رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ گەورە راوێژکارانی و ئەندامانی پەیوەندیدار بە جەنگی ئێران لە ئیدارەکەی بۆ بڕیاردان لەسەر بابەتەکە کۆدەبێتەوە و یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکانیش ئەوەیە کە هێرشەکان چڕبکرێنەوە.
رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) لە راپۆرتێکدا دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی کۆبوونەوەکە دەکات. ترەمپ پێشتر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) رایگەیاندبوو، "بیر لە هێرشێکی فراوان دەکەمەوە، گەورەتر لەوەی پێشتر هەبوو. لە بڕیاردان نزیکم و هەموو شتێک بۆ ئەو مەبەستە ئامادەیە."
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی ئەم پێشهاتە، کوژرانی چوار سەربازی ئەمریکییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران. هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سعودیە لە دەریای سوور و ئەگەری پەکخستنی تەنگەی بابولمەندەب یەکێکی دیکەیە لە پاڵنەرەکان.
ئەمریکا هێزێکی گەورەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆکردووەتەوە. گرووپی هێرشبەری فڕۆکەهەڵگری (ئەبراهام لینکن) و چەندین تێکشکێنەر لە ئامادەییدان. هەروەها فڕۆکە بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی جۆری (B-1) و فڕۆکە جەنگییەکانی (F-15E) لە بنکەکانی ئەورووپا و ناوچەکە جێگیرن. ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، بەرامبەر هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان، ئەمریکا وێستگەیەکی کارەبا یان پردێکی سەرەکی لە ئێران دەکاتە ئامانج.
بەپێی راپۆرتەکە، لیستی ئامانجە ئەگەرییەکانی ئەمریکا، بنکەکانی سوپای پاسداران، ناوەندە هەواڵگرییەکان و ژێرخانی بەرگریی ئێران دەبێت؛ هەروەها بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بەتایبەت بنکەی (نەتەنز)، وەک بژارەیەکی جیدی تاوتوێ دەکرێت تاوەکو بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بە تەواوی پەکبخرێت.
ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە لە کاتێکدایە، جەنگی ئێران پێی ناوەتە پێنجەم مانگییەوە. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیارە رۆژی دووشەممە بگاتە واشنتن تاوەکو لەگەڵ ترەمپ هاوئاهەنگی بۆ قۆناخی داهاتووی ئۆپەراسیۆنەکە بکەن، هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە رەنگە لەم قۆناخەدا ئیسرائیل راستەوخۆ بەشداریی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نەکات تاوەکو رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیری هەرێمی بگرن.



