رووداو دیجیتاڵ
گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا کە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بەرەو کۆتایی دەچێت، لە سەردانێکیدا بۆ هاڤانای پایتەختی داوای کرد هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ رێگری لە هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر کووبا. هەروەها داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکئ ئەمریکا کرد، رێگەی دیالۆگ لەگەڵ ئەو وڵاتە بگرێتەبەر.
دۆناڵد ترەمپ کە پێشتر ئارەزووی خۆی بۆ گۆڕینی رژێمی کووبا دەربڕیوە، پێیوایە ئەو وڵاتە کۆمۆنیستەی کە تەنیا 150 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی فلۆریداوە دوورە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و چەندین جار هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی کردووە.
پێترۆ دەربارەی مەترسییەکانی سەر کووبا گوتوویەتی: "هاتووم داوا لە مرۆڤایەتی بکەم هاوسۆز بن لەگەڵ کووبا بۆ ئەوەی هیچ هێرش و بۆردوومانێکی مووشەکی لەم وڵاتەدا روونەدات. من داوا دەکەم دیالۆگ بکرێتە جێگرەوە، تەنانەت لەگەڵ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا و مارکۆ رووبیۆ و ترەمپیش."
گۆستاڤۆ پێترۆ، کە یەکەم سەرۆکی چەپڕۆیە لە مێژووی کۆڵۆمبیادا، رۆژی هەینی گەیشتە کووبا و لەلایەن میگێل دیاز کانێل، هاوتا کووباییەکەیەوە پێشوازی لێکرا. ئەمە لەکاتێکدایە کە هەفتەی داهاتوو ماوەی سەرۆکایەتیی پێترۆ کۆتایی دێت.
پێترۆ دەڵێت: "زۆر باش دەبێت ئەگەر ئەو مەترسییەی رووی لە کووبا کردووە، بکرێتە دەرفەتێک بۆ دیالۆگ. ئێستا کاتی گفتوگۆیە."
پەیوەندییەکانی هاڤانا و واشنتن لە مانگەکانی رابردوودا بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەکانی ترەمپ تێکچوون. بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لەسەر کەرتی نەوت لە کانوونی دووەمی رابردووەوە، کووبا تووشی کەمیی سووتەمەنی و پچڕانی کارەبا بووە.
لە لایەکی دیکەوە، ئابێلاردۆ دی لا ئێسپرییا، سەرۆکی هەڵبژێردراوی کۆڵۆمبیا کە بڕیارە رۆژی 7ی ئاب دەستبەکار بێت، رایگەیاندووە پلانی هەیە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ حکومەتە چەپڕۆکانی کووبا و نیکاراگوا بپچڕێنێت. حکومەتی کووباش ئەم بڕیارەی بە "پاشکۆیەتیی روون" بۆ ئەمریکا ناوبردووە.
هاڤانا پێشتر میوانداریی دانوستاندنەکانی ئاشتیی کۆڵۆمبیای کردووە، کە لە ساڵی 2016دا بووە هۆی واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان حکومەت و بزووتنەوەی فارک.
بزووتنەوەی فارک بۆ ماوەی نیو سەدە شەڕی چەکدارییان لە دژی حکومەتی کۆڵۆمبیا کرد، بەڵام لە ساڵی 2016دا رێککەوتنی ئاشتییان واژۆ کرد و چەکەکانیان دانا. ئێستا فارک لە گرووپێکی چەکدارییەوە گۆڕاوە بۆ پارتێکی سیاسیی مەدەنی و بەشدارە لە پڕۆسەی سیاسیی وڵاتەکەیدا.



