رووداو دیجیتاڵ
میدیا ناوخۆییەکانی تایلەند لە زاری بەرپرسانیانەوە بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە رووداوێکی تەقەکردن دا لە قوتابخانەیەکی باکووری بانکۆکی پایتەخت، دوو خوێندکار کوژران و لانیکەم 15ی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی هەینی، 7ی ئابی 2026، کەناڵی تی بی ئێسی تایلەندی کە میدیای فەرمی وڵاتەکەیە بڵاویکردەوە: "تەقەکردنەکە لە ئامادەییەکی ناسراو لە قەزای 'بانگ کروای' لە پارێزگای نۆنتابووری روویداوە. ئامارە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوو خوێندکار کوژراون و لەنێوان 10 بۆ 15 کەس بریندار بوون."
تایلەند یەکێکە لەو وڵاتانەی ناوچەکە کە بەرزترین رێژەی هەڵگرتنی چەکی تێدایە؛ مەزەندە دەکرێت نزیکەی 10 ملیۆن پارچە چەک لە دەستی خەڵکدا بێت، واتە بۆ هەر 7 هاووڵاتییەک یەک چەک هەیە.
سەرەڕای بەڵێنە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ تووندکردنەوەی یاساکانی هەڵگرتنی چەک، بەڵام رووداوەکانی تەقەکردن بەردەوام دووبارە دەبنەوە.
لە مانگی شوباتی رابردوودا، مێرمنداڵێک لە قوتابخانەیەکی باشووری وڵاتەکە تەقەی کرد و بەهۆیەوە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە کوژرا و دوو خوێندکاریش بریندار بوون.
هەروەها لە ساڵی 2022دا، یەکێک لە خوێناویترین کۆمەڵکوژییەکانی وڵاتەکە روویدا کاتێک پۆلیسێکی پێشوو بە چەک و چەقۆوە هێرشی کردە سەر دایەنگەیەک و 36 کەسی کوشت، کە 24یان منداڵ بوون.


