رووداو دیجیتاڵ دەسەڵاتدارانی ئەمریکا پیاوێکیان بە گومانی تێوەگلان لە گەورەترین ئاگری شاری سپۆکەین لە ویلایەتی واشنتن لە باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە دەستگیرکرد، ئەمەش لە کاتێکدایە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن و بەهۆیەوە دەیان هەزار کەس ئاوارە بوون. رۆژی دووشەممە 03-08-2026 بەرپرسانی ویلایەتی واشنتن رایانگەیاند، ئاگرێکی گەورە بەهۆی وشکەساڵی و گەرمایەکی زۆرەوە شاری سپۆکەینی گرتووەتەوە، بەهۆیەوە هەزاران دۆنم زەوی و سەدان باڵەخانە سووتاون، خێزانەکانیش چاوەڕێی گەڕانەوەن بۆ ماڵەکانیان. جۆن ناوڵز، بەرپرسی پۆلیسی شاری سپۆکەین روونیکردەوە، گومانلێکراوێکی تەمەن 37 ساڵ بە ناوی (ئارۆن فاریناچی) بە تۆمەتی ئاگرتێبەردانی ئەنقەست دەستگیرکراوە. پۆلیسەکە گوتیشی، شایەتحاڵێک گومانلێکراوەکەی بینیوە لە نزیک ئەو شوێنەی ئاگرەکەی لێ کەوتووەتەوە. ناوڵز ئاماژەی بەوە کرد، فاریناچی سەرەتا رۆژی شەممە لە نزیک شوێنی ئاگرەکە دەستگیرکراوە و دواتر ئازاد کراوە، بەڵام دوای ئەوەی پۆلیس بەڵگەی تێوەگلانی دەستکەوتووە، دووبارە دەستگیریان کردووەتەوە. هەروەها رایگەیاند، گومانلێکراوەکە پێشتر تاوانی کوشتنی بەبێ مەبەستی هەبووە. پۆلیسی شارەکە ئەوەشی خستەڕوو: "پێمان وایە بە شقارتە یان چەرخ ئاگرەکەی کردووەتەوە، چونکە کاتێک دەستگیرکرا شقارتەی دژەئاو و چەرخێکی پێ بووە." هاوکات رەتیکردەوە گومانلێکراوەکە پەیوەندی بە دوو ئاگرە گەورەکەی دیکەی ناوچەکەوە هەبێت. بەرپرسان دەڵێن، بەپێی دیمەنە ئاسمانییەکان لە کۆتایی هەفتەی رابردووەوە لە نێوان 700 بۆ 1,110 باڵەخانە و خانوو سووتاون. بەگوێرەی ئامارە حکومییەکان، سێ ئاگرەکە یەکیان گرتووە و زیاتر لە هەشت هەزار دۆنم زەوییان لە ناوچەی سپۆکەین سووتاندووە، بەڵام تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سوودیان لە دابەزینی پلەی گەرما و شێی بەرز و دووکەڵی چڕ وەرگرتووە بۆ کۆنترۆڵکردنی بەشێکی ئاگرەکان. بەرپرسانی خۆجێیی رایانگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ بریندارێک تۆمار نەکراوە. پێشبینیش دەکرێت رۆژی سێشەممە پلەی گەرما دابەزێ، بەڵام بۆ ماوەیەکی کورت دەبێت و لە ناوەڕاستی هەفتەدا دووبارە گەرما دەستپێدەکاتەوە. ڤیدیۆکانی رۆژی یەکشەممە دەریدەخەن دەیان ماڵ بەتەواوی سووتاون، لە کاتێکدا ماڵەکانی دەوروبەریان هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە. جێف بیدڵز، دانیشتوویەکی ناوچەکە کە لەگەڵ دەستگیرانەکەی ئاوارە بووە گوتی: "تەنیا سەیرکردنی ئەو ماڵانە، یەکێکە لە دڵتەزێنترین ئەو دیمەنانەی لە ژیانمدا بینیبێتم." ناوڵز باسی لەوە کرد، تیمەکانیان هەوڵدەدەن پەیوەندی بە 14 کەسەوە بکەن کە تاوەکو ئێستا مۆبایلەکانیان بەردەست نین، بەڵام هێشتا وەک بێسەروشوێن هەژمار نەکراون. ئەو گوتی: "پێشبینی دەکەین نزیکەی 65 هەزار کەسمان لەو ناوچانە گواستبێتەوە، دەرکردنی ئەو ژمارە زۆرە لە خەڵک لە ناوچەیەکی پڕ ئاگردا و لە ماوەی چەند کاژێرێکدا، کارێکی سەرسوڕهێنەر بوو." لیزا براون، سەرۆکشارەوانیی شارەکە ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسان گەڕەک بە گەڕەک دەگەڕێن بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان و ناتوانن بە خەڵک بڵێن کەی دەتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان. براون گوتی: "رەنگە چەند هەفتەیەک بخایەنێت، ئەوەش بەپێی شوێنی ماڵەکان دەگۆڕێت." بۆب فێرگسن، حاکمی واشنتن رایگەیاند، لە رووی مێژووییەوە پێدەچێت ئەمە خراپترین کارەساتی سروشتی بێت لە مێژووی سپۆکەیندا. فێرگسن رۆژی 1ـی ئاب بەهۆی وشکەساڵی و بەرزیی پلەی گەرماوە باری لەناکاوی راگەیاند. گۆڕانی کەشوهەوا وایکردووە وشکەساڵی و گەرما زیاتر بێت و رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەش چڕتر ببنەوە. دانیێل سوەین، شارەزای کەشوهەوا دەڵێ، ئەم ئاگرە دوای یەکێک لە گەرمترین زستانەکانی مێژووی رۆژهەڵاتی واشنتن دێت، ئەمەش بووە هۆی وشکەساڵییەکی تووند بەهۆی کەمیی بەفرەوە. دەیڤد ئەپتگرۆڤ، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سروشتییەکانی واشنتن گوتی، ئاگرەکەی سپۆکەین یەکێکە لە 16 ئاگرە گەورەکەی ویلایەتی واشنتن، کە رووبەری زیاتر لە 424 هەزار و 110 دۆنمیان سووتاندووە و ئەوەش بە وەرزێکی سەرسوڕهێنەری ئاگرکەوتنەوە وەسف دەکات. بەهۆی ئاگرەکەوە کارەبای زیاتر لە 3,700 هاوبەش پچڕاوە.
جیهان04-08-2026بەهۆی بڵاوکردنەوەی پۆرنۆگرافیی منداڵان، تەلەگرام بۆ ماوەیەک لە ئەپ ستۆر لابرا و گەڕێنرایەوە