رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی کرێملین رایگەیاند، بڕیارە مانگی داهاتوو لە ئیمارات، گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکان لە نێوان رووسیا، ئۆکراینا و ئەمریکا بەڕێوەبچێت.
رۆژی هەینی، 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، دوای چەقبەستنی دانوستاندنەکان لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، ئێستا مۆسکۆ ئامادەیە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
پێسکۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد، گەڕی داهاتووی دانوستاندنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا "پلانی بۆ دانراوە کە لە نیوەی یەکەمی مانگی تشرینی دووەمدا لە ئەبووزەبی بەڕێوەبچێت و کۆبوونەوەکەش سێقۆڵی دەبێت."
ئەم پێشهاتە راستەوخۆ دوای سەردانەکەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا دێت بۆ رووسیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ئەو وڵاتە.
پێشتریش ویتکۆف لە رۆژی سێشەممەدا لە ئۆسلۆ لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و ژمارەیەک سەرکردەی ئەورووپی کۆببووەوە؛ لە ئەنجامی ئەم کۆبوونەوانەشدا، هەردوو حکومەتی کیێڤ و مۆسکۆ ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی راستەوخۆ بە نێوەندگیریی واشنتن.
دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ پێشنیازیان کردووە کە کۆبوونەوەکە لە دەوروبەری "10ـی تشرینی دووەم" بکرێت، لە کاتێکدا زیلینسکی داوا دەکات دانوستاندنەکان "بە زووترین کات" دەستپێبکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ڤلادیمیر پووتین درەنگانی شەوی پێنجشەممە لە هەڤپەیڤینێکدا مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆکان روون کردەوە و جەختی کردەوە کە دانوستاندنە سێقۆڵییەکان تەنیا تیشک دەخەنە سەر "رێکخستنە ئەمنییەکانی رێککەوتنی کۆتایی ئاشتی" و مۆسکۆ بە هیچ جۆرە "ئاگربەستێکی کورتخایەن" و کاتی رازی نابێت.



