رووداو دیجیتاڵ
لە هەنگاوێکدا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مەترسییانەی کە رووبەڕووی هاتووچۆی کەشتییەکان
و زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی بوونەتەوە، سعودیە بەفەرمی دەستپێشخەریی پێکهێنانی
"هاوپەیمانییەکی بەرگریی دەریایی" راگەیاند کە چەندین وڵاتی ناوچەکە
تێیدا بەشدارن و ئامانج لێی پاراستنی رێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان و بەرپەرچدانەوەی
هێرشەکانە بۆسەر کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سعودیە (واس)، ئەم هەنگاوە رۆژی پێنجشەممە لە
کۆبوونەوەیەکدا راگەیێندرا کە وەزارەتی بەرگریی سعودیە میوانداری کرد. لە کۆبوونەوەکەدا
سوپاسالار و نوێنەرانی 43 وڵات و شاندی یەکێتیی ئەورووپا ئامادە بوون لە کۆی 51 وڵات
و رێکخراو کە بانگهێشت کرابوون. ئامادەبوونی ئەم ژمارە زۆرەش، نیشانەی گرنگیدانی کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتییە بە ئاسایشی دەریایی.
تەنگەی بابولمەندەب، دەریای سوور و کەنداوی
عەدەن
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر رەشنووسی پەیماننامەی هاوپەیمانییەکە، پێکهاتە
و شێوازی فەرماندەیی کرا. بڕیارە کاری ئەم هاوپەیمانییە نوێیە بریتی بێت لە
پاراستنی کەشتییەکان لە تەنگەی بابولمەندەب، دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، کە رێڕەوی
زۆر هەستیار و گرنگن بۆ بازرگانیی جیهانی.
بەشداربووان رێککەوتن کە سعودیە ببێتە وڵاتی دامەزرێنەر و سەرکردەی هاوپەیمانییەکە
و بارەگای سەرەکییش هەر لە سعودیە بێت. ئێستا پلانداڕێژەرانی سەربازیی وڵاتە خوازیارەکان
کار دەکەن بۆ تەواوکردنی رەشنووسی کۆتایی پەیماننامەکە، تاوەکو بەفەرمی واژۆ بکرێ
و هاوپەیمانییەکە دەستبەکار بێت.
پاراستنی ئازادیی بازرگانیی جیهانی
بەپێی دەستپێشخەرییەکەی سعودیە، ئامانجی هاوپەیمانییەکە بەرپەرچدانەوەی ئەو
هەڕەشانەیە کە دەکرێنە سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، لەگەڵ پاراستنی ئازادیی بازرگانیی
جیهانی؛ هەروەها دەیەوێ ببێتە ناوەندێک بۆ هاوئاهەنگیکردنی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکان
و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و ئەزموون لەنێوان وڵاتانی بەشداربوو.
سعودیە جەختی لەوە کردەوە کە "ئەم هاوپەیمانییە دەستپێشخەرییەکی بەرگریی
نێودەوڵەتییە و دەرگای کراوەیە بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی لەگەڵ ئامانج و پرەنسیپەکانی
دەگونجێن، ئەمەش پرەنسیپی هاوبەشیپێکردنی بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی رێڕەوە
دەریاییەکان بەهێزتر دەکات."
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا 14 وڵات راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بۆ پاڵپشتیکردنی
دەستپێشخەرییەکە بڵاوکردەوە، کە بریتین لە سعودیە، کوێت، بەحرێن، قەتەر، میسر، ئوردن،
یەمەن، تورکیا، پاکستان، بەنگلادیش، نایجیریا، سوودان، جیبۆتی و سۆماڵ.
چەند وڵاتێکی دیکەی بەشداربووش پاڵپشتیی خۆیان راگەیاند، بەڵام چاوەڕێی تەواوکردنی
رێکارە ناوخۆییەکانی وڵاتەکانیان دەکەن پێش ئەوەی بەفەرمی ببنە ئەندام.


