رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی رووسیا رایگەیاند بەهۆی تەقینەوەیەک لە نێزیک کافتریایەک لە مۆسکۆی پایتەخت، لانیکەم 3 کەس گیانیان لەدەستداوە و 15 کەسی دیکەش بریندار بوون.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئەمنی هۆکاری سەرەکیی تەقینەوەکەیان ئاشکرا نەکردووە.
رۆژی شەممە، 1ـی ئابی 2026، پۆلیسی مۆسکۆ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (ریا نۆڤۆستی)ـی وڵاتەکەی، رایگەیاند: "بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستمانن، تەقینەوەکە ئەمڕۆ کاژێر 8:10ـی شەو بە کاتی ناوخۆ لە نێزیک کافتریایەکی هاوینە روویداوە، کە بووەتە هۆی کوژرانی 3 کەس و برینداربوونی 15 کەسی دیکە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، باری تەندروستیی بریندارەکان جیاوازە و هەندێکیان برینەکانیان سەختە؛ ئێستاش هێزە ئەمنییەکان شوێنی رووداوەکەیان گەمارۆ داوە و لێکۆڵینەوە بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری تەقینەوەکە دەستیپێکردووە.



