رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران بەهۆی ترسی لە لێدانی سەربازی، ئارەزووی گەیشتن بە رێککەوتن دەکات. ترەمپ راشیگەیاند، سەرکەوتنی ئەمریکا لە بواری ژیریی دەستکرددا لە هەموو شتێک گرنگترە تاوەکو رێگری لە هەژموونی چین بگرن.
دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ پێگەی (پەنچبۆڵ نیوز) رایگەیاند، تاران نایەوێت رووبەڕووی هێرشی سەربازی ببێتەوە، هەر بۆیە دەیانەوێت لەگەڵ واشنتن بگەنە لێکتێگەیشتن. ترەمپ گوتی: "ئەوان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن. دیارە کە نایانەوێت لێیان بدرێت. دەیانەوێت رێککەوتن بکەن، بۆیە بزانین چی روودەدات."
ژیریى دەستکرد و ململانێى چین
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە ململانێی تەکنەلۆژی لەگەڵ پەکین کرد و گوتی، رێگە نادەن چین لە بواری ژیریی دەستکرد و دراوی کریپتۆدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. ترەمپ گوتی: "هەرکەسێک لە ژیریی دەستکرددا بیباتەوە، هەموو شتێک دەباتەوە. ئەوەندە گەورەیە. ئەم بوارە چەندین جار لە ئینتەرنێت گەورەترە. بوارەکە گەورەتر دەبێت لەوەی کە هەر کەسێک تاوەکو ئێستا بە خەیاڵیدا هاتبێت، تەنانەت وێنا ناکرێت چەندێک گەورە دەبێت."
ترەمپ جەختی کردەوە لەوەى ئەمریکا لە بواری ژیریی دەستکرددا لە پێش چینەوەیە و گوتی: "هیچ کەسێک بڕوای نەدەکرد کە ئێمە بەم شێوەیە لە پێش چینەوە بین، ئەمەش بەهۆی منەوەیە؛ بایدن هیچ بیرۆکەیەکی نەبوو کە ئەمە چییە."
هاوکات، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە گرنگیی دراوە دیجیتاڵییەکان کرد و رایگەیاند، ئەم دراوانە گوشار لەسەر دۆلاری ئەمریکی کەمدەکەنەوە و ئەوەش بۆ وڵاتەکەیان باشە. ترەمپ گوتی: "کریپتۆ شتێکی گەورەیە. زیاتر و زیاتر دەبینم کە خەڵک بە بیتکۆین پارە دەدەن و چیدی پارەی کاش ناناسن." لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد کە چین، ژاپۆن و وڵاتانی دیکە ویستێکى زۆریان هەیە کۆنتڕۆڵی ئەم بوارە بکەن، بەڵام ئەمریکا ئێستا تێیدا باڵادەستە و رێگە نادەن چین جڵەوی بگرێتە دەست.
ترەمپ رەخنەی لە بەکارهێنانی وزەی "با" گرت و وەک "کارەسات" وەسفی کرد، لە کاتێکدا ئاماژەی بەوە کرد، چین لەرێگەی بەکارهێنانی خەڵوز، نەوت و غازەوە بڕێکی زۆر وزە بەرهەم دەهێنێت. ترەمپ گوتی، سەرۆکی چین پیاوێکی لێهاتووە و بڕێکی بێوێنە وزە بەرهەم دەهێنێت، هەرچەندە پانکەی هەوایی دروست دەکەن، بەڵام زۆر بەکاری ناهێنن چونکە "ئەوان زیرەکن و دەزانن وزەی با کارەساتە."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دۆخێکى ناجێگیردایە بەهۆى جەنگى ئێران کە لە نێوان رێککەوتن و دەستپێکردنەوەى جەنگێکی گشتگیردایە. ترەمپ پێشتر بە چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی وەک "نەڕەی شێر" و گەمارۆی دەریایی، گوشاری زۆری خستبووە سەر تاران تاوەکو ناچاری بکات بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن.



