رووداو دیجیتاڵ
(بۆردی ئاشتی) نەخشەڕێگەیەکی 15 خاڵی بۆ جێبەجێکردنی قۆناخە کۆتاییەکانی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تایبەت بە غەززە بڵاوکردەوە.
(بۆردی ئاشتی) رۆژی هەینی، 31ـی تەممووز وردەکاریی ئەو نەخشەڕێگەیەی ئاشکراکرد کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە جەنگی غەززە. بەپێی پلانەکە، دەبێت ئیسرائیل، حەماس و لایەنە فەلەستینییەکانی دیکە هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان رابگرن. لە 14 رۆژدا دوای پەسندکردنی پلانەکە لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە، خشتەی کاتی و میکانیزمەکانی جێبەجێکردن ئامادەدەکرێن.
کورتەی پلانە 15 خاڵییەکە بەم شێوەیەیە:
بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە
لە چوارچێوەی ئەم نەخشەڕێگەیەدا، لیژنەیەک بەناوی (لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە) دادەمەزرێت و کاروباری غەززە لەسەر بنەمای "یەک دەسەڵات، یەک یاسا، یەک چەک" بەڕێوەدەبات. هێزەکانی پۆلیس وردبینییان بۆ دەکرێت و ئەوانەی مەرجەکانیان تێدا نییە، دەگوازرێنەوە بۆ کەرتەکانی دیکە. هەموو چەکەکانی پۆلیسیش دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی لیژنەکە.
چەککردنی گرووپەکان و کشانەوەی ئیسرائیل
پرۆسەی لەکارخستن و کۆگاکردنی چەکە قورسەکانی حەماس، لەنێوبردنی بنکەکانی بەرهەمهێنانی سەربازی و تێکدانی توونێلەکان بەشێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ دەبێت. ئەم پرۆسەیە بەستراوەتەوە بە کشانەوەی پلەبەندیی هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی ئێستا لە غەززە کۆنترۆڵیان کردوون.
لە پلانەکەدا هاتووە، هیچ چەکێک رادەستی ئیسرائیل یان لایەنی دەرەکی ناکرێت و تەنیا لیژنەی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی کاروباری غەززە مافی هەڵگرتن یان کۆنترۆڵکردنی چەکی لە غەززە دەبێت.
بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە کردارێکی تۆڵەسەندنەوە، "رێککەوتنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی" واژۆدەکرێت، تێیدا لایەنەکانی نێو غەززە پابەند دەبن بە کۆتاییهێنان بە تووندوتیژیی نێوخۆیی و نمایشکردنی هێزی چەکداری.
هێزی نێودەوڵەتیی سەقامگیری
بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی بڕگەکان، "هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیری" بەشێوەیەکی کاتی لە غەززە جێگیردەکرێت تاوەکو هێزەکانی ئیسرائیل و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لیژنەی بەڕێوەبردنی غەززە لە یەکدی جیابکاتەوە.
ئەرکی ئەم هێزە چاودێریکردنی ئاگربەست، مەشقپێکردنی پۆلیسی فەلەستین و دابینکردنی ئاسایشە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، بەڵام ئەم هێزە مافی نییە ئەرکی پۆلیسی یان کارێک کە پەیوەندی بە کاروباری کۆمەڵایەتیی فەلەستینییەکانەوە هەبێت، ئەنجامبدات.
کاردانەوەکان
لەکاتێکدا ئەمریکا و وڵاتە نێوەندگیرەکان پشتگیرییدەکەن، حەماس بەمەرجەوە قبووڵیکردووە و بەرپرسانی ئیسرائیلیش گومانی قووڵیان لێی هەیە.
دۆناڵد ترەمپ رێککەوتنەکەی وەک "وەرچەرخانێکی مێژوویی" و "هەنگاوێکی گەورە بەرەو ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام" ناوبرد و گوتی، ئەمە ئاسایش بۆ ئیسرائیل دابیندەکات و رێگەش بۆ بەڕێوەبردنێکی سڤیل لە غەززە خۆشدەکات.
نیکۆلای ملادینۆڤ، نوێنەری باڵای (بۆردی ئاشتی) ئاماژەی بەوەکرد، ئەم چوارچێوەیە ئەنجامی چەندین مانگ دانوستاندنی قورس بووە. ملادینۆڤ لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسی، سەرکەوتنی رێککەوتنەکە بەندە بە جێبەجێکردنییەوە.
حەماس بەفەرمی نەخشەڕێگەکەی قبووڵکرد و رایگەیاند، بە "بەرپرسیارێتی و ئەرێنییانە" دانوستاندنی کردووە، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، دەست بە چەککردنی گرووپەکەی و رادەستکردنی چەکە قورسەکانی ناکات، تاوەکو ئیسرائیل سەرەتا بەتەواوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رانەگرێت و هێزەکانی لە غەززە نەکشێنێتەوە.
ئیسرائیل تاوەکو ئێستا پشتگیریی خۆی بۆ پێشنیازەکە رانەگەیاندووە. بەرپرسە باڵاکانی ئیسرائیل پێداگریدەکەن لەوەی هێزەکانیان لە غەززە ناکشێنەوە تاوەکو حەماس بەشێوەیەکی پشتڕاستکراوە چەک نەکرێت. جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سازشە کارگێڕییەکانی پێشووی حەماسی بە "فێڵ" ناوبرد، لەهەمانکاتدا ئەندامە راستڕۆکانی نێو هاوپەیمانییەکەی بنیامین نەتەنیاهوو داوایان لە حکومەتکرد، پلانەکە رەتبکاتەوە و بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تاوەکو حەماس بەتەواوی لەنێودەبات.
وڵاتە نێوەندگیرەکان (میسر، قەتەر و تورکیا) پێشوازییان لەم پێشکەوتنە کرد و وەک دەرفەتێکی گرنگ بۆ چارەسەری بەردەوام ناویانبرد. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەگەڵ بەرپرسانی حەماس کۆبووەوە بۆ هاندانیان، لەهەمانکاتدا چەند وڵاتێکی عەرەبی رایانگەیاند، ئەم نەخشەڕێگەیە رێگە بۆ دابینکردنی بودجەی نێودەوڵەتیی گەورە بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە خۆشدەکات.
ئەڵمانیا پێشوازی لە پێشنیازەکە کرد، بەڵام چەند وڵاتێکی رۆژئاوایی لەوانە فەرەنسا، ئیسپانیا و کەنەدا بەوریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵکرد. ئەو حکومەتانە نیگەرانیی خۆیان دووپاتکردەوە لەوەی رەنگە بۆردی ئاشتی میکانیزمە یاساییە نێودەوڵەتییەکان پەراوێزبخات و رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لاوازبکات.
بۆردی ئاشتی چییە؟
بۆردی ئاشتی (Board of Peace) دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیی نوێیە کە لەسەر بنەمای بڕیاری ژمارە 2803ـی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە و ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە سەرپەرشتیکردنی ئاگربەستی غەززە و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە.
ئەم رێکخراوە کە نوێنەری 28 وڵات لەخۆدەگرێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای وەک "سەرۆکی تاهەتایی" خۆی دەستنیشانکردووە.
سیستمی کارکردن و بودجەی ئەم بۆردە لەسەر بنەمایەکی ئابووریی جیاواز داڕێژراوە. هەر وڵاتێک بیەوێت کورسیی هەمیشەیی لەنێو بۆردەکەدا بەدەستبهێنێت، دەبێت بڕی یەک ملیار دۆلار وەک پشتگیریی دارایی بۆ بودجەی رێکخراوەکە دابینبکات. تاوەکو ئێستا ئەمریکا، ئیسرائیل و سعودیە ئەندامی چالاکی ئەم بۆردەن.
سەرەڕای ئەوەی وەک ناوەندێکی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی دەناسرێت، بەڵام (بۆردی ئاشتی) رووبەڕووی بایکۆت و دژایەتییەکی تووندی سیاسی بووەتەوە. بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا، لەوانە فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا و کەنەدا بەفەرمی بەشداریی تێدا ناکەن. هەروەها چین و رووسیا لە لیستی بانگهێشتنامەکان بەدەرکراون، ئەمەش وایکردووە رەوایەتیی بڕیارەکانی بۆردەکە لای بەشێک لە وڵاتان جێگەی پرسیار بێت.
(بۆردی ئاشتی) وەک تاکە لایەنی بڕیاردەر لە دۆسیەی غەززە دەردەکەوێت و نەخشەڕێگەی 15 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و چەککردنی گرووپە فەلەستینییەکان ئامادەکردووە، تێیدا جەخت لە بنەمای "یەک دەسەڵات، یەک یاسا و یەک چەک" دەکاتەوە.



