رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماسیی ئیسرائیل وردەکاریی لەبارەی کۆبوونەوەی بنیامین نەتەنیاهوو و دۆناڵد ترەمپ لە واشنتن ئاشکرا کرد و رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی سێ بژارە دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران، ئەوانیش بریتین لە رێککەوتنێکى ئەتۆمی، تووندکردنی گەمارۆی ئابووری، یان دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازی.
میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویانکردەوە، پرسی ئێران تەوەرى سەرەکیی گفتوگۆکانی نێوان نەتەنیاهوو و ترەمپ بووە. سەرچاوەکە گوتی: "ئێمە بە ترەمپمان نەگوتووە ئیسرائیل هێرشی سەربازیی پێ باشترە، بەڵکو گوتمان ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە دەرەنجامەکەیە و بڕیاری کۆتاییش لای ترەمپە."
بەپێی گێڕانەوەی سەرچاوە ئیسرائیلییەکە، ئێستا ئێران لەژێر گوشارێکی ئابووریی یەکجار قورسدایە؛ هەڵاوسان گەیشتووەتە 90٪ و وڵاتەکە بەدەست کەمیی سووتەمەنییەوە دەناڵێنێت، ئەمەش لە ماوەیەکى کورتدا دەبێتە هۆی دەستپێکردنی خۆپێشاندانی جەماوەری.
لە رووی سەربازییەوە، ئیسرائیل مەزەندە دەکات، دوای تێکشکاندنی زۆربەی کارگەکانی بەرهەمهێنان، ئێستا تاران تەنیا 1,500 بۆ 1,600 مووشەکی لە کۆگاکانیدا مابێتەوە. سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەش، سەرچاوەکە جەختی کردەوە لەوەى ئێستا ئێران لە (چیای قوڵنگ) یۆرانیۆم ناپیتێنێت و گوتی: "کوشتنی 29 زانای ئەتۆمی بە پێداگریی ئێمە بوو، ئەوەش بڕێکی زۆر لە زانیاری و توانای بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی سڕییەوە."
دۆخی سووریا، لوبنان و "موجتەبا خامنەیی"
سەرچاوە دیپلۆماسییەکە گوتیشی، دۆناڵد ترەمپ هیچ داواکارییەکی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە سووریا و لوبنان پێشکەش نەکردووە. ئیسرائیل بە ترەمپی راگەیاندووە، تەنیا 0.01٪ـی خاکی سووریای لەدەستدایە لە کاتێکدا تورکیا 5٪ـی لەدەستە، هەروەها راشیگەیاندووە کە ئیسرائیل لە لوبنانیش دەمێنێتەوە تاوەکو مەترسییەکانی حیزبوڵڵا بە تەواوی رادەماڵرێن.
سەبارەت بە چارەنووسی موجتەبا خامنەیی، رێبەرى نوێی کۆمارى ئیسلامى ئێران، سەرچاوەکە گوتی: "دڵنیایین کە ئەو زیندووە، بەڵام لەوەتەی ئۆپەراسیۆنی (نەڕەی شێر)ـەوە کەس نەیبینیوە."
لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، نەتەنیاهوو بە ترەمپ و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی راگەیاندووە کە دەیەوێت لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا هەموو هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بگەیێنێتە "سفر". نەتەنیاهوو باسی لەوە کردووە، ئیسرائیل دەیەوێت لە "هاوکارییەوە بەرەو هاوبەشی" هەنگاو بنێت و ئابوورییەکەیان دەتوانێت پشتگیریی سوپایەکی سەربەخۆ بکات. ئامانجی ئەم پلانە ئەوەیە، ساڵانە ئەو 3.6 ملیار دۆلارەی واشنتن دەیداتە تەل ئەڤیڤ بوەستێنرێت و ئیسرائیل لە رووی بەرهەمهێنانی فڕۆکە و چەکیشەوە پشت بەخۆى ببەستێت.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دوای جەنگی پێنج مانگەی ئێران لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە. ئیسرائیل گومانی زۆری لە سەرکەوتنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئاشتی لەگەڵ تاران هەیە و جەخت دەکاتەوە لەوەى ئەگەر ئێران هەوڵی دووبارە بونیادنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات، ئەوا بۆردوومانەکانیان دەستپێدەکەنەوە.

