رووداو دیجیتاڵ
فەرحان هەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو هۆشدارییەکی تووند لەبارەی تێکچوونی ئاسایشی جیهان دەدات و رایدەگەیێنێت، ئێستا مەترسیی ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و لە هەموو کات زیاترە.
فەرحان هەق ئاماژەی بەوە کرد کە دابەشبوونی جیۆپۆلەتیکی جیهان زۆر قووڵ بووەتەوە و متمانە لە نێوان وڵاتاندا نەماوە. راشیگەیاند کە ئەو رێگرییانەی پێشتر بۆ رێگری لە کارەساتی ئەتۆمی هەبوون، ئێستا لەژێر گوشارێکی زۆردان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتی باسی لە شکستهێنانی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کرد و گوتی: "پەیماننامەی (نیو ستارت) بەسەرچووە و رێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی شکستی هێناوە." هەروەها ئاشکرای کرد کە هەریەک لە واشنتن و مۆسکۆ پلانیان هەیە جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانیش، فەرحان هەق نیگەرانیی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەربڕی و گوتی: "ئێران رێگەی نەداوە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بچێتە نێو بنکەکانی." داواشی لە تاران کرد هاوکارییەکی تەواوی ئاژانسەکە بکات بۆ چاودێریکردنی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی.
فەرحان هەق جەختی کردەوە کە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و رێگری لە هەر کارەساتێکی چاوەڕوانکراو، بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و فەحان هەق
فەرحان هەق: سکرتێری گشتی هۆشداریدا کە ئێمە لە سەردەمی قووڵبوونەوەی دابەشبوونی جیۆپۆلەتیکی، بەرزبوونەوەی بێمتمانەیی و تووندبوونەوەی کێبڕکێداین. ئەو نەریت و رێگرییانەی یارمەتیدەر بوون بۆ رێگرتن لە کارەساتێکی ئەتۆمی، لەژێر گوشاردان.
رووداو: گوتت سکرتێری گشتی دەڵێت ئەو رێگرییانەی نەیانهێشتووە کارەساتی ئەتۆمی رووبدەن "لەژێر گوشاردان". ئایا ئەمە بەکەمگرتنی بارودۆخەکە نییە؟ هیچ رێگرییەکی سەرەکی نەماوە. پەیماننامەی "نیو ستارت" مانگی شوبات بەسەرچوو. کۆنفرانسی پێداچوونەوە بە پەیماننامەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) بۆ سێیەم جار لەسەریەک لە مانگی ئایاردا شکستی هێنا. ئایا نابێت سکرتێری گشتی زمانێکی تووندتر بەکاربهێنێت بە لەبەرچاوگرتنی مەترسیی بارودۆخەکە، لە کاتێکدا مۆسکۆ و واشنتن پلانی گەڕانەوە بۆ تاقیکردنەوەی ئەتۆمی دادەنێن؟
فەرحان هەق: پێموایە سکرتێری گشتی بە شێوەیەکی تووند و چەندین جار سەرنجی خستووەتە سەر ئەو کێشانەی کە ئاماژەت پێدان. ئەو پێداگری دەکات کە لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆکانی پەیماننامەی رێگری لە تەشەنەکردنی چەکی ئەتۆمی. نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە کێشەکانی نوێنەکردنەوەی پەیماننامەی "نیو ستارت" لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و فیدراسیۆنی رووسیا. زۆر گرنگە دڵنیا بینەوە لەوەی کە چەکی ئەتۆمی هەرگیز جارێکی دیکە بەکارناهێنرێت. ئێستا، بۆ یەکەمجار لە دوای چەندین ساڵ، مەترسی ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە هەموو کاتێک زیاترە، و ئەویش لەو بارەیەوە زۆر روون بووە.
رووداو: تەنیا دەمەوێت بزانم، لە مانگی شوباتەوە کە "نیو ستارت" ئیکسپایەر بوو، ئایا سکرتێری گشتی هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆک ترەمپ یاخود سەرۆک پووتین هەبووە؟
فەرحان هەق: پێموایە ئێمە لە رێگەی نووسینگەی کاروباری داماڵینی چەکەوە لە پەیوەندیدا بووین لەگەڵ بەرپرسانی دیکە بۆ گەیاندنی نیگەرانییەکانمان. بەڵام نیگەرانییەکانی خۆمان بە شێوەیەکی ئاشکرا راگەیاندووە سەبارەت بە پێویستیی درێژکردنەوەی ئەو جۆرە سنووردارکردنانەی خراونەتە سەر چەکە ئەتۆمییەکان.
رووداو: دوایین پرسیار سەبارەت بە ئێران. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) دەڵێت تا ئێستاش رێگەیان پێنەدراوە بچنە ناو شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. سکرتێری گشتی تا چەند نیگەرانە، و ئایا ئامادەیە داوا لە حکومەتی ئێران بکات کە رێگەی تەواو بۆ ئاژانسەکە بکاتەوە؟
فەرحان هەق: ئێمە بەردەوام داوامان لە ئێران کردووە کە ئەو دەستڕاگەیشتنەی پێویستە بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دابین بکات. ئەمە بەشێکی گرنگ بووە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانە بەکاردەهێنرێت، و جارێکی تریش داوایان لێ دەکەینەوە ئەو کارە بکەن. ئەمە بابەتێکی جیاوازە لەو کێشانەی کە سەبارەت بەو ململانێیە باسمان کردووە کە لە 28ی شوباتەوە لە ئارادایە.


