رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو لە خەڵاتەکانی کان بۆ میدیا و تەلەڤیزیۆنی ساڵی 2026، سەرکەوتنی گەورەی تۆمار کرد؛ ئەڵقەیەکی بەرنامەی (هێشتا ماویەتی) بە پێشکێشکاریی رۆژنامەڤانی دیاری رووداو و کوردستان، هیڤیدار ئەحمەد، خەڵاتی بەدەستهێنا و ئەلقەیەکی دیکەشی توانی بگاتە قۆناخی کۆتایی.
بەرنامەی (هێشتا ماویەتی: داهاتووی حیزبوڵڵا)، لە پۆلێنی Current Affairs (بابەتی رۆژەڤ) بووە براوەی خەڵاتی جامی دۆلفین. هاوکات، (هێشتا ماویەتی: کۆتایی مێزۆپۆتامیا) لە پۆلێنی ژینگە، ژینگەزانی و بەردەوامیدا، بووە بەربژێری قۆناخی کۆتایی واتە، فایناڵیست.
رێورەسمی فەرشی سووری خەڵاتەکانی کان بۆ میدیا و تەلەڤیزیۆن لە 24ـی ئەیلوولی 2026 لە شاری کانی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت و تێیدا رووداو بە فەرمی خەڵاتەکەی پێشکێش دەکرێت.
خەڵاتەکانی کان بۆ میدیا و تەلەڤیزیۆن لە ساڵی 2010 دامەزراوە و ساڵانە رێوڕەسمی دابەشکردنیان لە شاری کان لە فەرەنسا بەڕێوەدەچێت. ئەم فیستیڤاڵە بەرهەمی کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و ئاژانسە میدیاییەکان هەڵدەسەنگێنێت. تەنیا بەشێکی دیاریکراو لە بەرهەمە هەڵبژێردراوەکان دەبنە براوەی خەڵاتی دۆلفین.
تاوەکو ئێستا، بەنێوبانگترین دەزگا میدیاییەکانی جیهان لەم فیستیڤاڵەدا رێزیان لێنراوە، لەوانە: بلوومبێرگ میدیا، دەنگی ئەمریکا، ئەلجەزیرە، دۆیچە ڤێلە و واڕنەر برۆز دیسکەڤەری.
رێباز عەلی، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی تۆڕی میدیایی رووداو لەم بارەیەوە رایگەیاند: "ئەم خەڵاتە بەرهەمی کاری ماندوونەناسانەی ستافە بەتواناکەمانە لە بەشی بەرهەمهێنان و نیشانەی ئاستبەرزی هیڤیدار ئەحمەدە وەک رۆژنامەڤانێکی لێهاتوو لە بواری بنکۆڵکاریدا، هەروەها نیشانەی سەرکەوتنی ئێمەیە لە گێڕانەوەی چیرۆکە گرنگەکانی ناوچەکەمان بۆ جیهان. ئێمە شانازی دەکەین کە نوێنەرایەتیی میدیای کوردی دەکەین لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی دا و بەردەوام دەبین لە بەرهەمهێنانی نێوەڕۆکێکی کاریگەر و خاوەن ستانداردی بەرز."
بەرنامەی (هێشتا ماویەتی)، یەکێکە لە بەرنامە مەیدانییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لێکۆڵینەوەی ورد لەو دۆسیانە دەکات کە کاریگەرییەکانیان بەردەوامە، هەروەها پرسە نێوخۆیی و هەرێمییەکان بە گۆڕانکارییە سیاسی و ژینگەیییە نێودەوڵەتییەکانەوە گرێدەدات.
ئەمە 3یەمین خەڵاتی نێودەوڵەتییە کە بەرنامەی (هێشتا ماویەتی) لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک دا بەدەستی دەهێنێت. بەرنامەکە پێشتریش هەردوو خەڵاتی تێلی (Telly Awards) و خەڵاتی زێڕینی ستیڤی نێودەوڵەتی (Stevie Awards) وەرگرتووە.
تۆڕی میدیایی رووداو لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئەم سەرکەوتنە جارێکی دیکە پێگەی کاریگەری رووداو وەک دەزگایەکی میدیایی پێشەنگ لەسەر ئاستی جیهان دووپات دەکاتەوە."
تۆڕی میدیایی رووداو "بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی چیرۆکەکانی ناوچەکە بە بەرزترین ستانداردی پیشەیی و ناساندنی رۆژنامەڤانی کوردستان بە جیهان."



