رووداو دیجیتاڵ
میلاد کەمال محەممەد، وەرزشڤانی کوردی تەمەن 30 ساڵ و خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، توانی ژمارەی پێوانەیی جیهانی لە کتێبی گینس تۆماربکات.
میلاد لە راهێنانی بەردەوامی مشت و پێدا (Punch and Kick)، بێ راوەستان و خواردن، بۆ ماوەی 40 کاژێر و 40 خولەک و 40 چرکە بەردەوامبوو؛ بەمەش ریکۆردی پێشووتری وەرزشڤانی ئیسپانی، ریکاردۆ سیراڤەیڵی شکاند کە 27 کاژێر و 15 خولەک بوو.

رۆژی شەممە، 1ـی ئابی 2026، میلاد کەمال بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتی، "بۆ شکاندنی ئەم ریکۆردە، نزیکەی ساڵێک و 6 مانگ ئامادەکاریی بەردەوامم کردووە. ویستم لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا ئەم دەستکەوتە پێشکێشی کوردستان بکەم، بەڵام گەڕانەوەی وەڵامی دەستەی کتێبی گینس کەوتە ئەمڕۆ."
میلاد لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا ئەو ریکۆردەی شکاندووە و ئەمڕۆ شەممە، 1ـی ئابی 2026، بەفەرمی ریکۆردەکەی لە گینس بۆ گەڕایەوە.
ئەم چالاکییە بەئامادەبوونی جەماوەرێکی بەرچاو، میدیاکاران، پارێزگاری هەولێر و بە سەرپەرشتیی تیمێکی پسپۆڕ و رێکخەرانی یاریزانەکە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوون، لە هەولێر بەڕێوەچوو، بۆ ئەوەی تەواوی بەڵگەنامە و تۆمارەکان بەپێی مەرجەکانی کتێبی گینس ئامادەبکەن.
میلاد ئاماژەی بەوەشکرد، لە پلانیدایە لە داهاتوودا چەندین ریکۆردی دیکەی جیهانی بشکێنێت و لەرێگەی سەرکەوتنەکانییەوە ناوی کوردستان لە ناوەندە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکاندا بەرزتر بکاتەوە و گوتیشی، "نزیکەی دوو مانگ دەبێت بڕوانامەکەم وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ناجێگیری ناوچەکە درەنگ بەدەستمان گەیشت."
یاریی مشت و پێ، تاقیکردنەوەیەکی سەختی توانای بەرگەگرتن، هێز، تەکنیک و ئارامیی دەروونیی وەرزشکارە لە ماوەیەکی درێژدا. ساڵانە لە سەرانسەری جیهان چەندین کەس هەوڵی تۆمارکردنی ناویان لە کتێبی گینسدا دەدەن، بەڵام تەنیا ئەو وەرزشکارانە سەردەکەون کە یاسا تووندەکانی رێکخراوەکە جێبەجێدەکەن و خاوەنی ئامادەکاریی بەرز، تیمی پزیشکی و بەڵگەی تەواون.


