رووداو - دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە ماوەی 17 ساڵدا، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی سووریای کرد، بەڵام ئەم سەردانە "مێژووییە" مشتومڕێکی زۆری لای کورد دروستکردووە؛ چونکە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز نە چاوی بە مەزڵووم عەبدی کەوت و نە رێگەش بە میدیا کوردییەکان درا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا ئامادە بن.
لە نیویۆرک، نامۆ عەبدوڵڵا پەیامنێری رووداو لەبارەی پشتگوێخستنی کورد، پرسیاری لە فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
فەرحان حەق لە وەڵامدا هۆکارەکەی بۆ "کەمیی کات" گەڕاندەوە و گوتی: "گۆتێرێز نەیتوانی بە فراوانی بە وڵاتدا بگەڕێت، تەنیا چوو بۆ دیمەشق و پاشان گەڕایەوە بۆ ئوردن. لەوێ هەوڵیدا بە باشترین شێوە لەگەڵ نوێنەرە جیاوازەکان کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی کورتیی کاتی مانەوەی، نەیتوانی هەموو ئەو کۆبوونەوانە ئەنجام بدات کە پلانی بۆ دانرابوو."
بەرپرسێکی باڵای رۆژئاوای کوردستان، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی راگەیاند کە ئەوان "نائومێدن" لەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدییان بۆ دیمەشق بانگهێشت نەکردووە. ئەو بەرپرسە دەڵێت: "گرنگ بوو سکرتێری گشتی ژەنەراڵ مەزڵووم ببینێت بۆ ئەوەی راوێژی پێبکات و رای ئەویش لەسەر پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکان بزانێت."
میدیای کوردی و وشەی 'کورد' بێبەش کران دیمەنی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی گۆتێرێز لە دیمەشق، کە دەیان کامێرا و رۆژنامەنووسی جیهانیی تێدا بوو، لایەنێکی شاراوەی هەبوو؛ هیچ مایکێکی میدیا کوردییەکانی لێ نەبوو. دەسەڵاتدارانی دیمەشق رێگەیان نەدا میدیا کوردییەکان، لەنێویاندا تیمی رووداو، ئامادەی کۆنگرەکە بن.
ئەنجامەکەش ئەوە بوو کە لە تەواوی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، وشەی "کورد" تەنانەت بۆ یەک جاریش نەهاتە سەر زمانی سکرتێری گشتی و رۆژنامەڤانانیش. تەنیا رۆژنامەنووسێکی میسری پرسیاری لەبارەی هەسەدە کرد، کە گۆتێرێز لە وەڵامدا رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشقی بە "سەرکەوتنێکی بەرچاو" ناوبرد.
هێرش بۆ سەر زمان و ناسنامەی کوردی ئەم سەردانەی گۆتێرێز هاوکاتە لەگەڵ هەوڵێکی نوێی حکومەتی سووریا بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردی. بەرپرسێکی باڵای حکومەتی سووریا بە رووداوی راگەیاند کە دیمەشق بەنیازە ناوی "زانکۆی رۆژئاوا" بگۆڕێت و زمانی کوردیش وەک زمانێکی سەرەکیی خوێندن لەو زانکۆیە نەهێڵێت. ئەم بڕیارە نیگەرانی و تووڕەییەکی زۆری لە رۆژئاوای کوردستان دروستکردووە و وەک پاشەکشە لە مافە کولتوورییەکانی کورد دەبینرێت.
پوختەی مشتومڕەکان:
- کۆنەبوونەوە: گۆتێرێز مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەی نەبینی.
- دوورخستنەوە: رێگری لە میدیای کوردی کرا ئامادەی کۆنگرەی گۆتێرێز بن.
- بێدەنگی: لە دەقی فەرمیی کۆنگرەکەدا ناوی کورد نەهێنراوە.
- هەڕەشە: دیمەشق دەیەوێت ناوی زانکۆی رۆژئاوا و خوێندن بە زمانی کوردی هەڵبوەشێنێتەوە.
لە کاتێکدا گوتێرێش لە دیمەشق گوتی "نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ گەلی سووریادایە"، بەڵام فەرامۆشکردنی کورد وەک نەتەوەی دووەمی وڵاتەکە، پرسیارێکی زۆری لەسەر بێلایەنیی ئەم سەردانە مێژووییە دروست کردووە.

