رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو جارێکی دیکە ناوی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تۆمارکرد و توانی لە (خەڵاتەکانی کان بۆ میدیای کۆمپانیاکان و تەلەڤیزیۆن) بۆ ساڵی 2026، سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ رۆژنامەگەریی کوردی بەدەستبهێنێت.
بەرنامەی (هێشتا ماویەتی) بە پێشکێشکاریی رۆژنامەڤانی دیاری رووداو (هیڤیدار ئەحمەد)، توانی خەڵاتی جامی دۆلفین بباتەوە و ئەڵقەیەکی دیکەی هەمان بەرنامەش گەیشتە قۆناخی کۆتایی فێستیڤاڵەکە.
بۆچی رووداو ئەم خەڵاتەی پێدرا؟
ئەلێکساندەر کامێل، بەڕێوەبەری خەڵاتەكانی تەلەڤزیۆن و دامەزراوەی میدیایی كان، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیکەی 100 دادوەر لە کەناڵە گەورەکانی وەک BBC هەڵسەنگاندنیان بۆ بەرهەمەکان کردووە.
سەبارەت بەوەی بۆچی رووداو ئەم خەڵاتەی بردووەتەوە، ئەلێکساندەر کامێل دەڵێت: "ستانداردەکانتان زۆر بەرزن. با راستگۆ بم، لە کاتی ئامادەکاریم بۆ ئەم هەڤپەیڤینە سەیری بەرنامەکانتانم دەکرد، بەڕاستی زۆر بەشێوەیەکی ئەرێنی سەرسام بووم و زۆر دڵخۆش بووم، کە بینیم بابەتگەلێکی هێندە هەستیار بەم شێوازە زۆر پیشەیییە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە؛ نەک تەنیا لەلایەن پێشکێشکارەکەوە، بەڵکو لە رووی کاری کامێرا و گێڕانەوەی چیرۆکەکەشەوە."
رووداو لە ریزی گەورەترین کەناڵەکانی جیهاندایە
بردنەوەی خەڵاتی دۆلفین وا دەکات رووداو بچێتە ریزی کەناڵە زەبەلاحەکانی وەک بلوومبێرگ، ئەلجەزیرە، دۆیچە ڤێلە و وارنەر برۆز.
بەڕێوەبەری خەڵاتەكانی تەلەڤزیۆن و دامەزراوەی میدیایی كان، کە لە پاریسەوە بە رێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆیی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ی رۆژی شەممەی رووداودا بەشدار بوو، پێیوایە ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە، هەروەها بە رێبوار عەلی، پێشكێشکاری رووداوی گوت: "ئەمە بەو واتایە دێت کە ئێوە لە سەری سەرەوەن؛ چونکە ئەگەر سەیری براوەکانی خولەکانی پێشوو بکەین، لەبیرتان نەچێت کە ساڵی رابردوو کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی ساڵ ئەلجەزیرە بوو. کە شوێنەکەیان زۆر لە ئێوەوە دوور نییە، فیلمەکانتان لە ئاستێکی زۆر باڵای دۆکیۆمێنتاریی تەلەڤیزیۆنيدان. پێشموایە بۆ یەکەمین بەشداریکردن، بەتایبەتی کە لە ناوچەیەکەوە هاتوون ئێمە لە ئەورووپا و جیهاندا زانیاریی زۆرمان لەسەری نییە... پێموایە ئەمە دەستکەوتێکی یەکجار مەزنە."
ئەم خەڵاتە چ سوودێک بە میدیای کوردی دەگەیێنێت؟
ئەلێکساندەر کامێل روونیدەکاتەوە کە ئەم خەڵاتە تەنیا بۆ شانازی نییە، بەڵکو دەرگای نوێ بەڕووی رووداودا دەکاتەوە بۆ ئەوەی لە جیهاندا زیاتر بناسرێت.
ئەو دەڵێت: "لەپێش هەموو شتێکەوە، ئەمە پێزانین و دانپێدانانە بۆ تیمەکە... دووەم؛ ئێوە لەلایەن کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانی دیکەوە دەناسرێنەوە چونکە لەنێو براوەکاندا دەبن. بۆیە ئەگەر کەسێک لە BBC، یان کەسێک لە RTVE، یان کەسێک لە (وارنەر برەزەرس) سەیری لیستی براوەکانی فێستیڤاڵەکەمان بکات—کە بێگومان سەیری دەکەن—دەڵێن: 'ئای خوایە، ئەمە چ کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنییە؟ با سەیری بکەم، با زیاتر لەسەریان بزانم.' بەم شێوەیە زیاتریش دەناسرێن."
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم خەڵاتە یارمەتیی رووداو دەدات ئەگەر بیەوێت بەرهەمەکانی بە کەناڵە جیهانییەکانی دیکە بفرۆشێت، و ستایشی بێلایەنیی بەرنامەکە دەکات و دەڵێت: "بەتایبەتی لە ناوچەکەی ئێوەدا کە زۆر ئاڵۆزە، چونکە هەمووان پێیانوایە کە میدیاکانی ئەوێ بە جۆرێک لە جۆرەکان روویان لە یەک ئاراستەیە. بەڵام ئەوەی من بینیم، لانیکەم لەو دوو ڤیدیۆ و بەرنامەیەی کە بەشداريتان پێکردبوون، زۆر هاوسەنگن، زۆر بێلایەنن و زۆر دڵخۆش بووم بە بینینی ئەمە."
رووداو و سێیەمین خەڵاتی جیهانی
بەرنامەی (هێشتا ماویەتی: داهاتووی حیزبوڵڵا)، لە پۆلێنی Current Affairs (بابەتی رۆژەڤ) بووە براوەی خەڵاتی جامی دۆلفین، لە کاتێکدا (هێشتا ماویەتی: کۆتایی مێزۆپۆتامیا) لە پۆلێنی ژینگە گەیشتە قۆناخی کۆتایی.
ئەمە سێیەمین خەڵاتی نێودەوڵەتییە کە ئەم بەرنامەیە مەیدانی و بنکۆڵکارییە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا بەدەستی دەهێنێت، دوای بردنەوەی هەردوو خەڵاتی جیهانیی (تێلی) و خەڵاتی زێڕینی (ستیڤی).
بڕیارە رێوڕەسمی فەرشی سوور بۆ دابەشکردنی خەڵاتەکان لە 24ـی ئەیلوولی 2026 لە شاری کانی فەرەنسا بەڕێوەبچێت، کە تێیدا رووداو بەفەرمی خەڵاتەکەی پێشکێش دەکرێت.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و ئەلێکساندەر کامێل، بەڕێوەبەری خەڵاتەكانی تەلەڤزیۆن و دامەزراوەی میدیایی كان:
رووداو:
سەدان بەرهەمی تەلەڤیزیۆنی و میدیایی لە سەرانسەری جیهانەوە بەشدارییان لە
فێستیڤاڵەکەدا کردبوو؛ کام لایەن و تایبەتمەندییەی بەرنامەی 'هێشتا ماویەتی'ی تۆڕی
میدیایی رووداو، بە دیاریکراوی سەرنجی لیژنەی دادوەرانی بەلای خۆیدا راکێشا؟
کامێل:
زۆر سوپاس رێبوار بۆ میوانداریکردنم لە بەرنامەکەتاندا، جێگەی شانازییە بۆ من.
ناتوانم بەوردی پێت بڵێم کە دادوەرەکان بەدیاریکراوی چ شتێکیان لە بەرنامەکانتاندا
دۆزیوەتەوە، بەڵام با ئەوەت پێ بڵێم کە ئێمە نزیکەی 100 دادوەرمان هەیە بۆ
هەڵسەنگاندنی سەرجەم ئەو فیلمانەی بەشداری لە 'خەڵاتەکانی کان بۆ میدیای
کۆمپانیاکان و تەلەڤیزیۆن'دا دەکەن. زۆر لەو دادوەرانە، بەتایبەتی بۆ پۆلێنی
دۆکیۆمێنتاری، لە کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانی وەک BBC و دەستەی پەخشی دانیمارکییەوە دێن. ئەوان لە تەلەڤیزیۆنی
نیشتمانیی نەمسا، لە دەستەی پەخشی ئیسپانی و لە تەلەڤیزیۆنی پۆڵەنداوە دێن. کەواتە
ئێوە لەلایەن هاوپیشەکانتانەوە هەڵسەنگاندنتان بۆ دەکرێت، کە ئەمەش بەو واتایە دێت
ئەو کەسانەی بڕیار لەسەر بەرنامەکەتان دەدەن، هەمان ئەو کەسانەن کە هەمان جۆری
بەرنامەکانی ئێوە بەرهەم دەهێنن. خۆشبەختانەش، هەردوو ئەو بەرهەمەی کە ئێوە
بەشداريتان پێکردبوون، لەنێو براوەکاندان.
رووداو:
بردنەوەی ئەم خەڵاتە بە وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی رۆژنامەگەریی کوردیدا
دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان. ئەم رێزلێنانە چ پەیامێک سەبارەت بە ئاست و کوالیتیی
بەرهەمی میدیایی لە هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت؟
کامێل:
ئەمە بەو واتایە دێت کە ئێوە لە سەری سەرەوەن؛ چونکە ئەگەر سەیری براوەکانی
خولەکانی پێشوو بکەین، لەبیرتان نەچێت کە ساڵی رابردوو کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی ساڵ
ئەلجەزیرە بوو. کە شوێنەکەیان زۆر لە ئێوەوە دوور نییە، فیلمەکانتان لە ئاستێکی
زۆر باڵای دۆکیۆمێنتاریی تەلەڤیزیۆنيدان. پێشموایە بۆ یەکەمین بەشداریکردن،
بەتایبەتی کە لە ناوچەیەکەوە هاتوون ئێمە لە ئەورووپا و جیهاندا زانیاریی زۆرمان
لەسەری نییە، راستە شتی زۆر لەسەرتان دەبیستین، بەڵام زانیاریی زۆرمان لەسەر
تواناکانتان نییە، بۆیە پێموایە ئەمە دەستکەوتێکی یەکجار مەزنە.
رووداو:
بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە، تۆڕی میدیایی رووداو دەچێتە ریزی براوەکانی پێشوو و
ئێستای خەڵاتی دۆلفین، شانبەشانی دەزگا میدیاییە ناسراوەکانی جیهان وەک بلوومبێرگ،
دۆیچە ڤێلە، ئەلجەزیرە و وارنەر برۆز دیسکەڤەری. هەبوونی دەزگایەکی میدیایی کوردی
لەنێو ئەم ناوازە جیهانییانەدا، چ ئاماژەیەک لەخۆدەگرێت؟
کامێل:
ئەمە بەو واتایە دێت کە ئێوە لە پۆلی کەناڵە تەلەڤیزیۆنییە ئاستبەرزەکانن. هەروەها
بەو واتایەش دێت کە لە هەر کوێیەکەوە هاتبیت، دەرفەتی ئەوەت هەیە لە (خەڵاتەکانی
کان بۆ میدیای کۆمپانیاکان و تەلەڤیزیۆن) سەرکەوتن بەدەستبهێنیت، کە گەورەترین
فێستیڤاڵە بۆ فیلمی کۆمپانیاکان، دۆکیۆمێنتارییەکان و کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان.
دووبارە دەیڵێمەوە، ئێوە براوەیەکی زۆر سەربەرزن و بەپەرۆشەوە چاوەڕێی هاتنی
تیمەکەتانم بۆ کان بۆ ئەوەی خەڵاتەکەیان وەربگرن و لەنێو سەرجەم براوەکانی دیکەدا
بن کە لە سەرانسەری جیهانەوە دێن.
رووداو:
ئەمە 3یەمین خەڵاتی نێودەوڵەتییە کە بەرنامەی (هێشتا ماویەتی) لە ماوەی کەمتر لە
ساڵێکدا بەدەستی دەهێنێت، دوای بردنەوەی خەڵاتی تێلی و خەڵاتی ستیڤی زێڕین.
بەڕێزتان وەک بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی کان، ئەم ئاستە لە بەردەوامی و سەرکەوتن، چی
لەبارەی ستانداردە پیشەییەکانی تۆڕی میدیایی رووداوەوە دەخاتەڕوو؟
کامێل:
ستانداردەکان زۆر بەرزن. با راستگۆ بم، لە کاتی ئامادەکاریم بۆ ئەم هەڤپەیڤینە
سەیری بەرنامەکانتانم دەکرد، بەڕاستی زۆر بەشێوەیەکی ئەرێنی سەرسام بووم و زۆر
دڵخۆش بووم، کە بینیم بابەتگەلێکی هێندە هەستیار بەم شێوازە زۆر پیشەیییە
مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە؛ نەک تەنیا لەلایەن پێشکێشکارەکەوە، بەڵکو لە رووی کاری
کامێرا و گێڕانەوەی چیرۆکەکەشەوە. کەواتە دووبارەی دەکەمەوە، من تەنیا بەڕێوەبەری
ئەم فێستیڤاڵەم و لیژنەی دادوەرە پیشەیییەکانم هەیە کە ئەوانیش هەمان بۆچوونیان
لەسەر ئەم فیلمانە هەیە. ئەمەش زۆر دڵخۆشکەرە، بۆیە تەنیا دەتوانم خۆم دووبارە
بکەمەوە و پیرۆزباییتان لێبکەم بۆ ئەو شێوازەی کە دۆکیۆمێنتارییە
تەلەڤیزیۆنییەکانتانی پێ بەرهەمدەهێنن.
رووداو: بۆ دەزگایەکی میدیایی وەک تۆڕی میدیایی رووداو
کە لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشە و ئاڵۆزی وەک رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دێت، بردنەوەی
خەڵاتێکی نوێی وەک (کان) چ دەرگایەکی نوێی بۆ دەکاتەوە؟
کامێل:
لەپێش هەموو شتێکەوە، ئەمە پێزانین و دانپێدانانە بۆ تیمەکە، پێموایە ئەوە زۆر زۆر
گرنگە. لەم سەردەمەدا زۆر گرنگە کە تیمەکە تێبگەن؛ ئەوەی دەیکەین واتای هەیە و
بەهای هەیە، نەک تەنیا لەو شوێنەی لێین، بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، پێموایە
ئەوە خاڵی یەکەمە. دووەم؛ ئێوە لەلایەن کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانی دیکەوە
دەناسرێنەوە چونکە لەنێو براوەکاندا دەبن. بۆیە ئەگەر کەسێک لە BBC، یان کەسێک
لە RTVE، یان کەسێک لە (وارنەر برەزەرس) سەیری لیستی
براوەکانی فێستیڤاڵەکەمان بکات—کە بێگومان سەیری دەکەن—دەڵێن: 'ئای خوایە، ئەمە چ کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنییە؟ با
سەیری بکەم، با زیاتر لەسەریان بزانم.' بەم شێوەیە زیاتریش دەناسرێن. بێگومان،
ئێوە دەتوانن زیاتریش لە وڵاتەکەی خۆتاندا شانازی بە خۆتانەوە بکەن بەوەی کە راستە
رەنگە ئێمە کەناڵێکی ناوخۆیی بین، بەڵام رکابەری لەگەڵ گەورەترینەکانی جیهاندا
دەکەین، ئەوەش پەیامە گرنگەکەیە.
رووداو:
ئەم ناسندنە نێودەوڵەتییە چۆن دەتوانێت یارمەتیی رووداو و میدیای کوردی بە گشتی
بدات لە گەیاندنی چیرۆکەکانی ناوچەکەیان بە بینەری جیهانی؟
کامێل:
ئەوە بەندە بە چەند شتێکەوە. مەبەستم ئەوەیە، ئەگەر بتانەوێت بەرنامە
تەلەڤیزیۆنییەکانتان لەلایەن کەناڵەکانی دیکەوە پەخش بکرین، دەتوانن ئاماژە بەوە
بکەن کە 'ئێمە کەناڵێکی خەڵاتکراوین و بەرنامەکەش بەرنامەیەکی خەڵاتکراوە.' دەزانم
کە زۆر لە کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان دۆکیۆمێنتاری دەکڕن و پەخشیان دەکەن. بەتایبەتی
لە ناوچەکەی ئێوەدا کە زۆر ئاڵۆزە، چونکە هەمووان پێیانوایە کە میدیاکانی ئەوێ بە
جۆرێک لە جۆرەکان روویان لە یەک ئاراستەیە. بەڵام ئەوەی من بینیم، لانیکەم لەو دوو
ڤیدیۆ و بەرنامەیەی کە بەشداريتان پێکردبوون، زۆر هاوسەنگن، زۆر بێلایەنن و زۆر
دڵخۆش بووم بە بینینی ئەمە. بۆیە بەڵێ، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت. لەگەڵ ئەوەشدا،
ئەمە تەنیا پارچەیەکی زۆر بچووکە لە وێنەیەکی گەورەتردا، کە دەتوانێت یارمەتیتان
بدات سەرنجی زیاتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رابکێشن.


