رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا زۆربەی خەڵک چاوەڕێی وەرزی هاوین دەکەن بۆ پشوو و گەشتکردن، بەڵام ئەم هاوینە بۆ خەڵکی ئەورووپا بووەتە مۆتەکە. گەرمایەکی بێپێشینە و ئاگری گەورەی دارستانەکان، بەشێکی زۆری کیشوەرەکەیان خستووەتە دۆخێکی مەترسیدارەوە.
بەپێی زانیارییەکانی سیستمی مانگە دەستکردەکانی ئەورووپا بۆ ئاگری دارستانەکان (EFFIS)، ساڵی 2026 لە مێژووی فەرەنسادا ریکۆردی شکاندووە!
تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەشت هێندەی رووبەری شاری هەولێر سووتاوە. بە پێی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 98 هەزار هێکتار زەوی و دارستان لە فەرەنسا سووتاون، واتە 392,000 هەزار دۆنم. ئەمە زۆر زیاترە لەو ئاگرە گەورەیەی کە لە ساڵی 2022دا روویدا.
لە دوو ناوچەی فەرەنسا بە ناوەکانی جیرۆند و لاند، ئاگرەکان هێندە گەورەن کە بەتەواوی لە کۆنترۆڵ دەرچوون.
ئەوەی زۆر مەترسیدارە ئەوەیە کە ئەمساڵ تەنانەت لە مانگی شوباتیشدا، کە دەبوو مانگێکی سارد بوایە، دارستانەکان گڕیان گرتووە! مانگی تەممووزیشی وەک خراپترین مانگ لە مێژووی تۆمارکراوی فەرەنسادا ناسێندراوە.
لە ئیسپانیا دۆخەکە هێشتا خراپترە. لە رۆژئاوای شاری مەدریدی پایتەخت، ئاگرێکی هێندە گەورە کەوتووەتەوە کە بەرپرسان دەڵێن لە مێژوودا وێنەی نەبووە.
بەهۆی ئەم ئاگرەوە، 45 هەزار کەس ناچاربوون بەپەلە ماڵەکانیان جێبهێڵن. تەنیا لە هەرێمی مەدرید 10 گوند بەتەواوی چۆڵکراون و زیاتر لە 2 هەزار کەس لە پەناگە کاتییەکاندا دەژین.
دووکەڵی ئاگرەکە گەیشتووەتە ناوەندی شاری مەدرید، بۆنی سووتاوی و دووکەڵ هێندە خەستە کە قورگی خەڵک دەسوتێنێت و ناچارن پەنجەرەکانیان دابخەن. تەنانەت کەنیسە مێژووییەکەی شاری ئێل ئیسکۆریال بەتەواوی بە دووکەڵ داپۆشراوە.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا خۆی چووەتە نێو ناوچەی ئاگرەکە و دەڵێت: "ئامانجی یەکەمی ئێمە رزگارکردنی گیانی ئێوەیە. چەند کاژێرێکی زۆر سەختمان لەپێشە، چونکە نازانین رەشەبا چی دەکات."
لە ئیسپانیا، دوو ئاگری جیاواز یەکیان گرت و بوون بە یەک ئاگری زەبەلاح و مەترسیی ئەوە هەبوو بگاتە ئاگری سێیەمیش لە هەرێمێکی دراوسێ. وەزیری ناوخۆش دەڵێت ئێستا 9 ئاگری دیکەش لە ناوچە جیاوازەکانی ئیسپانیادا هەن.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە 168 هەزار هێکتار زەوی لە ئیسپانیا سووتاون کە ئەوە دەکاتە 14 هێندەی رووبەری شاری هەولێر. ساڵی رابردوو کە خراپترین ساڵ بوو، نزیکەی 393 هەزار هێکتار سووتابوون.
هۆکاری سەرەکیی هەموو ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی. خاکی دارستانەکان هێندە وشک بوون، تەنیا بە پریشکێک یان رەشەبایەک، ئاگرێکی زەبەلاح دروست دەبێت کە بە هەزاران ئاگرکوژێنەوە و فڕۆکەش بەزەحمەت کۆنترۆڵ دەکرێت.



