رووداو دیجیتاڵ یەکێک لەو پرسیارانەی زۆر دەکرێن ئەوەیە کە ئایا خەیار سەوزەیە یان میوە؟ پۆلێنکردنی خەیار کەمێک قورسە. رەنگە پێتوابێت سەوزەیە، چونکە تامێکی سووک و فرێشی هەیە. بەڵام ئایا لە راستیدا خەیار میوەیە؟ لێرەدا وەڵامەکەی دەخەینەڕوو. لە رووی رووەکناسییەوە: خەیار میوەیە ئەگەر لە زانایەکی رووەکناسی بپرسیت، پێت دەڵێت، خەیار میوەیە! هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە میوە لە زانستی رووەکناسیدا پێناسەیەکی تایبەتی هەیە؛ میوە ئەو بەشەی رووەکە کە لە گوڵەکەیەوە گەشە دەکات و تۆو (ناوک)ـی تێدایە. لەبەرئەوەی خەیار لە گوڵەوە دروست دەبێت و ناوکەکەی لەنێودایە، کەواتە بەم پێوەرە میوەیە. لە بەرامبەردا، سەوزەکان ئەوانەن کە دەخورێن، وەک کاهوو، سپێناخ، برۆکلی و ناوکیان تێدا نییە. لە رووی چێشتلێنانەوە: خەیار سەوزەیە بەڵام ئەگەر لە شێفێک یان شارەزایەکی خواردن بپرسیت، پێت دەڵێ، خەیار سەوزەیە! ئەمەش بەهۆی تام، شێوە و چۆنیەتیی بەکارهێنانەکەی. بەگشتی لە چێشتخانەدا، میوەکان تامیان شیرینترە، نەرمترن و زیاتر بۆ ژەمەکانی بەیانیان یان شیرینی بەکاردێن. بەڵام سەوزەکان تامیان هێندە شیرین نییە و زیاتر لە ژەمە سوێرەکان و زەڵاتەدا بەکاردەهێندرێن. بۆیە لەم رووەوە، خەیار بە سەوزە دادەنرێ. کەواتە بە کوردی و بە کورتی، خەیار هەردووکیانە. لە رووی زانستی و رووەکناسییەوە خەیار میوەیە، بەڵام لە جیهانی چێشتلێنان و بەکارهێنانی رۆژانەدا وەک سەوزە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ.