رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند؛ توانای سەربازیی ئێران بە تەواوی تێکشکاوە و تاران ئێستا زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەنجامدانی رێککەوتن لەگەڵ واشنتن؛ هاوكات جەختی کردەوە هێڵی سووری ئەوان ئەوەیە ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
بەرەبەیانی ئەمرۆ شەممە، 25-07-2026، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی نوێدا سەبارەت بە دۆخی ئێران و جەنگی ناوچەکە گوتی: "هەموو شتێک سەبارەت بە ئێران زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، بۆیە باوەڕ بە میدیای ساختە مەکەن. ئێمە زۆر بە باشی و بە تووندی لە ئێرانمان دا؛ ئێستا چیدیکە هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانییان نەماوە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماری وردی لەبارەی ئەو زیانانە خستەڕوو کە سوپای ئەمریکا بە ئێرانی گەیاندووە و گوتی: "250 فڕۆکەی جەنگییان نەما، 150 بەلەمی میندانان کە بەلەمی زۆر پێشکەوتوو بوون ئێستا هەموویان لە قووڵایی دەریادان. هیچ رادارێکیان نەماوە و تەنیا چەند درۆنێکیان بۆ ماوەتەوە، ئەوەشە کە ئێستا دەیبینن."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسانی تاران لە ژێر پەردەوە دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن و گوتی: "بەو جۆرەی کە ئێستا قسەمان لەگەڵ دەکەن، زۆر حەز دەکەن رێککەوتنمان لەگەڵ بکەن. پێم وانییە هێشتا ئامادە بن، بەڵام من ئامادەم گوێیان لێ بگرم."
سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هەڕەشەی کرد و رایگەیاند، رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئەو گوتی: "نامانەوێت ببینین واشنتن، ئیسرائیل یان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە چەکی ئەتۆمی وێران بکرێن. من دەزانم هێزی چەکی ئەتۆمی چەندە، بۆیە هەرگیز رێگە نادەین ئەمە رووبدات."
ئەم لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە، ناوچەکە بۆ یەکەمجار، دوای 13 شەوی لەسەریەک لە پێکدادانی چڕ، دوێنێ شەو سوپای ئەمریکا هیچ هێرشێکی نەکردە سەر ئێران، لە بەرامبەریشدا ئێران هیچ هێرشێکی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو رانەگەیاندووە.
ئەوە لەکاتێکدایە سوپای بەحرێن لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە، چەند هێرشی درۆنیی ئێرانی تێکشکاندووە.



