رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئێوارەخوانی پەیامنێرانی کۆشکی سپیدا، بە گاڵتەوە باسی لەوە کرد کە رەنگە بۆ جاری سێیەم وەک سەرۆکی ئەمریکا خۆی بەربژێر بکاتەوە، هەرچەندە یاسا و دەستووری وڵاتەکە رێگە بەو کارە نادەن.
لە کاتی پێشکێشکردنی گوتارەکەیدا بۆ رۆژنامەڤانان، ترەمپ بەراوردی خولی یەکەم و دووەمی سەرۆکایەتییەکەی کرد و گوتی: "هەروەک چۆن لە سەرۆکایەتییەکەمدا خولی دووەم هەمیشە باشترە لە خولی یەکەم، بێگومان جاری سێیەمیش زۆر لەوە باشتر دەبێت." بەڵام دواتر یەکسەر روونیکردەوە کە بە راستی نییە و گوتی: "من تەنیا گاڵتە دەکەم."
ئایا ترەمپ دەتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتە سەرۆک؟
بەپێی هەمواری 22ـیەمی دەستووری ئەمریکا، کە لە ساڵی 1951 دەرچووە، هیچ کەسێک ناتوانێت زیاتر لە دوو خول ببێتە سەرۆکی ئەمریکا. ئەم یاسایە دوای ئەوە دەرچوو کە فرانکلین رۆزڤێڵت بۆ چوار خولی لەسەریەک بووە سەرۆک.
ترەمپ خۆیشی پێشتر دانی بەوەداناوە کە دەستوور رێگەی پێنادات بمێنێتەوە و رەتیشیکردەوە کە هەوڵبدات دوای تەواوبوونی ماوەکەی، وەک جێگری سەرۆک خۆی بەربژێر بکات بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە کۆشکی سپی.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ترەمپ بە گاڵتەوە باسی لەوە کرد کە ساڵی داهاتوو ناوی ئاهەنگی رۆژنامەڤانانی کۆشکی سپی دەگۆڕن بۆ "ئاهەنگی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژنامەڤانان" و گوتی کە ئەمە بیرۆکەی دەیڤد ئێلیسن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای پاراماونت بووە.
ئەم ئاهەنگە دووبارەکردنەوەی ئێوارەخوانەکەی مانگی نیسان بوو، کە بەهۆی رووداوێکی تەقەکردنەوە بۆنەکە راگیرا. لەو کاتەدا، پیاوێک بە ناوی کۆل ئالێن بە چەک و چەقۆوە هەوڵیدا بەربەستە ئەمنییەکان ببڕێت پێش ئەوەی لەلایەن دەزگای نهێنییەوە دەستگیر بکرێت. بەهۆی بیستنی دەنگی تەقەوە، ترەمپ و بەرپرسانی باڵا بەپەلە لە شوێنەکە دوورخرانەوە. دواتریش ئەو پیاوە بە چوار تۆمەتی فیدراڵی تاوانبار کرا، لەنێویاندا هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی ئەمریکا.



