رووداو دیجیتاڵ
سوپای یەمەن ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دژی بنکە و کەرەستە جەنگییەکانی حووسییەکان راگەیاند. ئەمەش لە وەڵامی ئەو هێرشانەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا کرانە سەر هێزەکانی حکومەت و هاووڵاتیانی سڤیل.
رۆژی شەممە، 8ـی ئابی 2026، ماجد نوزەیلی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی، ئۆپەراسیۆنەکە لە چەندین بەرەی جیاواز ئەنجامدراوە و ئامانجەکانی پێکاوە. نوزەیلی هۆشداریشی دا کە بەردەوامیی هێرشەکانی حووسییەکان وەڵامێکی سەربازیی تووند و "بەبێ بەزەییانەی" لێدەکەوێتەوە.
تاوەکو ئێستا حووسییەکان هیچییان لەبارەی هێرشەکە نەگوتووە و زەرەر و زیانەکانیش نەزاندراون.
ئەم جووڵەیەی سوپای یەمەن دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا حووسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر پارێزگای مەئریبی دەوڵەمەند بە نەوت چڕتر کردووەتەوە. رۆژی هەینی لە ئەنجامی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حووسییەکان بۆ سەر مەئریب، لانیکەم 10 کەس کوژران کە هەشت سەرباز و دوو هاووڵاتیی سڤیل بوون، هەروەها 26 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەم پێشهاتە تەنیا یەک رۆژ دوای ئەوە هات کە بەهۆی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر ناوچەی (سەحن ئەلجن) لە هەمان پارێزگا، 58 سەربازی سوپای یەمەن کوژرابوون.
شکستی ئاگربەست و مەترسیی جەنگێکی گەورە
هانس گروندبێرگ، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن، نیگەرانیی خۆی لە تێکچوونی دۆخەکە دەربڕی و رایگەیاند، ئێستا یەمەن لەبەردەم مەترسیی جەنگێکی گەورەدایە کە لە دوای ئاگربەستی ساڵی 2022ـەوە وێنەی نەبووە.
پارێزگای مەئریب کە ناوەندی وزەی یەمەنە، ئێستا لە نێوان هێزەکانی حکومەت و حووسییەکاندا دابەش بووە. سەرچاوە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە دەڵێن، مەئریب "هێڵی سوورە" و رێگە نادەن بکەوێتە دەست حووسییەکان.



