رووداو - دیجیتاڵ
زیاتر لە نیو سەدەیە هەمان دەنگ لە گەڕەکی "هارلم" لە نیویۆرک دەبیسترێتەوە؛ فێستیڤاڵێک کە وەک وەڵامێکی هونەری بۆ جیاکاریی رەگەزی و نادادی دەستیپێکرد و ئێستا خولی 52ـەمینی بەڕێوەدەچێت. هارلم تەنیا گەڕەکێک نییە، بەڵکو ئەو پەناگەیەیە کە رەشپێستەکانی ئەمریکا لە ترسی رەگەزپەرستی بنیاتیان نا و بە مۆسیقا و کولتوور بەرگرییان لە بوونی خۆیان کرد.
مارکۆ نۆبڵس، سەرۆکی فێستیڤاڵی "هەفتەی هارلم" لەبارەی ناسنامەی گەڕەکەکەوە بە رووداوی راگەیاند: "هارلم کولتوورە، هارلم کۆمەڵگە و خێزانە. ئێرە دروستکەری ستایل و ترێندە؛ هارلم بێوێنەترین شوێنی سەر زەوییە."
ئەو رەشپێستانەی لە سەرەتای سەدەی رابردوو روویان لە هارلم کرد، جگە لە دەنگ و
مۆسیقا هیچ ئامرازێکی تریان بۆ بەرگری نەبوو. هەر لەسەر شانۆی (ئەپۆلۆ)ی ئەم گەڕەکە بوو کە مایکڵ جاکسن بە منداڵی دەرکەوت، و ئێلا فیتزجێراڵد لە تەمەنی 17 ساڵیدا بووە شاژنی جازی جیهان. تەنانەت ماڵکۆم ئێکس-یش لە شەقامەکانی هارلمەوە ئەو گوتارانەی پێشکەش کرد کە کەرامەتی رەشپێستەکانی هەژاند.
جۆش فریدمان، وێنەکێشێکی نیشتەجێی هارلمە و دەڵێت: "جیهانی هارلم بریتییە لە زنجیرەیەک لە شاکار؛ خەڵکی ئێرە ئەوانەن کە بە راستی خۆڕاگر بوون."
هەڕەشەیەکی نوێ؛ مۆسیقا ناتوانێت رێگری لێبکات سەردەمێک ترسی رەشپێستەکانی هارلم "جیاکاریی رەگەزی" بوو، بەڵام ئەمڕۆ هەڕەشەکە ئابوورییە. بەرزبوونەوەی خەیاڵیی تێچووی ژیان و کرێی خانوو خەریکە ناسنامەی گەڕەکەکە دەگۆڕێت و رەشپێستەکان ناچار بە کۆچ دەکات.
ئامارە مەترسیدارەکانی هارلم:
- بەرزبوونەوەی کرێ: لە نێوان 2002 بۆ 2014، کرێی خانوو لە هارلم 90%
بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا لە تەواوی نیویۆرکدا تەنیا 32% زیادی کردووە.
- کەمبوونەوەی دانیشتووان: لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2020، ژمارەی رەشپێستەکانی هارلم 10,805 کەس کەمی کردووە.
ڤانێسا مکلێری، یەکێک لە دانیشتووانی هارلم، چیرۆکی کۆچی خێزانەکەی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "ئەوەیە کە روودەدات؛ زۆربەی خێزانەکەم بارکرد بۆ ئەتڵانتا، چونکە لەوێ ژیان هەرزانترە و لێرە چیتر توانای دابینکردنی کرێی خانوومان نییە."
فێستیڤاڵی ئەمساڵ کە بە دروشمی "رێزلێنان لە میراتەکەمان" بەڕێوەچوو، یەکەمجارە بەبێ لۆید ویلیامز (دامەزرێنەری فێستیڤاڵەکە) بکرێت کە ساڵی رابردوو کۆچی دوایی کرد. هارلم نیشانیدا کە کاتێک گەلێک هەموو شتێکی لێ دەسەنرێتەوە، پەنا بۆ کولتوور دەبات تاوەکو وەک شوناسێکی نەممر بپارێزێت، بەڵام ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کولتوور دەتوانێت بەرگەی لێشاوی گرانبوونی بازاڕ بگرێت؟


