درووداو دیجیتاڵ
میدیای ئەمریکی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە هێرشە سەربازییەکانی رۆژی هەینی بۆ سەر ئێران رابگرن، بەمەش زنجیرەی هێرشە رۆژانە بەردەوامەکانی دەپچڕێنێت کە ماوەی 13 رۆژ بوو بە بەردەوامی بەڕێوەدەچوون.
رۆژی هەینی، 24-07-2026، دوو سەرچاوەی ئاگادار بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکییان راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بۆ یەکەمجار لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەی رابردوودا پلانی هێرشی پێشنیازکراوی لەلەلایەن سوپای ئەمریکاوە پەسند نەکرد، لە کاتێکدا پێشتر لە ماوەی 13 رۆژی رابردوودا رۆژانە فەرمانی بۆردوومانکردنی ئامانجەکانی ئێرانی دەردەکرد کە لە ماوەی چەند کاژێرێکی کەمدا جێبەجێ دەکران. هێشتا روون نییە ئایا ئەم بڕیارە کاتییە یان ئارامییەکە بەردەوام دەبێت.
شڕۆڤەکاران دەڵێن، ئەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا رەنگدانەوەی خواستەکەیەتی بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ دیپلۆماسی.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، سوپای ئەمریکا پلانەکانی بۆ ئەگەری گەڕانەوەی هێرشە سەربازییە گەورەکان ئامادە کردووە، بەڵام ترەمپ هێشتا هیچ فەرمانێکی لەو شێوەیە دەرنەکردووە، هەرچەندە هێزە ئەمنییەکان دەتوانن لە کاتێکی کورتدا کاروانەکانیان چالاک بکەنەوە ئەگەر فەرمانیان پێبکرێت.
ترەمپ کەمێک دوای دەرکردنی فەرمانەکە، لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، هێشتا بژاردەی بەردەوامبوون یان زیادکردنی هێرشەکانی لەبەردەستدایە، لەوانەشە "هەموو ئەو شتانەی هەیانە لەناوی ببەین." بەڵام رایگەیاند، ستراتیژیی زیرەکانەتر "رێککەوتنە" لەگەڵ ئێراندا.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "ئێمە لەم کاتەدا لەگەڵ ئێرانییەکان قسە دەکەین. پێم وایە رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر و زیاتر رژد دەبن. ئێمە ئامادە و پڕچەکین بۆ ئەوەی بجووڵێین، بەڵام قسەیان لەگەڵ دەکەین." ترەمپ دواتر لە خوانێکی فەرمیی کۆمەڵەی پەیامنێرانی کۆشکی سپیدا گوتی، "پێم وانییە ئێران لەم کاتەدا ئامادەی رێککەوتن بێت، بەڵام من ئامادەم گوێ بگرم."
ئەم بڕیارەی ترەمپ بۆ راگرتنی هێرش چەند کاژێرێک دوای گەیشتنی شاندێکی دیپلۆماسیی عومانی بۆ تاران لە رۆژی هەینیدا دێت، کە بە مەبەستی تاوتوێکردنی رێککەوتنێکی نوێ بۆ دووبارە کردنەوەی تەنگەی هورمز سەردانی ئێرانیان کردووە.
دوو سەرچاوەی ناوچەکە رایگەیاندووە، پێشکەوتنی بەرچاو لە دانوستاندنەکاندا بەدەستهاتووە و رەنگە لەم کۆتایی هەفتەیەدا رێککەوتن لە نێوان عومان و ئێراندا واژۆ بکرێت، کە دواتر دەبێت سەرۆک ترەمپ بڕیار بدات ئایا رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە قبووڵ دەکات یان نا.



