رووداو دیجیتاڵ
لەپێناو بەدەستهێنانی چەک بە خێرایی و ناردنی بۆ گۆڕەپانی جەنگ، سوپای ئەمریکا رایگەیاند، بنکە و گۆڕەپانەکانی مەشقی سەربازیی خۆی بەڕووی کۆمپانیا تایبەتەکاندا دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن مووشەک، درۆن و چەکەکانی دیکەیان تێدا تاقیبکەنەوە.
بۆچی ئەمریکا ئەم کارە دەکات؟
دان دریسکۆل، وەزیری سوپای ئەمریکا رایگەیاند، ئەم هەنگاوە بیرۆکراسی و ئاڵۆزیی رێکارە کارگێڕییەکان کەم دەکاتەوە، کە پێشتر رێگر بوون لەبەردەم کۆمپانیاکان؛ روونیشیکردەوە کە پێشتر ئەگەر کۆمپانیایەک بیویستایە چەکێک تاقیبکاتەوە کە یارمەتیی سەربازان دەدات، دەبوو 12 بۆ 18 مانگ چاوەڕێ بکات، بەڵام ئێستا لەرێگەی ماڵپەڕێکەوە کە رۆژی هەینی کارا کرا، هەر کۆمپانیایەک داواکاری پێشکێش بکات، لە ماوەی تەنیا 30 رۆژدا رێگەی پێدەدرێ چەکەکەی لە بنکەکانی ئەمریکا یان وڵاتانی هاوپەیمان تاقیبکاتەوە.
ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە، شێوازی شەڕ لە جیهاندا زۆر بەخێرایی دەگۆڕدرێ. بۆ نموونە، هێرشی بەکۆمەڵی درۆنەکانی ئێران (لە جۆری شاهید) بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، یان داهێنانەکانی ئۆکراینا لە بەکارهێنانی درۆن دژی رووسیا.
لەلایەکی دیکەشەوە، پێنتاگۆن بەدەست تێچووی زۆری شەڕی ئێرانەوە دەناڵێنێت، چونکە زۆربەی یەدەگی چەکە پێشکەوتووەکانی ئەمریکای کەمکردووەتەوە، بەتایبەتی ئەو مووشەکانەی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان بەکاردێن کە نرخی یەک دانەیان دەگاتە چەندین ملیۆن دۆلار.
کاریگەریی ئۆکراینا لەسەر ئەم بڕیارە
وەزیری سوپای ئەمریکا بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی راگەیاند، ئەم بڕیارە تاڕادەیەک بەهۆی ئەزموونی شەڕی ئۆکرایناوە بووە، کاتێک بینیویانە ئەو وڵاتە چەندە بەخێرایی سیستمی نوێی چەک دروست دەکات. دریسکۆل گوتیشی، دەیانەوێ تەواوی ئەو بەربەستانە بشکێنن کە لە 20 بۆ 30 ساڵی رابردوودا دروستیان کردوون و داوا لە کۆمپانیاکانیش دەکات، داهێنان بکەن و ئەمریکاش کڕیاری چەکەکانیان دەبێت، ئەگەر سەرکەوتوو بن.
ئێستا کۆمپانیاکانی دروستکردنی درۆن و مووشەک دەتوانن 5 بنکەی سوپای ئەمریکا بۆ تاقیکردنەوەی چەکەکانیان بەکاربهێنن، تەنانەت ئەگەر گرێبەستیشیان لەگەڵ سوپا نەبێت. یەکەمین کۆمپانیاش کە سوودی لەم بڕیارە بینی، کۆمپانیای (کۆڤینانت ئیندەستریز) بوو، کە مووشەکێکی نوێی کروزی لە بنکەیەکی سوپای ئەمریکا لە مەغریب تاقیکردەوە.
مەترسیی کەمبوونەوەی یەدەگی چەکی ئەمریکا
ئەم هەوڵە نوێیەی ئەمریکا بۆ بەرهەمهێنانی چەکی خێرا، دوای ئەوە دێت کە راپۆرتێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی و ستراتیژی (CSIS) هۆشداری دا کە شەڕی ئێران بووەتەهۆی ئەوەی ئەمریکا بەشێکی زۆری ئەو مووشەکە پێشکەوتووانەی لێ کەم ببێتەوە کە بۆ بەرگریی ئاسمانی بەکاریان دەهێنێت، وەک سیستمی پاتریۆت و تاد. راپۆرتەکە دەڵێ، ئەم کەمبوونەوەیە رەنگە وا بکات ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرکێشیی زیاتر بکەن بۆ ئەوەی دەست بەو چەکانەوە بگرن و زوو بەکاریان نەهێنن.
بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە ئەم راپۆرتانەی رەتکردەوە و گوتی، راستە هەمیشە پێویستیان بە چەکی زیاترە، بەڵام جەختی کردەوە کە هەندێک جۆری تەقەمەنییان "بێ سنوورە" و هەندێکی دیکەشیان "کەمێک سنووردارە"، بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بدات.
وەزیری سوپای ئەمریکاش خۆی لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان لەسەر یەدەگی چەکی ئەمریکا دزییەوە و تەنیا گوتی: "ئێمە گەورەترین کۆگەی چەکمان لە مێژووی جیهاندا هەیە."



