رووداو دیجیتاڵ
چەک لەنێو کۆگاکانی چەکی ئەمریکا کەم بووەتەوە، ئەمەش زیاتر بەهۆی شەڕی ساڵی 2026 لەگەڵ ئێران کە بە "ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا" ناسراوە. پێشتریش بەهۆی یارمەتیدانی ئۆکرانیا و شەڕەکانی دیکەی روژهەڵاتی نێوەڕاست، بڕێکی زۆر لەو چەکانە بەکارهاتبوون. مووشەکە پێشکەوتووەکان و سیستمەکانی بەرگری زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
ژمارەی راستی چەکەکان نەزانراوە؛ هەربۆیە ئەم زانیارییانە لە ناوەندە توێژینەوەکانی وەک CSIS و میدیاکانی وەک CNN و رۆیتەرز وەرگیراون:
کۆگاکانی چەکی ئەمریکا
| جۆری مووشەک / سیستم | بڕی پێش شەڕ | بڕی ماوە / ڕێژەی بەکارهاتوو | بارودۆخی ئێستا |
|---|---|---|---|
| پاتریۆت (Patriot) | ~2,200 دانە | کەمتر لە 1,100 دانە | زیاتر لە 50%ی بەکارهاتووە |
| تاد (THAAD) | 452 دانە | 184 دانە | ~80%ی بەکارهاتووە |
| تۆماهۆک (Tomahawk) | تەواوی کۆگا | بەکارهێنانی ~850 دانە | 1/3 تا 1/2ی یەدەگ بەکارهاتووە |
| ATACMS و PrSM | دیارینەکراو | نزیکەی 100% | هەمووی لە 5 مانگدا بەکارهاتووە |
| جاسم (JASSM) | دیارینەکراو | 40%ی بەکارهاتووە | 60%ی یەدەگ ماوەتەوە |
کەمبوونەوەی یەدەگی مووشەکەکانی ئەمریکا
ئەو چەکانەی زۆر کەم بوونەتەوە:
مووشەکی پاتریۆت (بۆ بەرگری ئاسمانی)
ئەمریکا پێش شەڕ، نزیکەی دوو هەزار و 200 دانەی هەبوو. ئێستا مەزەندە دەکرێ کەمتر لە هەزار و 100 دانەیان مابن.
سیستمی مووشەکیی پاتریۆت (MIM-104 Patriot) وێنە: ABACA
مووشەکی تاد (بۆ تێکشاندنی مووشەکی بالیستی)
پێش شەڕ 452 دانەی هەبوو، بەڵام راپۆرتەکان دەڵێن، نزیکەی 80٪یان بەکارهاتوون و تەنیا 184 دانەیان ماون.
سیستمی بەرگریی مووشەکیی تاد (THAAD) وێنە: سوپای ئەمریکا
مووشەکی تۆماهۆک
نزیکەی سێیەکی یان نیوەی هەموو ئەوو مووشەکانەی ئەمریکا بەکارهێنراون، واتە نزیکەی 850 دانە. ئەوەی ماوەتەوە تەنیا چەند هەزارێکە.
مووشەکی کروزی تۆماهۆک (Tomahawk Cruise Missile) وێنە: NASM Acc
مووشەکەکانی ATACMS و PrSM
راپۆرتەکان دەڵێن ئەمریکا "هەموو" ئەم مووشەکانەی لەو پێنج مانگەی شەڕەکەدا بەکارهێناوە.
مووشەکی تاکتیکیی زەوی بە زەوی ATACMS وێنە: رۆیتەرز
مووشەکی JASSM
نزیکەی 40٪یان بەکارهێندراون.
مووشەکی رێنموونیکراوی ئاسمانیی JASSM (AGM-158)
کاریگەرییەکانی ئەم کەمبوونەوەیە چییە؟
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، هەرچەندە چەکی پێویست بۆ بەردەوامبوونی شەڕی ئێران ماوە، بەڵام مەترسییەکان زیادیان کردووە. ئێستا ئەمریکا ناچارە تەنیا ئەو مووشەکانە بەکاربێنێت کە دەزانێت لە شوێنە گرنگەکان دەدەن و ناتوانێت هەموو مووشەکێک تێکبشکێنێت. هەروەها ناتوانێت وەک پێشوو یارمەتی هاوپەیمانەکانی بدات، بۆ نموونە ناردنی پاتریۆت بۆ ئۆکرانیا. گەورەترین مەترسیش ئەوەیە ئەگەر شەڕ لەگەڵ چین رووبدات، ئەمریکا چەکی پێشکەوتووی کەمی لەبەردەستە.
هەوڵەکان بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکان
ئەمریکا دەیەوێ بە خێرایی چەک دروست بکاتەوە، بەڵام ئەمە ساڵانێکی زۆری دەوێ. پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ دەڵێت، چەند ساڵێکی پێدەچێت.
هەنگاوەکان بریتین لە:
• داواکردنی 87 ملیار دۆلار بۆ کڕینی چەکی نوێ.
• گرێبەستی درێژخایەن لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەک (Lockheed Martin) بۆ ئەوەی کاری کارگەکانیان خێراتر بکەن.
• ئامانج ئەوەیە بۆ ساڵی 2030، ساڵانە دوو هەزار مووشەکی پاتریۆت دروست بکەن (جاران تەنیا 600 دانە بوو).
میدیای ئەمریکی دەڵێت، پێنتاگۆن پێویستی بە 3 ساڵ یان زیاترە تاوەکو کۆگاکانی وەک جاران لێ بکاتەوە.



