رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، زانایان بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد توانیان جۆرە ڤایرۆسێکی نوێ دروست بکەن کە پێشتر لە سرووشتدا نەبووە. هەرچەندە زانایان زۆر وریابوون کە ئەم ڤایرۆسە بۆ مرۆڤ نەبێت، بەڵام ئەم پێشکەوتنە، لای شارەزایان بووەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ لەوەی کە رەنگە لە داهاتوودا کەسانی خراپەکار و شەڕەنگێز، بە ژیریی دەستکرد ڤایرۆسی کوشندە دروست بکەن و مرۆڤایەتی تووشی پەتای گەورە و ترسناک بکەن.
چۆن ڤایرۆسەکە دروستکرا؟
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستیی (Science) بڵاوکراوەتەوە، زانایانی پەیمانگەی ئارک (Arc Institute) لە کالیفۆرنیای ئەمریکا، مۆدێلێکی ژیریی دەستکردیان بە ناوی ئیڤۆ (Evo) بەکارهێناوە. ئەوان زانیاریی دی ئێن ئەیی (DNA) سرووشتییان داوەتە ئەم بەرنامەیە بۆ ئەوەی لێی فێربێت.
🧪 ئەنجام: ڤایرۆسەکان توانایان هەبوو بەسەر ئەو بەکتریایانەدا زاڵ بن کە بەرگرییان پەیداکردبوو.
ئایا ئەم ڤایرۆسە بۆ مرۆڤ مەترسیدارە؟
نەخێر. زانایان زۆر وریابوون کە مۆدێلەکە لەسەر هیچ ڤایرۆسێک رانەهێنن کە مرۆڤ نەخۆش بخات، بۆیە ئەم ڤایرۆسانەی ئێستا دروستکراون تەنیا دەتوانن هێرش بکەنە سەر بەکتریا نەک مرۆڤ.
— برایان هی، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە: "ئێمە دەمانویست زۆر زۆر ئاگادار و وریا بین."
بۆچی خەڵک و شارەزایان دەترسن؟
ئەگەرچی ئەم ڤایرۆسانە سەلامەتن، بەڵام دەرگایەکی مەترسیداریان کردووەتەوە. دکتۆر مۆریتز هانکە، شارەزا لە ئاسایشی تەندروستی هۆشداری دەدات:
"سبەی دەتوانیت بە ژیرییە دەستکردەکە بڵێیت: وەرە ڤایرۆسێکی ئەنفلەوەنزام بۆ دروست بکە کە زۆر خێراتر بڵاوببێتەوە و زۆر کوشندەتر بێت."
— دکتۆر مۆریتز هانکە، شارەزای ئاسایشی تەندروستیکێشە گەورەکە ئەوەیە کە ئێستا تەکنەلۆجیای دروستکردنی ڤایرۆس بە ژیریی دەستکرد هەیە، بەڵام هیچ یاسا و رێسایەک نییە بۆ کۆنترۆڵکردن و پاراستنی لە دەستی خراپەکاران.
بۆچوونێکی جیاواز
ترسەکە گەورە کراوە؛ چونکە بۆ کەسێکی خراپەکار، زۆر ئاسانترە ڤایرۆسێکی ئێستا کە لە سرووشتدا هەیە بهێنێت و بە رێگەی زانستی و تاقیگە دەستکاری بکات تاوەکو کوشندەتری بکات، وەک لەوەی داوا لە ژیریی دەستکرد بکات لە سفڕەوە ڤایرۆسێکی بۆ دروست بکات.
مەترسییە گەورەکە ئەوەیە ژیریی دەستکرد دەتوانێت شتێک دروست بکات کە پێشتر هەرگیز نەمانبینیوە، "مەترسیی شتێک کە هەرگیز پێشتر نەمبینیبێت چی دەبێت؟ هیچ کەسێک ناتوانێت پێشبینیی زیانەکانی بکات!"



