دیکۆمێنتاریی "داعش تەنیای کردم" کە لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداوەوە بەرهەم هێنراوە، لە 3 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمدا ناساندنی فەرمی بەدەستهێناوە. فێستیڤاڵەکان بریتین لە بردنەوەی دوو خەڵات لە فێستیڤاڵی فیلمی جیهانی (Global Film Festival Awards)، پاڵاوتن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی فالکۆن (Falcon International Film Festival) و هەڵبژاردنی فەرمی لە فێستیڤاڵی فیلمی مافی مرۆڤی نیویۆرک (New York Human Rights Film Festival).
دیکۆمێنتاریی "داعش تەنیای کردم"، دوو خەڵاتی لە فێستیڤاڵی فیلمی جیهانی (GFFA) بەدەستهێنا و لەلایەن فێستڤاڵاکە باشترین فیلمی درێژی بەخشرایە سالار رەزا، دەرهێنەری دیکۆمێنتارییەکە و هەروەها خەڵاتی باشترین سینەماتۆگرافی بەخشرایە هەرێم بورهان و ئالان محەممەد کە وێنەگری دیکۆمێنتارییەکەن.
فێستیڤاڵی فیلمی جیهانی، کە بنکەکەی لە لۆس ئەنجلۆسە، پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتییە لە ساڵی 2017وە رێز لە سینەماکارانی سەربەخۆ و بەرهەمهێنەرانی بواری بینراو و بیستراو لە سەرانسەری جیهان دەگرێت.
فیلمەکە چیرۆکی کچێکی کوردی تەمەن 14 ساڵان دەگێڕێتەوە کە خەڵکی سلێمانییە و خەونی ئەوەیە ببێتە پزیشک. کاتێک خێزانەکەی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ دایکی گەشت بۆ تورکیا دەکەن، گەشتەکەیان کە بە پڕ لە هیوا دەستی پێ کردبوو، رووبەڕووی وەرچەرخانێکی کارەساتبار دەبێتەوە.
"داعش تەنیای کردم"، لە روانگەی منداڵێکەوە، چیرۆکی بێتاوانی، لەدەستدان و ئەو ئاسەوارە قووڵانە دەخاتەڕوو کە توندوتیژی لە دوای خۆی بەجێی دەهێڵێت؛ گێڕانەوەیەکی کەسیی کاریگەرە لەبارەی ئەوەی کە چۆن ململانێ دەتوانێت ژیانی مرۆڤەکان بۆ هەتاهەتایە بگۆڕێت.
دیکۆمێنتارییەکە لە دەرهێنانی سالار رەزا سەعیدە، کە رۆژنامەڤانێکی کوردە و خاوەنی زیاتر لە 20 ساڵ ئەزموونە لەو بوارەدا. سالار لە ساڵی 2012ـەوە لە تۆڕی میدیایی رووداو دەستبەکار بووە و لە ئێستادا بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانیی تۆڕی میدیایی رووداوە.
سالار رەزا لەبارەی دیکۆمێنتارییەکە دەڵێت: "بەدەستهێنانی دووخەڵاتی نێودەوڵەتی، دەستنیشانکردنی بەرهەمەکەی رووداو وەک باشترین دیکۆمێنتاری وباشترین سینەماتۆگرافی شانازییەکی گەورەیە بۆ تیمەکەمان. زیاتر هانمان دەدات لە تۆڕی میدیایی رووداو وەک هەمیشە پرسە نەتەوەییەکانمان و قوربانییەکان بە جیهان پێشان بدەین و بەجیهانییان بکەین و لە هزری هاونیشتمانیاندا بمێنێتەوە کە بیری تووندئاژۆیی چی کارەساتێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت. خۆشحاڵین کە ئەم چیرۆکە سنوورە جوگرافییەکانی بڕیوە و بەردەوامە لە بڵاو بوونەوە و لە وڵاتان نمایش دەکرێت".
ئەم سەرکەوتنە ئامادەیی تۆڕی میدیایی رووداو لەسەر شانۆی نێودەوڵەتیی فیلم و پابەندبوونی بە گێڕانەوەی چیرۆکە کاریگەرەکانی کوردستان و ناوچەکە، زیاتر دەسەلمێنێت.
تۆڕی میدیایی رووداو
29ی تەممووزی 2026


