رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرکۆنەی هێرشێکی ئۆکراینای بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێرانی لە دەریای قەزویندا پشتڕاست کردەوە و دەڵێت، ئۆکراینا هەوڵی فراوانکردنی جەنگی وڵاتەکەی دەدات.
رۆژی شەممە، 25ـی تەممووزی 2026، وەزارەتەکە رایگەیاند، هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی دەریاوانێک و برینداربوونی کەسێکی دیکەش.
تاران رووداوەکەی بە کردەوەیەکی دوژمنکارانە ناوبردووە و دەڵێت، بەرگری لە ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی دەکات، هاوکات ئۆکراینای بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵی فراوانکردنی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا دەدات.
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، هێزەکانی ئۆکراینا هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی جەنگیی رووسیا و چەند کەشتییەکی دیکەش کە بۆ گواستنەوەی باری سەربازیی پەیوەست بە ئێرانەوە لە دەریای قەزویندا بەکارهێندراون.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا-ئۆکراینا، حکومەتی کیێڤ، حکومەتی تاران بەوە تۆمەتبار دەکات کە هاوکاری سەربازی پێشکێش بە مۆسکۆ دەکات، ئەوەش گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات درووستکردووە.



