رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا و قەتەر ئاماژە بە "پێشڤەچوون" لە دانوستاندنەکان بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز دەکەن. هاوکات لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکان، هێرش کرایە سەر کەشتییەک لە نزیک کەناراوەکانی عومان و دۆناڵد ترەمپیش دەڵێ، ئەمە "دوایین هەلی" ئێرانە.
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەنێو بارەگای وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە کۆنفقانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پێشکەوتن لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بۆ کردنەوەی تەواوەتیی تەنگەی هورمز بەدەستهاتووە، بەڵام گوتی: "هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەنجامی کۆتایی."
روبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو رێککەوتنەی ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێ تەنیا تایبەتە بە تەنگەی هورمز و بۆ پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، پێویستە رێککەوتنێکی دیکەی جیاواز واژۆ بکرێ.
هاوکات سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بە کەناڵی (سی ئێن بی سی) راگەیاند، هیوا هەیە "ئەمڕۆ یان سبەی" رێککەوتنەکە واژۆ بکرێ. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دایە تاران و گوتی: "ئەمە دوایین هەلی ئێرانە پێش ئەوەی لەنێو ببرێن."
نێوەندگیری قەتەر و عومان
ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و پشتگیری لە هەوڵەکانی عومان دەکات بۆ نێوەندگیری. ماجد ئەنساری هیوای خوست کە "لە کاژێرەکان یان رۆژانی داهاتوودا" رێککەوتن بکرێ.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ گفتوگۆیەکی راستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتن نییە، بەڵکو تەنیا لەرێگەی نێوەندگیرەکانەوە رەشنووسی رێککەوتنەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
سەبارەت بە تەنگەی هورمزیش، ماجد ئەنساری ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت ئازادیی هاتووچۆی دەریایی هەبێت، چونکە 20%ی نەوت و گازی جیهان بەوێدا تێدەپەڕێ.
یەکێک لە خاڵە جێناکۆکەکان ئەوەیە کە ئێرانییەکان داوای "باج" دەکەن لەو کەشتییانەی بە تەنگەکەدا تێدەپەڕن، بەڵام ئەمریکییەکان رایانگەیاندووە کە ئەمە قبووڵ ناکەن.
لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن، ئاژانسی ئاسایشی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، بەیانی رۆژی سێشەممە، کەشتییەکی بارهەڵگر لە تەنگەی هورمز و لەنێو ئاوەکانی عومان، بە "تەنێکی نەناسراو" پێکراوە.
تاوەکو ئێستا زانیاری لەسەر زیانە گیانی و مادییەکان رانەگەیێندراوە.



