رووداو دیجیتاڵ پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی شەممە 25-07-2026 بەهۆی خۆکێشانی ئۆتۆمبێلێک بە ناو جەماوەرێکی زۆردا لە نزیک ئاهەنگی رێپێوانی هاوڕەگەزخوازان لە شاری بەرلین، لانیکەم کەسێک مردووە و نزیکەی 15 کەسی دیکەش بریندار بوون. بەگوێرەی راگەیێندراوی پۆلیس لە ئێکس، رووداوەکە لە ناوچەی تیرگارتن (Tiergarten) لە نێوەڕاستی بەرلین و لە نزیک دەروازەی مێژوویی براندنبۆرگ (Brandenburg Gate) روویداوە، کاتێک ئۆتۆمبێلێک بە خێرایی خۆی بەچەند کەسێکدا کێشاوە. پۆلیس ئۆتۆمبێلەکەی لە شوێنی رووداوەکەدا دۆزیوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان و چڕ کردووە بۆ گەڕان و دۆزینەوەی گومانلێکراو یان گومانلێکراوانی هێرشەکە. پێش رووداوەکە، سەدان هەزار کەس بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی ساڵانەی رۆژی شەقامی کریستۆفەر (Christopher Street Day) کۆببوونەوە، کە یەکێکە لە گەورەترین بۆنەکانی ئەورووپا. پۆلیسی بەرلین دەستبەجێ رێپێوانەکەی هەڵوەشاندەوە و داوای لە سەرجەم بەشداربووان کرد بە خێرایی شوێنەکە چۆڵ بکەن. تیمەکانی فریاگوزاری و پزیشکی بە خێرایی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان. رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی لە زاری شاهێدحاڵێکەوە بڵاویکردەوە، ڤانێکی سپی بە خێراییەکی زۆرەوە خۆی کێشاوە بە ناو جەماوەرەکەدا و دواتر پیاوێک لە ئۆتۆمبێلەکە هاتووەتە خوارەوە و بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتووە. فلۆریان نات، گوتەبێژی پۆلیسی بەرلین، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لە ئێکس پشتڕاستی کردەوە، هێزەکانی پۆلیس و کارمەندانی فریاگوزاریی ئاگرکوژێنەوەی بەرلین بە شێوەیەکی چڕ لە شوێنی رووداوەکە جێگیرکراون و لە هەوڵدانی بەردەوامدان بۆ پشتڕاستکردنەوەی هۆکاری رووداوەکە و رەوشی تەندروستیی بریندارەکان.
جیهان25-07-2026ئەورووپا دەسووتێت؛ لە ئیسپانیا 14 هێندە و لە فەرەنسا 8 هێندەی رووبەری شاری هەولێر سووتاوە