رووداو دیجیتاڵ بەرپرسانی فەرەنسا رایانگەیاند، کەشتییەکانی فەرەنسا و بەریتانیا 157 کۆچبەریان رزگارکردووە دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز ئاگری گرتووە. رۆژی سێشەممە 04-08-2026 بەرپرسان رایانگەیاند، ئەم پرۆسەیە بە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردن دادەنرێت لەوکاتەوەی تۆمارکردنی ئامارەکان لە ساڵی 2018ـەوە دەستیپێکردووە. نووسینگەی پارێزگاری ناوچەی پادێکالێ رایگەیاند: "بەیانیی رۆژی سێشەممە بەلەمێکی بچووک لەسەر سنووری ئاویی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا ئاگری گرت، ئەمەش وایکرد سەرنشینەکانی خۆیان فڕێبدەنە نێو ئاوەکەوە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە. دەسەڵاتدارانی دەریایی فەرەنسا روونیان کردەوە، کۆچبەرەکان رۆژی دووشەممە گوندی کەناراویی ڤوللێرۆز یان لە ناوچەی نۆرماندی جێهێشتووە. لە چەند هەفتەی رابردوودا، شایەتحاڵەکان دەڵێن، بەلەمی چووپی گەورەتر لە قەبارەی ئاساییان بینیوە بە رێڕەوی کەشتییەکاندا دەپەڕنەوە و درێژییەکەیان نزیکەی 12 مەتر بووە لەبری 8 یان 10 مەتری ئاسایی. دەسەڵاتدارانی دەریایی رایانگەیاند، تێکڕای ژمارەی ئەو کەسانەی لەنێو ئەم بەلەمە بچووکەکاندا کۆدەبنەوە بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک لە ساڵی 2021دا 26 کەس بوون و لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بوونەتە 65 کەس. ساڵانێکە فەرەنسا خاڵی دەستپێکە بۆ ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بپەڕنەوە بۆ ئەوەی بگەنە بەریتانیا. کۆچبەران زۆرجار بە پێدانی هەزاران دۆلار بە قاچاخچییەکان، سواری بەلەمی چووپی پڕ لە سەرنشین دەبن بۆ ئەو گەشتە مەترسیدار و هەندێک جاریش کوشندەیە بەنێو یەکێک لە قەرەباڵخترین رێڕۆکانی کەشتیوانی لە جیهاندا. پار زیاتر لە 41 هەزار کۆچبەر گەیشتنە کەناراوەکانی باشووری ئینگلتەرا، ئەمەش دووەم بەرزترین ژمارەی ساڵانەیە لە ساڵی 2018ـەوە تۆمارکرابێت. بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکانی فەرەنسا و بەریتانیا، ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا 14 کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە نۆکەندەکە گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ئامارێکی هاوشێوەی ئاژانسەکە، پار لانی کەم 29 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز گیانیان لەدەستداوە.
جیهان04-08-2026سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش، لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چی بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان دەکرێت
جیهان04-08-2026بەهۆی بڵاوکردنەوەی پۆرنۆگرافیی منداڵان، تەلەگرام بۆ ماوەیەک لە ئەپ ستۆر لابرا و گەڕێنرایەوە