رووداو
کریستۆفەر نۆلان، دەرهێنەری بەناوبانگی جیهانی، بۆ دروستکردنی فیلمە نوێیەکەی بە ناوی (The Odyssey - ئۆدیسە)، کە باس لە گەشتی گەڕانەوەی پاڵەوانێکی یۆنانی دەکات بۆ زێدی خۆی، هەموو سنوورەکانی بەزاندووە. فیلمەکە بە کامێرای زەبەلاحی (IMAX) وێنە گیراوە، بەڵام ئەوەی زۆرتر جێگەی سەرنجە، هەڵبژاردنی شوێنی وێنەگرتنەکانە.
نۆلان کە حەزی لە بەکارهێنانی ستۆدیۆ و دیواری سەوز نییە، لە ماوەی 91 رۆژدا وێنەی فیلمەکەی لە چەندین وڵاتی جیاواز لە دۆخێکی سرووشتیی سەختدا تۆمار کردووە. مات دەیمن، پاڵەوانی فیلمەکە دەڵێت: "هەر شوێنێک دەچووین پێدەکەنیم و دەمگوت: کێ بیری لەوە کردووەتەوە لێرە فیلم وێنە بگرێت؟"
لێرەدا ئەو وڵاتانە دەخەینەڕوو کە وێنەی فیلمەکەی تێدا گیراوە:
مەغریب و بیابانی رۆژئاوا
دەستپێکی فیلمەکە لە مەغریب بوو. گوندی مێژووییی (ئایت بن حەدوو) کە شوێنەوارێکی جیهانییە، وەک شاری "تەروادە" بەکارهێندراوە بۆ وێنەگرتنی شەڕە گەورەکان. هەروەها دیمەنی ئەسپە زەبەلاحە تەختینەکەی تەروادە لەسەر کەناراوەکانی شاری سوێرە وێنە گیراوە.
بەشێک لە فیلمەکەش لە ناوچەی (بیابانی رۆژئاوا - Western Sahara) وێنەی گیراوە، کە ئەمەش رەخنەی زۆری لێکەوتەوە چونکە ناوچەیەکی کێشەلەسەرە، تەنانەت خاڤیێر باردێم، ئەکتەری بەناوبانگیش رەخنەی لە نۆلان گرت کە بۆچی مۆڵەتی لە دانیشتووانی رەسەنی ئەوێ وەرنەگرتووە.
یۆنان و ئیتالیا
لەبەرئەوەی چیرۆکی فیلمەکە یۆنانییە، بەشێکی زۆری لەو وڵاتە وێنەی گیراوە؛ وەک ئەشکەوتی نێستۆر و قەڵای ئەکرۆکۆرینت.
لە ئیتالیاش، دوورگەی فاڤینانا بۆ نیشاندانی شاری 'ئیتاکا' (زێدی پاڵەوانەکە) بەکارهێندراوە. هەروەها بۆ وێنەگرتنی دیمەنی دەریا تووڕەکان کە پۆسایدۆن تووڕە دەبێت، چەند دوورگەیەکی گڕکانی لە ئیتالیا بەکارهێندراون.
سکۆتلاند و ئایسلاند
وێنەی بەشێک لە شەڕەکان لەگەڵ سەربازە زەبەلاحەکان لە دارستانەکانی سکۆتلاند گیراوە.
ئایسلاندیش کە نۆلان پێشتریش بۆ فیلمی Interstellar بەکاریهێناوە) بۆ وێنەگرتنی دیمەنەکانی جیهانی ژێرزەوی (دۆزەخ) بەکارهێندراوە، بەتایبەتی لمی رەشی کەناراوەکانی کە دیمەنێکی زۆر ترسناک و جیاوازی هەیە.
ماڵتا و ئەمریکا
دیمەنەکانی ژێر ئاو و شەڕەکانی نێو زەریا لە ستۆدیۆکانی ماڵتا وێنە گیراون. هەروەها ئەو ئەشکەوتەی کە پاڵەوانەکە تێیدا زیندانی دەکرێت هەر لە ماڵتایە.
تەنیا یەک بەشی کەمی فیلمەکە لە ستۆدیۆکانی یونیڤێرساڵ لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا وێنەی گیراوە، کە ئەویش بریتییە لە دیمەنی ژوورەوەی کۆشکەکە.



