رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی بڕیارێک دەکات بۆ سەپاندنی بڕی 100 هەزار دۆلار وەک "باج" بەسەر ئەو خوێندکارە بیانییانەی دەیانەوێت دوای تەواوکردنی زانکۆکانی ئەمریکا، لەناو خاکی ئەو وڵاتەدا کار بکەن. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێکی دیکەی ترەمپ دەبینرێت بۆ سنووردارکردنی هەموو جۆرەکانی کۆچی یاسایی.
ئەم باجە نوێیە راستەوخۆ کار دەکاتە سەر بەرنامەی "راهێنانی پراکتیکیی ئارەزوومەندانە" ، کە رێگە بە خوێندکارە بیانییەکان دەدات دوای تەواوکردنی خوێندنیان بۆ ماوەی یەک تاوەکو سێ ساڵ بە ڤیزای خوێندن لە ئەمریکا کار بکەن. بەگوێرەی ئامارەکان، لە ساڵی 2024دا نزیکەی 419 هەزار خوێندکاری بیانی لە رێگەی ئەم بەرنامەیەوە لە ئەمریکا ماونەتەوە.
ئەم بڕیارە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، ئەمریکا وەک شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ خوێندن لەلای خوێندکارە بیانییەکان بێبایەخ دەکات. پسپۆڕان دەڵێن، ئەمە زیانی گەورە بە زانکۆکان دەگەیەنێت کە وەک سەرچاوەیەکی گرنگی داهات پشت بە خوێندکارانی بیانی دەبەستن. هاوکات، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی سیلیکۆن ڤالی و وۆڵ ستریت تووشی کێشە دەکات، چونکە ئەو کۆمپانیایانە بۆ پۆستە تەکنیکییەکان هەمیشە سوود لەو خوێندکارە بیانییانە وەردەگرن، کە لە باشترین زانکۆکانی ئەمریکا دەردەچن.
وا دەردەکەوێت بڕی 100 هەزار دۆلار بووەتە ئامرازێکی سەرەکی لای بەرپرسانی کۆچی ترەمپ بۆ رێگری لەو کەسانەی توانای داراییان سنووردارە. پێشتر ئیدارەی ترەمپ هەوڵی سەپاندنی هەمان بڕی پارەی دا بۆ ڤیزای بی1 ئێچی کارمەندانی پسپۆڕ، بەڵام هەفتەی رابردوو دادگایەکی فیدراڵی رێگری لە جێبەجێکردنی کرد.
جگە لە خوێندکاران و ڤیزای کار، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تاوتوێی ئەوەش دەکات 100 هەزار دۆلار وەک "بارمتە" بخاتە سەر ئەو کەسانەی لە دەرەوەی ئەمریکا داوای "گرین کارد" دەکەن، کە تەنیا کاتێک بۆیان دەگەڕێتەوە ببنە هاووڵاتی ئەمریکی.
گوتەبێژێکی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "هیچ سیاسەتێک بە کۆتایی دانانرێت تاوەکو بە فەرمی رانەگەیێنرێت"؛ بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای هەموو ئەو ئامرازانەی لەبەردەستیاندایە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی سیستمی کۆچی یاسایی وڵاتەکە.
هێشتا روون نییە کە ئایا کۆشکی سپی بە تەواوی رەزامەندی لەسەر ئەم پلانە دەدات یان نا، هەروەها دیار نییە کە کێ دەبێت ئەم پارەیە بدات؛ ئایا خوێندکارەکە خۆی یان ئەو کۆمپانیایەی دەیەوێت دایبمەزرێنێت.
نەیارانی ئەم بڕیارە دەڵێن بەبێ بەرنامەی ئۆ پی تی، باشترین خوێندکارە لێهاتووەکان ناچار دەبن دوای دەرچوونیان یەکسەر ئەمریکا جێبهێڵن و ئەزموونەکانیان بۆ وڵاتانی دیکە ببەن، ئەمەش زیانێکی گەورە بە ئابووری و داهێنانی ئەمریکی دەگەیەنێت.
.jpg&w=3840&q=75)


.webp&w=3840&q=75)