رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیاریدا سزا بخاتە سەر 6 کۆمپانیا و کەسایەتی لە چین، هیندستان، رووسیا و ئێران، بە تۆمەتی ئەوەی بەنهێنی یارمەتیی سوپای پاسدارانی ئێرانیان داوە بۆ گواستنەوەی چەک و هێرشکردنە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل. سزاکان کێ دەگرنەوە و بۆچی؟ یەکەم: کۆمپانیاکانی سەر بە هێڵی ئاسمانیی ماهان سەرەڕای ئەوەی ماهان ئێیەر دەڵێت، هێڵێکی فڕۆکەوانیی سڤیلە، بەڵام ئەمریکا دەڵێت، ئەم هێڵە رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە گواستنەوەی چەک، درۆن و سەربازانی سوپای پاسداران. بۆیە ئەمریکا سزای خستەسەر ئەم کۆمپانیایانەی خوارەوە کە وەک بریکار بلیت و باریان بۆ ماهان ئێیەر رێکخستووە: کۆمپانیای (شانگەهای وینگز) و خاوەنەکەی لە چین. کۆمپانیای (شانگەهای ئیلیت ئینتەرناشناڵ) لە چین. کۆمپانیای سکایز تراڤڵس لە هیندستان. کۆمپانیای ئێیەر کارگۆ پرۆ لە رووسیا. سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گوتی، "ئەو کۆمپانیایانە یارمەتیدەرن لە هێشتنەوەی پرۆژەیەکی تیرۆریستی؛ ئێمە ئاشکرایان دەکەین و لە سیستمی دارایی ئەمریکا دەریاندەکەین. ئەم کارەشمان وەڵامێکە بۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز." دووەم: کۆمپانیایەکی ئێرانی کە پێگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی ئاشکرا کردووە: ئەمریکا سزای خستە سەر کۆمپانیایەکی ئێرانی بەناوی داد نیگار. وەزارەتی گەنجینە دەڵێت، ئەم کۆمپانیایە لە رووکاردا وەک کۆمپانیایەکی تەکنەلۆجیا خۆی نیشانداوە، بەڵام لەراستیدا سەر بە سوپای پاسدارانە. وەک لە راگەیێندراوی وەزارەتەکەدا هاتووە، ئەم کۆمپانیایە لە رێگەی ماڵپەڕەکەیەوە داوای لە خەڵک کردووە زانیارییان پێبدەن لەسەر شوێنی مانەوە و ئامێرەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆ ئەوەی دواتر ئێران هێرشیان بکاتە سەر. بەهۆی ئەم سزایانەوە، هەر سەروەت و سامانێک کە ئەو کۆمپانیایانە لەنێو ئەمریکادا هەیانبێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت؛ هەروەها هیچ کۆمپانیا و کەسێکی ئەمریکی مافی نییە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان لەگەڵ بکات. ئەمریکا هۆشداریش دەداتە بانکە بیانییەکان لە سەرانسەری جیهان؛ هەر بانکێک مامەڵەی گەورە لەگەڵ ئەم کۆمپانیا سزادراوانەدا بکات، ئەوا ئەمریکا سزای ئەو بانکەش دەدات و رێگە نادات مامەڵە بە دۆلار بکات.
جیهان30-07-2026ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ترەمپی لە شەڕی دژی ئێراندا رەتکردەوە
جیهان30-07-2026هەڕەشەکانی ترەمپ و پەیامی سعودیە بۆ ئێران؛ دانوستاندن دوورکەوتووەتەوە و بژاردەی سەربازی لەسەر مێزە