رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، 30ی تەممووزی 2026، حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، رۆژی پێشتر 752 کۆچبەر لەرێگەی بەلەمی بچووکەوە بە نۆکەندی ئینگلیزدا گەیشتوونەتە وڵاتەکەی، کە ئەمەش بەرزترین ژمارەی رۆژانەیە ئەم ساڵ تۆمار کرابێت.
ئەو ئامارە کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاوە بڵاوکراوەتەوە، ژمارە پێوانەییەکەی ساڵی 2026ـی شکاند، کە لە مانگی حوزەیراندا بە گەیشتنی 710 کۆچبەر لە یەک رۆژدا تۆمارکرابوو.
پرسی گەیشتنی کۆچبەری نایاسایی بە بەلەمی بچووک بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەریتانیا و هۆکارێکیش بووە بۆ زیادبوونی پاڵپشتییەکان بۆ پارتی چاکسازیی راستڕۆی تووندڕۆ بە سەرۆکایەتیی نایجڵ فەراج.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026ـدا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی نۆکەندی ئینگلیزیان بڕیوە، بە رێژەی 41٪ کەمیکردووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.
ململانێی سیاسی و کەمبوونەوەی رێژەیی
پارتی کرێکارانی فەرمانڕەوا لە بەریتانیا کە پارتێکی چەپی میانڕۆیە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە سیاسەتەکەی بۆ کەمکردنەوەی لێشاوی کۆچبەران لەرێگەی هاوئاهەنگیی باشتر لە جێبەجێکردنی یاسا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیان لە ئەورووپا سەرکەوتوو بووە. بەڵام پارتی چاکسازی دەڵێ، کەمبوونەوەی پەڕینەوەی کۆچبەران زیاتر بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە بووە لە سەرەتای ئەم ساڵدا.
رێکارە یاساییەکان و قوربانیانی رێگەکە
بۆ رێگریکردن لە چوونی زیاتری کۆچبەران، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا دەستیان کردووە بە دادگاییکردن و سزادانی ئەو قاچاخچییانەی یارمەتیی لێخوڕینی بەلەمە بچووکەکان دەدەن لەو گەشتە مەترسیدارەدا.
سەرەتای ئەم ساڵ، مێرمنداڵێکی خەڵکی سوودانی باشوور لە باشووری رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا بردرایە دادگە، بە تۆمەتی ئەوەی ژیانی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە بەهۆی لێخوڕینی بەلەمێک کە 167 کەسی هەڵگرتبوو. بەڵام ئەو مێرمنداڵە رەتیکردەوە کە سەرپەرشتیاری بەلەمەکە بووبێت و شۆفێریی کردبێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا رایانگەیاند، لە دوو هەوڵی جیادا بۆ پەڕینەوە بەنێو نۆکەندی ئینگلیز لە درەنگانی رۆژی چوارشەممە و بەرەبەیانی پێنجشەممەدا، 4 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە.



