رووداو دیجیتاڵ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی بەرفراوانی تایبەت بە سەپاندنی سزا بەسەر کەرتی وزەی رووسیادا پەسندکرد. ئامانج لەم هەنگاوە بڕینی ئەو سەرچاوە داراییەیە کە مۆسکۆ بۆ "پارەدارکردنی جەنگی ئۆکراینا بەکاریدەهێنێت". پڕۆژەیاساکە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت، بەڵام بەهۆی پشووی هاوینەی کۆنگرێسەوە، تاوەکو سەرەتای مانگی ئەیلوول دەنگی لەسەرنادرێت. ئەم پاکێجە سزای تووند بەسەر بەشێک لە بەرپرسانی رووسیا، ملیاردێرەکان و دامەزراوە داراییەکاندا دەسەپێنێت، هەروەها لە ئەگەری پەسندکردنی، یاساکە رێگە بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەدات، پێناسەی گومرگی تاوەکو 500٪ بخاتەسەر هاوردەکردنی نەوت و گازی رووسیا. سزادانی کڕیارانی نەوتی رووسیا - چین و هیندستان لە لیستەکەدان خاڵە هەرە سەرەکییەکەی ئەم پڕۆژەیاسایە ئەوەیە کە دەسەڵات دەداتە ترەمپ تاوەکو 100٪ باج بخاتەسەر ئەو کاڵایانەی لەو وڵاتانەوە هاوردەی ئەمریکا دەکرێن کە کڕیاری سەرەکیی نەوت و گازی رووسیان، لەوانەش چین و هیندستان. پاڵپشتیکارانی پڕۆژەیاساکە دەڵێن، بڕینی داهاتی وزەی رووسیا "تاکە رێگەیە بۆ لاوازکردنی توانای ڤلادیمیر پووتین لە بەردەوامیدان بە جەنگ." ئەم پڕۆژەیاسایە بەناوی لیندزی گراهام کراوە، کە رۆژی 11ـی تەممووزی رابردوو کۆچی دواییکرد. گراهام زیاتر لە ساڵێک کاری بۆ کۆکردنەوەی پاڵپشتی بۆ ئەم پڕۆژەیاسایە کرد و پێش مردنیشی لەگەڵ کۆشکی سپی رێککەوتبوو کە سزاکانی سەر کەرتی وزە و چەکی ئێرانیش بۆ ناو هەمان پڕۆژە زیادبکرێن. کاردانەوەکان؛ "زمانێک کە رووسیا تێیدەگات" دارلین گراهام، خوشکی سیناتۆری کۆچکردوو، رایگەیاند کە پەسندکردنی ئەم پڕۆژەیاسایە جگەلەوەی رێزلێنانە لە براکەی، "دەبێتەهۆی بەدیهێنانی ئاشتی لەڕێگەی بڕینی ئەو بودجەیەی ئامێری جەنگیی رووسیای پێ بەهێزدەکرێت." هاوکات جین شاهین، سیناتۆری دیموکرات، رایگەیاند، "ڤلادیمیر پووتین تەنیا لە زمانی هێز تێدەگات و تەنیا وەڵامی بۆ گوشار هەیە. ئەم یاسایە باشترین هەلە بۆ ئەوەی دواجار ئامێری جەنگیی رووسیا چۆکپێدابدەین." لەبەرامبەردا، باڵیۆزخانەی رووسیا لە واشنتن سەرکۆنەی پڕۆژەیاساکەیکرد و رایگەیاند کە ئەم هەنگاوە تەنیا زیان بە ئیدارەی ئێستای ئەمریکا دەگەیێنێت. گوشارەکانی ئەورووپا ئەم هەنگاوەی واشنتن هاوکاتە لەگەڵ تووندبوونی گوشارەکانی ئەورووپا. مانگی رابردوو یەکێتیی ئەورووپا لەسەر 21ـەمین پاکێجی سزاکانی سەر مۆسکۆ رێککەوت. ئەم پاکێجە جەخت لەسەر جێگیرکردنی ئاستی نرخی نەوت دەکاتەوە تاوەکو رێگری لە مۆسکۆ بکات سوود لە بەرزبوونەوەی نرخ بەهۆی جەنگی ئێرانەوە وەربگرێت. سزا نوێیەکانی ئەورووپا کەرتی دارایی و کۆمپانیاکانی دراوی دیجیتاڵیش لە رووسیا دەگرنەوە، بەڵام پێشنیازی قەدەخەکردنی گشتیی ڤیزە بۆ هاووڵاتییانی رووسیا بۆ کاتێکی نادیار وەلانرا.