رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی ناوخۆی کۆریای باشوور رایگەیاند، ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا 16 کەس بەهۆی گەرمای هاوینەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە، شەپۆلێکی گەرمای تووند وڵاتەکەی گرتووەتەوە. رۆژی سێشەممە 04-08-2026 وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە نێوان 15ـی ئایار بۆ 2ـی ئاب، بەگشتی دوو هەزار و 25 کەس تووشی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە گەرما بوون، لەو ژمارەیەش 16 کەس گیانیان لەدەستداوە. لی جای میونگ، سەرۆکی کۆریای باشوور گوتی: "شەپۆلەکانی گەرمای پێوانەیی رۆژ لەدوای رۆژ لە سەرتاسەری وڵاتدا بەردەوامن. لە هەندێک بەشی ناوچەی باشوور، گەرمایەکی بێپێشینەی سەروو 40 پلەی سیلیزی بۆ چەند رۆژێکە بەردەوامە، ئەمەش ژیانی رۆژانەی خەڵکیشی سەخت کردووە." لە هەفتەی رابردوودا سێ جار ژمارەی پێوانەیی گەرما لە کۆریای باشوور شکێنراوە، بەرزترین ئاستی مێژووییش رۆژی یەکشەممە لە شاری یانگسان تۆمارکرا کە گەیشتە 42.5 پلەی سیلیزی. رۆژی سێشەممە تەواوی شاری سیئۆلی پایتەخت لەژێر بەرزترین ئاستی هۆشداریی "شەپۆلی گەرمای تووند"ـدا بوو، پێشبینیش دەکرێت پلەی گەرما جارێکی دیکە بۆ نزیکەی 40 پلەی سیلیزی بەرزبێتەوە. ئاژانسی کەشوهەوای کۆریای باشوور لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە دۆخەکە هۆشداریدا و رایگەیاند: "پێشبینیی گەرمایەکی لەڕادەبەدەر و مەترسیدار دەکرێت."
جیهان04-08-2026بەهۆی بڵاوکردنەوەی پۆرنۆگرافیی منداڵان، تەلەگرام بۆ ماوەیەک لە ئەپ ستۆر لابرا و گەڕێنرایەوە