رووداو دیجیتاڵ
شا محەممەدی شەشەم، پاشای مەغریب بڕیاریدا ناوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێگەیەکی خێرای سەرەکیی وڵاتەکەی بنێت کە گوژمەی پڕۆژەکە یەک ملیار دۆلارە. پاشای مەغریب رایگەیاند، ئەم هەنگاوەی دەربڕینی پێزانینی قووڵیەتی بۆ سەرۆکەکەی ئەمریکا.
بەگوێرەی دامەزراوەی میدیایی بلومبێرگ، پاشای ئەو وڵاتە لە نامەیەکدا بۆ ترەمپ کە رێککەوتی 2ـی تەممووزی لەسەرە، رایگەیاندووە، رێگە خێراکە بە درێژایی هەزار و 55 کیلۆمەترە لەنێوان شاری تێزنێت و شاری داخلە لە بیابانی رۆژئاوا، بەناوی (رێگەی خێرای دۆناڵد جەی ترەمپ)ەوە دەکرێت.
پاشای مەغریب ستایشی دانپێدانانی مێژوویی ترەمپی کرد لە ساڵی 2020 بۆ سەروەریی مەغریب بەسەر بیابانی رۆژئاوادا و گوتی، ئەم بڕیارە بۆ تاهەتایە لە یادەوەریی گەلی مەغریبدا دەمێنێتەوە و "گوڕێکی بەهێزی داوەتە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان."
پاشای مەغریب لە نامەکەیدا نووسیویەتی، "بۆ رێزگرتن لە پەیمانی هاوڕێیەتی و ئاشتی، وەک دەربڕینی پێزانینی قووڵم، بڕیارمدا ناوی یەکێک لە گرنگترین رێگە خێراکانی شانشینەکەم بەناوی ئێوەوە بکەم."
بیابانی رۆژئاوا ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سرووشتییەکان و رووبەرەکەی هێندەی رووبەری بەریتانیایە.
لەدوای کشانەوەی ئیسپانیا وەک دەسەڵاتداری ناوچەکە لە ساڵی 1975، شوێنەکە بووە جێی ململانێی نێوان مەغریب و بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازیی پۆلیساریۆ کە لەلایەن جەزائیرەوە پشتیوانی لێدەکرێت.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆتاییەکانی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی 2020، دانپێدانانی ئەمریکای بە سەروەریی مەغریب بەسەر بیابانی رۆژئاوادا راگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا کاتێک مەغریب وەک هاوپەیمانێکی سەرەکیی ئەمریکا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکرد.



