رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە گۆڕانکارییەک لە ستراتیژی وڵاتەکەی بەرامبەر ئێران کرد و رایگەیاند، لە جیاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ، رێگە دەدات گوشارە ئابوورییەکان تاران ناچار بە تەسلیمبوون بکەن.
ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە، تەنیا هەفتەیەک لەمەوبەر، ترەمپ خەریک بوو فەرمانی هێرشێکی گەورەی سەربازی بدات، بەڵام لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" هیچ هەڕەشەیەکی سەربازیی نەکرد.
رۆژی یەکشەممە، 9ی ئابی 2026، ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رۆژنامەڤانێکی ئەکسیۆس گوتی: "ئێمە زۆر بە هێمنی کارەکان دەکەین و تەنیا نیوە-دانوستاندنێکمان لەگەڵ ئێرانییەکاندا هەیە. ئێمە تەنیا چاودێرییان دەکەین کە چۆن تووشی هەڵاوسانێکی گەورە بوون و پارەیان نەماوە."
بە گوێرەی ناوەندی ئاماری ئێران، ئێستا رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەیان 66٪ە.
"ئێران ناتوانێت مووچەی سەربازەکانی بدات"
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، باری دارایی ئێران "زۆر خراپە" و گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا وای کردووە "رژێمی تاران" نەتوانێت تەنانەت مووچەی هێزە چەکدارەکانیشی دابین بکات.
ترەمپ دەشڵێت، دابەزینی نرخی نەوت بۆ نزیکەی 75 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، گوشارەکانی سەر هاووڵاتییانی ئەمریکی کەمکردووەتەوە و ئەمەش کاتی زیاتری بە واشنتن داوە بۆ دیپلۆماسی.
رۆژی 28ـی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی ئێران هێرشیکردە سەر وڵاتانی دراوسێی و لە 2ی ئاداریشەوە، سوپای پاسداران تەنگەی هورمزی داخستووە. پێش جەنگ، رۆژانە 20٪ی نەوتی هەناردەکراوی جیهان بەو تەنگەیەدا دەڕۆشت. دوای دەستپێکی جەنگەکە، هەناردەکردنی ئەو بڕە نەوتە 95٪ کەمبووەوە.
مەرجە قورسەکانی ئێران و دابەشبوونی ناوخۆیی تاران
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت، رۆژی شەممە، محەممەد باقر زولقەدر، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، کۆمەڵێک مەرجی نوێ و قورسی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز خستەڕوو، لەوانە: کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە جەنگ دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی (حزبوڵڵا، حەماس، حووسییەکان و گرووپەکانی عێراق)، هەڵگرتنی هەموو سزاکان و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، ئەم مەرجانە نیشانەی ململانێی تووندی ناوخۆیی تارانە. بە گوتەی ئەوان، بەرەیەک بە سەرۆکایەتیی مەسعود پزیشکیان نیگەرانی داڕمانی ئابووریین و رێککەوتنیان دەوێت، بەڵام بەرەیەک بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران، دژی هەر سازشێکن.
هەناردەکردنی 8 ملیۆن بەرمیل نەوت
لە کاتێکدا دانوستاندنەکان گەیشتوونەتە بنبەست، بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کرد شەوانە نزیکەی 8 ملیۆن بەرمیل نەوت بە رێڕۆی باشووری تەنگەی هورمزدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای ئەمریکا هەناردە دەکرێت.
هاوکات جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە فۆکس نیوزی راگەیاند: "ئەم بابەتە کۆتایی نەهاتووە. ئێمە لە ناوەڕاستی یارییەکەداین و هەموو ئامرازە دیپلۆماسی، ئابووری و سەربازییەکان بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی باشترین ئەنجام بۆ گەلی ئەمریکا بەدەستبهێنین."



