رووداو دیجیتاڵ
رۆژی
هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا "بە سەختی" لە
ئێران دەدات و جەختی لەوە کردەوە کە شەڕەکەیان لەگەڵ تاران "بە باشی
بەڕێوەدەچێت." ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و هەڵکشانی
گرژییەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامە.
ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی هەواڵی فۆکس
نیوز گوتیشی: "شتێک لەبارەی ئێرانەوە روودەدات،" بێ ئەوەی هیچ
وردەکارییەکی دیکە لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوویان ئاشکرا بکات.
ئەم لێدوانانە هاوکات بوون لەگەڵ بەڕێکەوتنی
ئەندامانی کابینەکەی بۆ هاوینەهەواری کەمپ دەیڤید بەمەبەستی کۆبوونەوەیەکی
ستراتیژیی ئاستبەرز بۆ تاوتوێکردنی بژاردەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران و پرسە
ناوخۆیی و دەرەکییەکانی دیکە. ئەمەش تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە ترەمپ
راگەیاند، بە نێوەندگیریی میسر، قەتەر و تورکیا، گەیشتوونەتە "رێککەوتنێکی
مێژوویی" کە بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی رەزامەندیی داوە چەکەکەی دابنێت.
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە رێککەوتنەکە رێگە خۆشدەکات بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی
نوێی فەلەستینی لە کەرتی غەززە و هەنگاوێکی گرنگیشە بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی هەمیشەیی
لە ناوچەکەدا.
گەمارۆی وشکانی بۆ سەر ئێران
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە باڵاکانی ئیسرائیل
ئاشکرایان کردووە کە ئەمریکا و ئیسرائیل تاوتوێی سەپاندنی گەمارۆی وشکانی بۆ سەر
ئێران دەکەن؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت کە واشنتن سەرجەم بژارەکانی بەردەمی لە
چوارچێوەی ستراتیژیی ئێستای بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز تاقیکردووەتەوە. ئەمە بەپێی
راپۆرتێکی رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافـی بەریتانی.
ئامانج لەم بژاردە پێشنیازکراوە، زیادکردنی
گوشاری ئابوورییە بۆ سەر تاران، ئەویش لە رێگەی هاندانی وڵاتانی دراوسێی ئێرانەوە
بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکان یان سەپاندنی کۆتوبەند لەسەر جووڵەی گواستنەوە و
بازرگانی.
هاوکات ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە
سەربازییەکانی دەکات لە رێگەی هەڵمەتێکی ئاسمانیی چڕەوە کە پێدەچێت لەنێوان 10 رۆژ
بۆ دوو هەفتە بخایەنێت؛ ئەمەش هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی دانوستاندنەکانی نێوان
واشنتن و تاران.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری سەرچاوە
ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، ئەدمیڕاڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی
هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، پلانێکی داڕشتووە بۆ هێرشی ئاسمانیی بەرفراوان کە
تێیدا ناوەندەکانی فەرماندەیی و دامەزراوەکانی مووشەک و درۆنی سەر بە سوپای
پاسداران دەکاتە ئامانج؛ ئەمەش دوای ئەوەی گەیشتە ئەو بڕوایەی کە هێرشە
سنووردارەکان نەیانتوانیوە هێرشەکانی ئێران رابگرن یان رێگری لە تاران بکەن بۆ
هەڕەشەکردن لە کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز.
تاوەکو
ئێستا ترەمپ هەڵوێستی کۆتایی خۆی یەکلا نەکردووەتەوە و تاوتوێی دوو بژاردە دەکات:
ئەنجامدانی هەڵمەتێکی ئاسمانی کە بۆ ماوەی 10 بۆ 14 رۆژ بەردەوام بێت، یانیش تەنیا
وەڵامدانەوەیەکی سەربازیی سنووردار کە رێگە بدات رێڕەوە دیپلۆماسییەکە بەردەوام
بێت.
لە هەمان کاتدا پاکستان کە رۆڵی نێوەندگیر
لەنێوان واشنتن و تاران دەگێڕێت، رایگەیاند کە دانوستاندنەکان لەنێوان لایەنە
پەیوەندیدارەکاندا بەردەوامن، بەتایبەتی سەبارەت بە تەنگەی هورمز، بە ئامانجی
کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەڕانەوە بۆ ئەو لێکتێگەیشتنەی لە مانگی حوزەیرانی
رابردوودا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ واژۆ کرا.
بەڵام ئەو رێڕەوە لە سەرەتای
مانگی تەممووزەوە بەهۆی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئێرانەوە تووشی کێشە
بووە، ئەمەش لە سایەی بەردەوامیی ناکۆکییەکان سەبارەت بە کردنەوەی تەنگە
ستراتیژییەکەی هورمز.



