رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی پۆڵەندا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سنوورەکانی وڵاتەکەی بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە و رێگەی نەداوە هیچ کۆچبەرێک بە نایاسایی بپەڕێتەوە. جەختیش دەکاتەوە کە لەرێگەی تەرخانکردنی سەتان ملیۆن دۆلار و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووەوە، بوونەتە خاوەن پارێزراوترین سنوور لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا.
لە وەڵامێکی فەرمیدا بۆ پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە رەوشی سنوورەکان، فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی ناوخۆی پۆڵەندا رایگەیاند: "ئێمە بە سەرکەوتوویی ئەو رێگە کۆچبەرییە دەستکردەمان داخست کە لەلایەن مۆسکۆ و مینسکەوە دروستکرابوو."
وەزارەتەکە باس لەوە دەکات کە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا، هیچ پەڕینەوەیەکی نایاسایی لە سنوورەکانیان تۆمار نەکراوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023ـدا نزیکەی 12 هەزار کەس و لە ساڵی 2024ـدا 5 هەزار و 300 کەس بە نایاسایی چوونەتە نێو پۆڵەنداوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کەواتە ئەمە سەرکەوتنێکی 100٪ـە."
سەبارەت بە هەوڵەکانی پەڕینەوە لەمساڵدا، وەزارەتی ناوخۆی پۆڵەندا بۆ رووداو روونیکردووەتەوە کە لە سەرەتای 2026ـەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئایار، تەنیا نزیکەی 215 هەوڵی پەڕینەوەی نایاسایی تۆمارکراون. ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2025 کە 10,600 هەوڵ بوون، زیاتر لە 40 هێندە کەمیکردووە و "سەرجەم هەوڵەکانی ئەمساڵیش بەسەرکەوتوویی رێگرییان لێکراوە."
وەزارەتەکە هۆکاری ئەم سەرکەوتنە دەگەڕێنێتەوە بۆ تووندکردنی رێکارەکانی ناوچەی دابڕێنەر و هەڵپەساردنی کاتیی مافی پەنابەری. بەهۆی ئەم رێکارانەشەوە، ژمارەی داواکارییەکانی مافی پەنابەری بەڕێژەی 35٪ بەراورد بە ساڵی 2022 کەمیکردووە. لەلایەکی دیکەشەوە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە دیپۆرتکراونەتەوە و فەرمانی گەڕانەوەیان بۆ دەرچووە، 26٪ (بەراورد بە ساڵی 2025) زیادیکردووە.
لەبەر بەردەوامیی گوشارەکانی کۆچبەران لەلایەن بێلارووسەوە، وەزارەتی ناوخۆی پۆڵەندا بڕیاریداوە ماوەی هێشتنەوەی ناوچەی دابڕێنەر لەسەر سنووری پۆڵەندا-بێلارووس بۆ 3 مانگی دیکە درێژبکاتەوە، کە بڕیارەکە لە 3ی حوزەیرانی 2026ـەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەیدا بۆ رووداو، وەزارەتی ناوخۆی پۆڵەندا ئاماژەی بەوە کردووە کە تاوەکو ئێستا 3 ملیار زڵۆتی (کە دەکاتە 810 ملیۆن دۆلار) بۆ پاراستنی سنوورەکانی خەرج کردووە؛ لەنێویاندا نزیکەی 1 ملیار زڵۆتی (270 ملیۆن دۆلار) بۆ دروستکردنی پەرژینێکی ئەلیکترۆنی و 442 ملیۆن زڵۆتی بۆ نۆژەنکردنەوەی بەربەستەکان.
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە لە مانگی ئاداری 2026ـەوە سیستمێکی زۆر پێشکەوتووی دژە درۆنی پۆڵەندی بە بڕی 60 ملیۆن زڵۆتی (160 هەزار دۆلار) خراوەتە کار، کە دەتوانێت لە دووریی سەتان کیلۆمەترەوە درۆنەکان دەستنیشان بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، لە سەرجەم 71 دەروازە سنوورییەکەی وڵاتەکەدا سیستەمی تۆمارکردنی چوونەژوورەوە و چوونەدەرەوە (EES) جێبەجێ کراوە و تاوەکو ئێستا داتای بایۆمەتریی 2.65 ملیۆن کەس کۆکراوەتەوە، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی سنوورەکە لە رووی دیجیتاڵییەوە بەتەواوی پارێزراوە.
لە کۆتایی وەڵامەکەیدا بۆ رووداو، وەزارەتی ناوخۆی پۆڵەندا جەخت دەکاتەوە: "سنووری رۆژهەڵاتی یەکێتیی ئەورووپا، یەکێکە لە باشترین و پارێزراوترین سنوورە دەرەکییەکان."



