندین ساڵە لەسەر یەک پاسپۆرتی عێراق لە ریزبەندی خراپترینەکانی جیهان دایە. لە کاتێکدا لە ریزبەندییەکەی 2023دا هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی دەیتوانی بۆ 29 وڵات بڕوات، ئێستا ژمارەکە بۆ 28 وڵات دابەزیوە.
لەسەر ئاستی جیهان، پاسپۆرتی سەنگاپوور لە پلەی یەکەمدا دێت کە هەڵگرەکەی دەتوانێت بێ ڤیزە سەردانی 192 وڵات و ناوچە بکات. پاسپۆرتی وڵاتانی ژاپۆن، کۆریای باشوور و ئیمارات لە پلەی دووەمدا دێن و هەڵگرەکانیان دەتوانن بەبێ ڤیزا سەردانی 188 وڵات و ناوچە بکەن.
ئێرانیش لەسەر ئاستی وڵاتەکان لە ریزبەندی 96میندایە و خاوەنی پاسپۆرتەکەی دەتوانێت سەردانی 37 وڵات بکات بەبێ ڤیزە. تورکیا پلەی 48ی گرتووە و هەڵگری پاسپۆرتەکەی دەتوانێت بێ ڤیزە گەشت بۆ 112 وڵات و ناوچە بکات.
باشترین پاسپۆرتەکان و ژمارەی ئەو وڵاتانەی داوای ڤیزا ناکەن (2026):
1- سەنگاپوور (192 وڵات)
2- ژاپۆن، کۆریای باشوور و ئیمارات (188 وڵات)
3- سوێد (187 وڵات)
4- بەلجیکا، دانیمارک، فینلاند، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئێرلەندا، ئیتاڵیا، لۆکسمبۆرگ، هۆڵەندا، نەرویج و ئیسپانیا (186 وڵات)
5- نەمسا، یۆنان، ماڵتا، پۆرتوگال و سویسرا (185 وڵات)
6- هەنگاریا، بەریتانیا و پۆڵەندا (184 وڵات)
7- ئوستراڵیا، کەنەدا، چیک، لاتیڤیا، مالیزیا، نیوزلاند، سلۆڤاکیا و سلۆڤینیا (183 وڵات)
8- کرواتیا و ئیستۆنیا (182 وڵات)
9- لیشتینشتاین و لیتوانیا (181 وڵات)
10- ئایسلاندا و ئەمریکا (180 وڵات)
خراپترین پاسپۆرتەکان (لە کۆتایی لیستەکەدا):
1- ئەفغانستان (22 وڵات)
2- سووریا (25 وڵات)
3- عێراق (28 وڵات)
4- پاکستان (29 وڵات)
5- یەمەن (30 وڵات)
6- سۆماڵ (32 وڵات)
7- نیپاڵ(34 وڵات)
8- کۆریای باکوور و بەنگلادیش (35 وڵات)
9- فەڵەستین و ئێران ( 37 وڵات)
10- ئیریتیریا (38 وڵات)



