رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ مانگی ئاب، پێشوازی لە پێدانی وڵاتینامە بە کورد لە سووریا دەکات و دەڵێت "پێشهاتێکی باشە"؛ سەبارەت بە پاراستنی هەرێمی کوردستانیش لە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان دەڵێت: "دەبێت لێی بکۆڵمەوە."
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دوو پرسیاری ئاراستەی کریستینا مارکوس لاسن، باڵیۆزی دانیمارک و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد؛ یەکەمیان لەبارەی چارەنووسی کورد لە سووریای نوێ و مەرسوومی ژمارە 13 بۆ پێدانی وڵاتینامە بە کوردی وڵاتەکە، دووەمیشیان لەبارەی مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و کەمتەرخەمیی بەغدا لە پاراستنی ناوچەکە.
باڵیۆز لاسن لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای رووخانی ڕژێمی ئەسەد، کۆدەنگییەکی رێژەیی لەنێوان ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش هەیە بۆ پشتگیریکردنی حکومەتی راگوزەر.
سەبارەت بە مافەکانی کورد، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش گوتی: "زۆر سەرسام بووین کە توانرا ئەو رێککەوتنە بکرێت و مەرسوومی ژمارە 13دەربچێت کە پرسی وڵاتینامەش دەگرێتەوە. من خۆم پێشتر لە سووریا کارم کردووە و دەزانم پرسی وڵاتینامە بۆ دانیشتووانی کورد چەندە پرسێکی گەورە و هەستیار بوو، بۆیە ئەمە بە لای ئێمەوە پێشهاتێکی باشە."
لاسن جەختی کردەوە کە ئەنجوومەنی ئاسایش دەیەوێت هانی ئەو هەنگاوە ئەرێنییانە بدات و پشتگیریی سووریایەکی "گشتگیر" بکات کە هەموو پێکهاتەکان، لەنێویاندا کورد، لە پرۆسەی سیاسی و دادپەروەریی راگوزەریدا بەشدار بن.
هەرێمی کوردستان؛ "دەبێت لێی بکۆڵمەوە"
لە وەڵامی پرسیاری دووەمی "رووداو"دا سەبارەت بەوەی کێ کورد دەپارێزێت ئەگەر حکومەتی ناوەندی (بەغدا) بەپێی پێویست پارێزگاری لە هاووڵاتیانی مەدەنی نەکات بەرامبەر هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان، باڵیۆزی دانیمارک دانی بەوەدا نا کە زانیاریی وردی لەسەر ئەو پرسە لانییە.
باڵیۆز لاسن رایگەیاند: "سەبارەت بەوەی ئایا ئەنجوومەنی ئاسایش دەتوانێت هەنگاو بنێت ئەگەر پێکهاتەی کورد هەست بکەن لەلایەن پایتەختیانەوە ناپارێزرێن، ئەوە شتێکە کە دەبێت لانیکەم لێی بکۆڵمەوە."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا بە فەرمی داواکارییەک بۆ ورووژاندنی ئەم بابەتە نەگەیشتووەتە ئەنجوومەنی ئاسایش، بەڵام سوپاسی "رووداو"ی کرد بۆ ورووژاندنی ئەو پرسە و گوتی "لێی دەکۆڵمەوە."
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش:
رووداو: زۆر سوپاس، خاتوو سەرۆک. دوو پرسیارم هەیە. یەکەمیان دەربارەی سوریایە. بۆچوونتان سەبارەت بە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی لە سووریا چییە و ئایا دانیمارک هیچ رۆڵێک بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش دەبینێت لە پشتڕاستکردنەوەی یەکەم، رێککەوتنی تێکەڵکردنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق، دووەم، فەرمانی سەرۆکایەتی ژمارە 13 سەبارەت بە مافی هاووڵاتیبوون و زمانی کوردی؟
رووداو: پرسیاری دووەمم دەربارەی هەرێمی کوردستانی عێراقە. بەپێی راپۆرتەکان، هێزەکانی ئەمریکا سیستەمەکانی بەرگرییان لە هەرێمەکە کشاندووەتەوە، چونکە لە مانگی ئەیلوول سەربازەکانیان دەکشێننەوە. هەرێمی کوردستانیش دەڵێت بەغدا بەپێی پێویست لە هێرشە درۆن و مووشەکییەکانی نایان پارێزێت.
رووداو: ئایا شتێک هەیە ئەنجوومەنی ئاسایش بتوانێت بیکات بۆ پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی لە هەرێمەکانی وەک کوردستان، کە دۆخێکی تایبەتی خۆیان هەیە و حکومەتی ناوەندی رەنگە بەپێی پێویست کار بۆ پاراستنی خەڵکەکەی نەکات؟ سوپاس.
باڵیۆز کریستینا مارکوس لاسن, باڵیۆزی داینمارک و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ مانگی ئاب: سەرەتا سەبارەت بە سووریا و قۆناخی گواستنەوە. دیسانەوە دەڵێم، ئێمە هیچ کات نامانەوێت لەم کارەدا زۆر گەشبین بین. سووریا 14 ساڵی لە شەڕی ناوخۆ بەڕێکرد، کە لە بنەڕەتدا وەک راپەڕین دەستی پێکرد، بەڵام بۆ ئەوە گۆڕا.
دەبێت بڵێم، ئێمە تاڕادەیەک بە شێوەیەکی ئەرێنی - بە وریاییەوە، بەڵام بە ئەرێنی — سەرسام بووین بە پێشهاتەکانی سووریا لە دوای 8ی کانوونی یەکەمی 2024ەوە. ئێمە وەک ئەنجوومەنی ئاسایش چووین بۆ سووریا تاوەکو پشتگیریی خۆمان نیشان بدەین. بەو مانایەی کە پێموایە سووریا یەکێکە لەو بابەتانەی سەر ئەجێندای ئەنجوومەن [ی ئاسایش] کە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، کۆدەنگییەکی رێژەیی لەسەرە. دەڵێم رێژەیی، چونکە ئێمە لە ئەنجوومەن هەرگیز لەسەر هەموو شتێک رێکناکەوین، سروشتی کارەکە وایە. کۆدەنگییەکە لەسەر هەوڵدانە بۆ پشتگیریکردنی ئەم حکومەتە نوێیە راگوزەرییە و "سووریای نوێ" وەک خۆیان ناوی دەبەن. بەڵام بێگومان هاوکات پابەندکردنیان بە پرەنسیپەکانی خۆیان و ئەو پرەنسیپانەی کە لە بڕیارنامەکەدا دیاریمان کردوون کە هێشتا کاری پێدەکرێت.
ئەوە یەکێک بوو لە هۆکارەکانی چوونمان بۆ سووریا. هەروەها تاوەکو ئەو شوێنەی تێبگەم، سکرتێری گشتیش کە هەفتەی رابردوو چوو، نەک بەتەواوی، بەڵکو نزیکەی هەمان هۆکاری هەبوو. ئێمە وەک ئەندامانی ئەنجوومەن دوای گەڕانەوەی قسەمان لەگەڵ کرد و ئەویش تاڕادەیەک گەشبین بوو.
ئەوەی ئێمە جەختمان لەسەر کردووەتەوە، پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی سووریایە، بەڵام هاوکات بەردەوام بیری دەهێنینەوە لە بنەماکانی حکومەتێکی گشتگیر و دادپەروەریی راگووزەری. دوو هەفتە لەمەوبەر "کارلا کوینتانا"مان لێرە بوو بۆ قسەکردن لەسەر دۆسیەی بێسەروشوێنەکان، هەروەها دوو سەرۆکی لیژنەکانی سووریامان لێرە بوون بۆ باسی دادپەروەریی راگوزەری. بێگومان هەموو ئەمانەش پرسی بەشداریپێکردنی پێکهاتەی کورد لە پرۆسەی گواستنەوەدا دەگرێتەوە.
پێموایە ئێمە زۆر سەرسام بووین کە توانرا ئەو رێککەوتنە بکرێت، مەرسوومی ژمارە 13 کە پرسی وڵاتینامەش دەگرێتەوە. خۆم پێش شەڕ و لە سەرەتای شەڕیشدا لە سووریا کارم کردووە و دەزانم چەندە پرسێکی گەورە بوو بۆ دانیشتووانی کورد لەوێ. مەبەستم پرسی وڵاتینامەیە. بۆیە ئەمە بە لای ئێمەوە پێشهاتێکی باشە.
دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە دەمانەوێت هانی ئەو هەنگاوە زۆر ئەرێنییانە بدەین کە لەلایەن حکومەتە راگوزەرییە نوێیەکەی سووریاوە بینیومانە، و وەک ئەنجومەن تاوەکو دەتوانین یارمەتییان بدەین. پێموایە لەم پرسەدا دەتوانین کاریگەریی زیاترمان هەبێت، چونکە تا رادەیەکی زۆر هاوڕاین لەسەر ئەوەی چی پێویستە بکرێت. نامانەوێت دەوڵەتێکی دیکەی شکستخواردوو لە شام بینین، بۆ گەلی سووریا دڵخۆشین کە ئێستا رێگەیەکی جیاواز بۆ پێشەوە دەبینرێت.
رووداو: دەکرێت تکایە وەڵامی پرسیارەکەی هەرێمی کوردستانیش بدەیتەوە؟
باڵیۆز لاسن: ئۆهـ ببوورە، بەڵێ، رەنگە لەبیرم چووبێت، چونکە زانیاریی زۆرم لەسەری نییە. سەبارەت بە پرسیارەکەت کە ئایا ئەنجوومەن [ی ئاسایش] دەتوانێت لەسەر ئەمە هەنگاو بنێت ئەگەر پێکهاتەی کورد هەست بە پارێزراوی لەلایەن پایتەختیانەوە نەکەن. ئەوە شتێکە کە دەبێت لانیکەم لێی بکۆڵمەوە. هەندێکجار، یان بەزۆری، کەسێکمان هەبووە کە داوای لە ئەنجوومەن کردووە کە گەنگەشەی ئەم بابەتە بکات، تائێستا شتێکی لەو شێوەیە لای ئێمە نەورووژێندراوە. بەڵام بێگومان ئەوە شتێکە کە لێی دەکۆڵمەوە. سوپاس بۆ ورووژاندنی لێرەدا.


