رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتریش ئەم شێوازەی ئێستای بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران لە کاتی جەنگی پێنج مانگەدا لەگەڵ وڵاتەکە تاقیکردووەتەوە.
بە هۆشدارییەکی تووند بۆ تاران دەستپێدەکات کە لە لێواری فەرمان و بڕیارە بە هێزەکانی ئەمریکا بۆ "وێرانکردنی" وێستگەکانی وزەی ئەو وڵاتە یان دەستبەسەرداگرتنی بەشە سەرەکییەکانی کەرتی نەوتەکەی، ئەگەر سەرکردەکانی بەخێرایی بە مەرجەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە رازی نەبن، بەڵام بە پاشەکشەی ئەو لە دوایین ساتدا و بە راگەیێندراوێک کۆتایی دێت، هەندێکجار بە داوای هاوپەیمانانی کەنداو، کاتی زیاتر بە دیپلۆماسی دەدات.
ستراتیجیی "یاریی تووند" کە ترەمپ لە ساڵانی کێبڕکێکردنی لە کەرتی خانووبەرەی نیویۆرکدا پەرەی پێداوە، لە سیاسەتیشدا بەکاریدەهێنێت، ئامانجی دروستکردنی جووڵەیە لە دانوستاندنەکاندا لە رێگەی گوشار و پشێوییەوە، بەڵام ئەم تەکتیکە لەگەڵ دەسەڵاتی ئێراندا رووبەڕووی ئاڵنگاری بووەتەوە، تاران پێیوایە بەرگەی ئازاری ستراتیجیی زیاتر دەگرێت بەراورد بە واشنتن.
لەکاتێکدا ترەمپ دڵخۆشبووە بەوەی سوپای ئەمریکا سەرکردایەتیی تاران و هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەو وڵاتەی تێکشکاندووە، ئێران گرەو لەسەر ئەوەدەکات بتوانێت لە ترەمپ زیاتر بەرگەبگرێت، چونکە ئەو رووبەڕووی کەمبوونەوەی کۆگەکانی تەقەمەنی و سەختیی بەڕێوەبردنی جەنگێک بووەتەوە کە لای دەنگدەرانی ئەمریکی پێش هەڵبژاردنە نیوەییەکانی مانگی تشرینی دووەم پەسەند نییە.
دوایین زنجیرەی رووداوەکان رۆژی هەینی دەستیپێکرد، کاتێک ترەمپ لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی، بەتووندی رایگەیاند، "متمانەی" بە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران نەماوە و هۆشداریدا سوپای ئەمریکا "زۆر بەتووندی لێیان دەدات."
دوای چەند کاژێرێک، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، گومانەکانی لە واشنتن و جیهاندا زیاترکرد بە لێدوانێکی هەڕەشەئامێز و رایگەیاند، "ئێران بەردەوام دەبێت لە باجدان تاوەکو بەو شێوەیەی سەرۆک ترەمپ دەبینێت، دێنە سەر مێزی دانوستان."
بەڵام درەنگانی شەوی شەممە، 1ـی ئابی 2026، ترەمپ لە سۆشیاڵ میدیا رایگەیاند، نیشانەی پێشکەوتن لە گەیشتن بە رێککەوتن هەیە و بۆ ئێستا پلانی هێرشی نوێ و گەورەی هەڵوەشاندەوە.
رۆژی یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026، ترەمپ جەختی لەوەکردەوە داواکارییەکانی بەرپرسانی ئێران و سەرکردەکانی هاوپەیمانانی کەنداو، قەتەر، سعودیە و ئیمارات بۆ پێدانی کاتی زیاتر بە دیپلۆماسی، هۆکاری سەرەکیی گۆڕینی هەڵوێستەکەی بوون.
ترەمپ لە کاتی گەڕانەوەی بۆ واشنتن دوای پشووی کۆتایی هەفتە لە یانەی گۆڵفەکەی لە نیوجێرسی لەبارەی ئێرانەوە بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئەمە بۆ ئەوان کارەساتبار دەبوو، نەیاندەویست ئەو کارە بکەین. راشکاوانە بڵێم، سعودیەش ئەوەی نەدەویست، پێیانوابوو رێککەوتنێک بکرێت."
بۆچوونی جەنگ و دیپلۆماسی لەنێو ئیدارەی ئەمریکا
ترەمپ رەنگە هێشتا بگاتە ئەو ئەنجامەی پەرەپێدانی گەورەی ململانێ لەگەڵ ئێران پێویستە. بەڵام لەنێوخۆی ئەمریکا ئەوانەی رەخنەی لێدەگرن دەڵێن، دوودڵییەکەی رەنگە رەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی نەگوتراو بێت لەناو ئیدارەکەیدا، کە رەنگە تەنیا هێزی سەربازیی ئەمریکا بەسنەبێت بۆ ناچارکردنی ئێران بۆ کشانەوە و کۆتاییهێنان بە جەنگێکی چەند مانگە، کە ترەمپ پێشتر وەکو گەشتێکی چەند هەفتەیی ناویبردبوو.
سیناتۆر مارک کێڵی، دیموکرات لە ئەریزۆنا و ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکانی ئەنجوومەنی پیران، لە بەرنامەی (Face the Nation)ـی تەلەفزیۆنی سی بی ئێس نیوز دەڵێت، "پێموایە ئەوەی لێرەدا دەیبینین سەرۆکێکە شێوازەکەی تاڕادەیەک ناجێگیرە، ئەو هەوڵدەدات بمانگەڕێنێتەوە بۆ مانگی شوبات، پێموایە ئەگەر بتوانێت، ئەگەر دوگمەیەکی گەورەی رێکخستنەوەی هەبێت، بێگومان ئەو بژاردەیە هەڵدەبژێرێت."
لە ماوەی ململانێکاندا چەندین سات هەبووە ترەمپ ئارەزووی خۆی بۆ هەڕەشە و شەڕ پێشانداوە و دواتر لە دوایین ساتدا پاشگەزبووەتەوە، لەکاتێکدا رایگەیاندووە هەڕەشەکانی بوونەتە هۆی پێشکەوتن.
لە سەرەتای مانگی نیساندا، ئەمریکا و ئێران لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێککەوتن، کە راگەیێندراوەکە کەمتر لە دوو کاژێر پێش ئەو وادەیە هات ترەمپ بۆ تاران دیاریکردبوو بۆ خۆبەدەستەوەدان یان رووبەڕووبوونەوەی هێرش بۆ سەر پرد و وێستگەکانی وزە، ئەوکات گوتی، "ئەمە واتای کۆتاییهاتنی تەواوی شارستانییەتێکە."
دوای چەند رۆژێک لە هەڕەشەی تووند دژی ئێران، ترەمپ لە 18ـی ئایار رایگەیاند هێرشێکی سەربازیی گەورەی پلانی بۆ داڕێژرابوو رادەگرێت، چونکە "دانوستانی جدی" هەیە، سوپاسی هاوپەیمانانی کەنداویشی کرد بۆ ئەوەی رازییانکردووە دان بەخۆیدا بگرێت.
پاشان لە مانگی حوزەیراندا، ترەمپ لە سۆشیاڵ میدیا هەڕەشەی لێدانی "زۆر تووند"ـی لە ئێران کرد و گوتی دەستبەسەر بنکەی وزەی ئێران لە دوورگەی خارگدا دەگرێت بۆ ئەوەی "کۆنترۆڵی تەواوی بازاڕەکانی نەوت و گازیان بکات"، بەڵام لە پۆستێکی دواتردا هێرشەکانی هەڵوەشاندەوە دوای ئەوەی رایگەیاند دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئێران پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە.
ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی پێنەدا ئەوەبوو کارێکی لەو شێوەیە پێویستی بە ناردنی هێزی زەوینی ئەمریکا بۆ ناو ئێران دەبێت کە بژاردەیەکی پڕمەترسییە لەڕووی سیاسییەوە بۆ سەرۆکێک هەڵمەتی هەڵبژاردنی لەسەر بنەمای دوورکەوتنەوە لە تێوەگلان لە دەرەوە کردووە و رەخنەی لە ئیدارەکانی رابردوو دەگرت بۆ تێوەگلان لە جەنگە بێکۆتاییەکان.
پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە کاریگەریی لەسەر بڕیارەکەی ترەمپ هەبوو
لەگەڵ ئەم رووداوەی دواییندا، ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، رۆڵێکی زۆر گرنگی هەبووە لە پاشگەزکردنەوەی لە هێرشکردنەسەر ئێران، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان کرد، پێش ئەوەی رایبگەیێنێت هێرشەکان رادەگرێت، دواتر شانازیی پێوەکرد و گوتی دەبووە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە.
بەپێی گوتەی بەرپرسێک کە زانیاریی لەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە هەیە، شازادەی جێنشینی سعودیە ئەوەی بە ترەمپ گوتووە دەستپێکردنەوەی شەڕ دەبێتە هۆی کاریگەریی تووند لەسەر ئابووریی جیهان ئەگەر تاران لە وەڵامی بۆردومانە نوێیەکانی ئەمریکادا هەندێک لە هاوپەیمانانی ئەمریکا لە کەنداو بکاتە ئامانج.
ئەو بەرپرسە دەڵێت، "بەرپرسانی سعودیە لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ جەختیان لەوەکردووەتەوە شانشینەکە لە پێگەیەکی باشدایە بۆ بەرگریکردن لەخۆی بەرامبەر هێرشەکانی ئێران، هەروەها وڵاتانی قەتەر و ئیماراتیش، بەڵام کوێت رەنگە بەرامبەر هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراقدا بێبەرگریکارتر بێت."
راپرسییە نێوخۆییەکانی ئەمریکا
ترەمپ جەختی لەوەکردووەتەوە هەڵبژاردنە نیوەییەکانی مانگی تشرینی دووەم کارناکەنە سەر شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ ململانێیەکە کە دڵەڕاوکێی لە ئابووریی جیهاندا دروستکردووە، بەڵام بێگومان ئەمە لە مێشکی هاوڕێ کۆمارییەکانیدایە.
بەپێی راپرسییەکی ئەسۆوشیەیتید پرێس و ناوەندی (NORC) بۆ توێژینەوەی کاروباری گشتی، نزیکەی دوو لەسەر سێی ئەوانەی لە تەمەنی دەنگدانن لە ئەمریکا دەڵێن جەنگ لەگەڵ ئێران، کە لە 28ـی شوبات دەستیپێکردووە، شایستەی ئەو هەموو باجە نەبووە، ئەمەش زۆرینەی رەهای دیموکراتەکان و بێلایەنەکان، هەروەها نزیکەی 37٪ـی کۆمارییەکان دەگرێتەوە.
یەکێک لە هاوپەیمان و نزیکەکانی ترەمپ لە کۆنگرێس رۆژی یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026، پێشنیازیکرد ئیدارەکە شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئێراندا هاوسەنگ بکات.
جۆن کێنیدی، سیناتۆری ویلایەتی لویزیانا لە بەرنامەی (Meet the Press)ـی تەلەفزیۆنی ئێن بی سی گوتی، مشتومڕەکان لە واشنتن ئەو وێرانکارییەیان لەبەرچاونەماوە سوپای ئەمریکا لە سەرەتای جەنگەکەوە بەسەر ئێراندا هێناوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو سیناتۆرە کۆمارییە دانی بەوەدانا پەرەپێدانی زیاتری ململانێیەکە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی وزە و "هەڵاوسانی زۆر بۆ خەڵکی ئەمریکا."
کێنیدی پێیوایە تووندکردنەوەی سزاکان و بە ئامانجگرتنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لەجیاتی پەرەپێدانی شەڕەکە، رەنگە باشترین بژاردە بێت بۆ ئەم کاتە.
کێنیدی دەڵێت، "هەموویان بژاردەی دۆزەخین، بەڵام بۆ ئێستا من پشتگیری لە مانەوەی دۆخەکە وەکو خۆی دەکەم."



