رووداو دیجیتاڵ
جەنگی ئەمریکا دژی ئێران کۆگەکانی چەکی ئەو وڵاتەی بۆ ئاستێکی 'نیگەرانبەخش' کەمکردووەتەوە، بەپێی گوتەی بەرپرسانی باڵا، ئەمریکا پێویستییەکانی لە چەک، لە ئاسیا و ئەورووپاوە راکێشاوە.
کەمبوونی خێرای مووشەکەکانی بەرگریی ئاسمانی و چەکە گرنگەکانی دیکە لە ئەورووپا و ئاسیا، نەک تەنیا سوپای ئەمریکا بە ئامادەکاریی کەمترەوە بەجێدەهێڵێت، بەڵکو دەکرێت رووسیا و چینیش بوێر بکات ئەگەر بیریان لە ململانێ لەگەڵ ئەمریکا کردبێتەوە.
بۆردوومانکردنی ئێران، هەزاران مووشەکی چەند ملیۆن دۆلاری خەرج کرد کە پارچەی وردی تێدایە و لە تۆڕێکی جیهانیی دابینکارانەوە دێن، رەنگە ساڵانێک بخایێنێت تاوەکو بەرهەم دەهێنرێنەوە، بەرگریکردن لە هێرشە وەڵامدەرەوەکانی ئێران، کۆگەکانی مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکای بە جۆرێک کەمکردووەتەوە، بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە و وایکردووە ئەمریکا ناردنی چەک بۆ کڕیارە ئەورووپی و ئاسیایییەکان دوابخات.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، هەڵمەتی ئێران وەزارەتی جەنگی ناچار کردووە بەپەلە کەشتی، فڕۆکە و یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی لە سەرانسەری ئەورووپا و ئاسیاوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەراست بنێرێت، ئەوەش هەوڵێکە لێکەوتەی یەک لەدوای یەکی بۆ چاککردنەوەی کەلوپەلەکان و ورەی سەربازەکان هەبووە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و رۆژئاوا هەروەها دەڵێن: "ئەنجامەکە لاوازبوونی بەرچاوی هێزی ئاگرینی ئەمریکایە لەو ناوچانەدا، گۆڕانکارییەک کاریگەریی درێژخایەنی هەیە و نیگەرانییەکی روو لە زیادبوونە لە نێو دەزگە سەربازی و هەواڵگرییەکاندا".
کارۆلین لیڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، "ئەمریکا هێزی ئاگرینی زیاتر لە پێویستی هەیە بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێک سەرۆک لە هەر کات و شوێنێکدا فەرمانی پێ بدات." بەڵام شارەزایان دەڵێن قەیرانی تەقەمەنی بەشێکی لە بایدنەوە بۆ ترەمپ ماوەتەوە، زیاتر لە ماوەی سەرۆکایەتی ترەمپیش دەمێنێتەوە.
تۆم کاراکۆ، ئەندامی باڵا لە سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی لە واشنتن دەڵێت: "کاریگەریی ئەمە لەسەر چۆنییەتی بڕیاردان لە پەکین و مۆسکۆ، رەنگە بۆ چەندین ساڵ رەنگ بداتەوە."
کاراکۆ چاودێریی کۆگەکانی چەکی ئەمریکا دەکات، دەڵێت: "مەحاڵە ئەمە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هاوکێشەی بڕیاردانی رووسیا و چین نەبێت، ئەوان رەنگە کارێکی زۆر بە ئەنقەست و لەو کاتەی خۆیان هەڵیدەبژێرن بیکەن، چونکە ئەوە لەبەرچاو دەگرن ئێمە ساڵانێکی زۆرمان دەوێت تاوەکو دووبارە خۆمان رێکبخەینەوە."
''پڕکردنەوەی بۆشایی بەکارهێنانی 1500 مووشەک دوو ساڵی دەوێ"
بەپێی گوتەی دوو بەرپرسی ئاگادار لە ئەمریکا، لە کۆبوونەوەکانی پێش جەنگی ئێران دا، جەنەراڵ دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا، سەرۆکی لە مەترسییەکانی کەمبوونەوەی زیاتری کۆگەکان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام ترەمپ بڕیاریداوە بەردەوام بێت، چونکە پێی وابوو جەنگەکە زۆر بە خێرایی کۆتایی دێت، گوتەبێژێکی جەنەراڵ کەین رەتیکردەوە لێدوان لەسەر گفتوگۆ تایبەتەکانی لەگەڵ سەرۆک بدات.
دوای هێرشکردنە سەر ئێران لەگەڵ ئیسرائیل لە 28ـی شوبات، ترەمپ چەندین جار بەڵێنی سەرکەوتنی لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا، دوای زیاتر لە پێنج مانگ، ئەو هێشتا نەیتوانیوە ئێران بە ئارەزووی خۆی رازی بکات، یان تەنانەت رێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بدۆزێتەوە.
دەگوترێت کەمیی تەقەمەنی رۆڵی هەبووە لە قایلکردنی ترەمپ بۆ وەلانانی هەڵمەتێکی گەورەی بۆردوومانکردن لە کۆتایی مانگی رابردوودا، بەڵام ئەمە ئەوەش پێشان دەدات چۆن بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەرامبەر هەڕەشەکانی دیکە لاوازتر کردووە.
ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ بەڵێندەرە سەربازییەکان کاری کردووە بۆ هەوڵدان بۆ خێراکردن و فراوانکردنی بەرهەمهێنان، بەڵام تەنانەت بەو هەوڵانەشەوە، رەنگە زیاتر لە دوو ساڵی بوێت تاوەکو ئەمریکا ئەو زیاتر لە 1500 مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتە پڕ بکاتەوە لە جەنگی ئێراندا بەکارهاتوون، بەپێی گوتەی دوو بەرپرس زانیارییان لەسەر کۆگەی چەکی ئەمریکا هەیە، یەدەگی ئێستای ئەمریکا بۆ ئەو مووشەکانە کەمترە لە 1700 دانە.
ترەمپ بەهۆی ئەو هەواڵانەی باس لە کەمیی تەقەمەنی دەکەن تووڕە بووە، ئەو فەرمانی بە هەڵمەتێکی گەورە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دزەپێکردنی زانیارییەکان لەناو حکومەتەکەیدا کردووە و داوای دادگەییکردنی ئەو کەسانە دەکات، بە تایبەت بە راوێژکارەکانی گوتووە هەر گفتوگۆیەک لەبارەی قەیرانی تەقەمەنی نیشانەی لاوازییە بۆ دووژمنانی وڵات، لە گشتیشدا بەردەوامە لە کەمبایەخکردنی بابەتەکە، رەتکردنەوەی یان خستنە ئەستۆی سەرۆکی پێشوو.
کارۆلین لیڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: "کۆمپانیاکانی بەرگریمان لە جاران زیاتر تەقەمەنی بەرهەم دەهێنن، لە کاتێکدا بە خێرایی کارگە و کەلوپەلەکانیان لە ئاستێکی بێ وێنەدا فراوان دەکەن. هەرکەسێک متمانەی پێ کرابێت بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە سەربازییە پۆلێنکراوەکان و دزەیان پێ بکات بۆ میدیاکان، خیانەت لەو متمانەیە دەکات و یاسای فیدراڵی دەشکێنێت، دەبێت بە تووندترین شێوەی یاسایی دادگەیی بکرێت."
شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند: "راپۆرتەکان لەبارەی کەمیی چەک هەڵەن، ئەمریکا هەموو شتێکی پێویستی هەیە بۆ لێدان لەو کات و شوێنەی سەرۆک هەڵیدەبژێرێت."
کیێڤ بەهۆی گواستنەوەی چەکەکانەوە دەناڵێنێ
کاریگەرییە خێراکانی کەمیی تەقەمەنی لە کێیڤی پایتەختی ئۆکراینا هەستی پێ دەکرێت. ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند بڕی ئەو مووشەکانەی بەرگریی ئاسمانی لەلایەن هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانەوە پێیان دەدرێت، ئەم ساڵ بەراورد بە 2025 سێ هێندە کەمی کردووە، هەفتەی رابردوو، ئۆکراینا نەیتوانی هیچ کام لەو 28 مووشەکەی لەلایەن رووسیاوە تەقێنرابوون تێکبشکێنێت، ئەو هێرشانە بووە هۆی کوژرانی لانی کەم 17 کەس. زیلینسکی گوتی مووشەکی زیاتر "دەیتوانی ژیانی ئەوانەی ئەمڕۆ کوژران رزگار بکات."
شارەزایانی سەربازی دەڵێن: "کێشە بنەڕەتییەکە ئەوەیە رووسیا بەرهەمهێنانی مووشەکی خۆی بۆ ئاستێکی زۆر زیاتر لەوەی هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی ئۆکراینا توانیویانە بەرگریی ئاسمانی بەرهەم بهێنن، بەرزکردووەتەوە. جەنگی ئێران ئەم ناهاوسەنگییەی خراپتر کردووە.''
جەیسۆن کراو، ئەندامی دیموکرات لە کۆلۆرادۆ لە لیژنەی هێزە چەکدارەکان و هەواڵگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێت: "پرۆسەی کۆنی کڕینی چەک لە ئەمریکا رێگەمان پێنادات بە کردەیی هاوتای سرووشتی خێرای گۆڕانی جەنگ بڕۆین." کراو دەڵێت: "بە راستی دووژمنەکانمان ئەو رێگرییەیان لەبەردەم نییە."
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە نێوەڕاستی تەنگژەی دابینکردندا دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی مووشەکەکانی بەرگریی ئاسمانی، ترەمپ کاتێک لە ئۆڤال ئۆفیس پرسیاری لێکرا دەربارەی داواکەی زێلێنسکی بۆ مووشەکی زیاتر، وەڵامی دایەوە: "ئێمەش مووشەکمان دەوێت."
سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام پێداگری دەکات هەر کەمی چەک و تەقەمەنییەک هەبێ دەگەڕێتەوە بۆ پشتگیریی بایدن بۆ ئۆکراینا، ئەو کۆتایی هەفتەی رابردوو لە تروس سۆشیال رایگەیاند: "بڕێکی ئێجگار زۆر تەقەمەنی" هەیە، بەتایبەت لە جۆرە دیاریکراوەکان.
راستە ئەمریکا خاوەنی جبەخانەیەکی فراوانی تەقەمەنییە، لەوانەش زیاتر لە 100 هەزار بۆمبی ئاراستەکراو کە لە فڕۆکەکانەوە فڕێ دەدرێن، ئەوەش بەپێی سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی، کێشەی زۆرێک لەو چەکانە ئەوەیە کە دەبێت لە شوێنە نزیکەکانی ئامانجەکانیانەوە بەکاربهێنرێن، ئەمەش فڕۆکە جەنگییەکان دەخاتە بەردەم مەترسیی خستنەخوارەوە.
مووشەکە کرووزە ئاستبەرزەکان لەو مەترسییە دووردەکەونەوە، چونکە دەکرێت لە دووریی سەتان کیلۆمەترەوە بتەقێنرێن، بەڵام بەرپرسان دەڵێن سوپای ئەمریکا بە زۆری کۆگەکانی جۆرە دیاریکراوەکانی مووشەکی مەودا درێژی خەرج کردووە، وەک سیستمەکانی ATACMS و مووشەکەکانی Precision Strike - لە کاتی جەنگی ئێراندا.
چین و رووسیا چۆن چاودێری ئەو دۆخە دەکەن؟
مووشەکە مەودا دوورەکان لە جەنگێکی دژی چین یان رووسیا زۆر گرنگ دەبن، ئەو وڵاتانە بەرگریی ئاسمانیی زۆر پێشکەوتووتریان لە ئێران هەیە، بەرپرسێکی ئەمریکی ئاگادار لە هەواڵگریی بەرگری رایگەیاند، هەردوو حکومەتەکە لە نزیکەوە چاودێریی کۆگەکانی ئەمریکا دەکەن و، لە رێگەی سەرچاوە گشتییەکان وەکو پرۆسەی بودجەی کۆنگرێس و راگەیێندراوەکانی بەڵێندەرانی بەرگری، هەروەها لە رێگەی مانگە دەستکردە سیخوڕییەکانیان و سیستمەکانی دیکەی چاودێرییەوە، خەمڵاندن بۆ ئەو دۆخە دەکەن.
ئالێکساندەر کۆتس، بلۆگەرێکی لایەنگری جەنگی رووسیا لەم دواییانەدا نووسیبووی: "بارودۆخەکە بە شێوەیەکی زۆر لەبار رێکدەخرێت، هەرچی ئەمریکا چەکی ئاراستەکراوی وردی کەمتر بێت، کەمتر دەگاتە ئۆکراینا."
کۆتس ئاماژەی بەوەش کرد، تەنانەت ئەگەر جێگرەکەی ترەمپیش بیەوێت هاوکاری بۆ ئۆکراینا زیاد بکات، "ئەو هەنگاوە بە کۆگەی خاڵییەوە ئەستەمە."
کاریگەریی درێژخایەنی کەمبوونەوەی چەک رەنگە لە ئاسیا زۆرتر بێ، لەوێ ئەمریکا لەمێژە خۆی بۆ ئەگەری هێرشی چین بۆ سەر تایوان ئامادە دەکات، فەرماندەیی ئیندۆ-پاسفیکی سوپای ئەمریکا بووە سەرچاوەیەکی سەرەکیی تەقەمەنی بۆ جەنگی ئێران، زۆربەی مووشەکە تۆماهۆکەکان و مووشەکە مەودا دوورەکانی دیکەی لە ناوچەکە لە کۆگەکانیەوە گواستراونەتەوە.
سەتان مووشەکی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی لە کۆریای باشوور و شوێنەکانی دیکەی ئاسیاوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست نێردراون، لە کاتێکدا گرووپێکی فڕۆکەهەڵگر و هەندێک لە تێکشکێنەرە هەرە ئاست بەرزەکانی هێزی دەریایی لە ناوچەکە گواستراونەتەوە بۆ پشتگیریکردنی هێرشی دژی ئێران،بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، سەربازانی ئەمریکا لە کۆریای باشوور لە جەنگێکی دژی کۆریای باکووردا لاوازتر دەبن، چونکە پێنتاگۆن ئامرازە تاکتیکییەکانی چاودێریی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەراست گۆڕیوە و بەرگرییە ئاسمانییەکانی گواستووەتەوە.
کەمبوونەوەکە کاریگەریی بەرفراوانی هەیە لە ئاسیا، هەندێک بەرپرسی ئەمریکی دەترسن کۆریای باشوور و ژاپۆن گومان لە توانای ئەمریکا بکەن بۆ پاراستنیان، زیاتر مەیلیان بەرەو ئەوە بچێت خۆیان بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بگەڕێن بۆ دروستکردنی رێگرییەکی جێگەی متمانەتر، لە ئەورووپا، هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ئێستاوە هەوڵدەدەن کڕینی چەک لە وڵاتانی دیکە زیاد بکەن، بە لەبەرچاوگرتنی دواکەوتنی بەرهەمهێنان لە ناو ئەمریکادا.
بەرپرسان دەڵێن رووسیا و چین لە مێژە تێگەیشتوون کۆگەی ئەمریکا سنووردارە، ئێستا تێدەگەن کۆکردنەوەی چەک کاتی دەوێت تاوەکو دەگاتە ئەو ئاستەی رێگە بدات بە جێبەجێکردنی هەندێک پلانی جەنگی دیاریکراو.
تۆد هاریسۆن، شرۆڤەکاری سەربازی لە پەیمانگەی ئینتەرپرایزی ئەمریکی دەڵێت: "هەرچەندە ئەم جەنگە زیاتر بخایەنێت و ئێمە زیاتر بەردەوام بین لە شەڕ و تەقەکردن لەگەڵ ئێراندا، کێشەی تەقەمەنی بۆ ئەمریکا خراپتر دەبێت، پەنجەرەی لاوازییەکە گەورەتر و دیارتر دەبێت."
دایرا ماسیکۆت، پسپۆڕی سوپای رووسیا لە سەنتەری کارنێگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی، رایگەیاند :"مۆسکۆ پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێران خەریکی دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی پێشبینییەکانی بووە دەربارەی کۆگەکانی سەربازیی ئەمریکا.:" ئەو دەڵێت:" چوار ساڵی ململانێ لە ئۆکراینا، رەنگە بە داڕێژەرانی سەربازیی رووسیای پێشان دابێت ئەمریکا لە خێراکردنی بەرهەمهێنانی چەکدا خاوتر بووە لەوەی ئەوان بیریان لێ دەکردەوە''.
ماسیکۆت بەم دواییانە لە گەشتێکی ئۆکراینا گەڕاوەتەوە، زیاتر دەڵێت: "ئەوە جۆرە هەڵەیەکی ماتماتیکییە، بچێتە ناو سیستەمی رووسییەوە، چونکە پاشان ئەوان دەست دەکەن بە گۆڕینی تێڕوانینی خۆیان بۆ هێزی خۆیان بەرامبەر بە ناتۆ، ئەمە وا دەکات بگەنە ئەو ئەنجامانەی رەنگە ئێمە نەمانەوێت."



